گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، بەهۆى بەزاندنى سەروەریی ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە یاداشتى ناڕەزاییمان داوە بە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان، دهشڵێت: رێگه نادهین ئاسمانی وڵاتهكهمان بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانی دیکە بەکاربهێنرێت.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، عێراق بە فەرمی یاداشتنامەیەکی ناڕەزایی پێشکەش بە ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سهركۆنهی ئەو پێشێلکارییەی ئیسرائیلمان کردووە كه شهوی شهممهی رابردوو بیست و شهشی ئهم مانگه ئاسمان و سەروەریی عێراقی بەزاندووە و لەوێوە هێرشی کردوووەتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئاشكراشی كردووه، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنی ئەمهریکی لەبارەی ئەو پێشێلکارییەوە، بۆ ئەوەی ئەمهریکا پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە سەروەری و ئاسایشی عێراق لە بڕگەکانی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی جێبەجێبکات.
جهختی لهوهشكردووهتهوه، حکومەتی عێراقی پابەندیی خۆی لەبارەی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق دووپاتدەکاتەوە و کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکان دەکات، هەروەها ڕێگە نادات بە بەکارهێنانی ئاسمان و زەویی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ.
بەکارهێنانى ئاسمانى عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، کاردانەوەى هێز و لایەنە سیاسییەکانى عێراقى لێکەوتەوە و کار بۆ ئەوە دەکرێت وەزیرى بەرگرى و فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بانگهێشتى ئەنجوومەنى نوێنەران بکرێن بۆ گفتوگۆکردن لەوبارەیەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.