وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بڵاویکردەوە کە ئۆکراینا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی مەدەنی لە کازانی پایتەختی کۆماری تاتارستانی سەربە فیدراسیۆنی ڕووسیا.
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە "كاتژمێر 7:40 خولهكی بهیانی ئهمڕۆ شهممه 21ی12ی2024، تا کاتژمێر 9:20 خولەک، کیێڤ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردووەتە سەر ژێرخانی مەدەنی لە کازان.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە ئاڕاستەی جیاوازەوە لەسەر سێ شەپۆل بەکارهێندراون، بەڵام هەرسێ فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کە سەربە سوپای ئۆکراینا بوون خراونەتە خوارەوە و هەرسێکیشیان بە سیستمی جەنگی ئەلکترۆنی تێکشکێندراون.
سەرۆکی شارەوانی کازان، ئیلسور مەتشین لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا ئاگر لە چەند ناوچەیەک کەوتووە و دەستبەجێ کۆنترۆڵکراون.
مەتشین ئەوەیشی خستەڕوو کە هێرشەکە کوژراو و یان برینداربوونی کەسی لێنەکەوتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.