Erbil 24°C دووشەممە 07 تشرینی یەکەم 05:18

مه‌سرور بارزانی: وه‌ڵامی نه‌زان ناده‌ینه‌وه‌ و 20ی مانگ داستانێكی دیكه‌ تۆمارده‌كه‌ین

کوردستان TV
100%

مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ ، 6ی تشرینی یەکەمی 2024، لە شاری دهۆک لەگەڵ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک کۆبووەوە و لە گوتارێکدا ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە ڕووداوێکی هەستیار و مێژوویی دەبێت بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان.

گوتیشی: هەر بڕیارێک لەم هەڵبژاردنە بدەین چارەنووسی وڵاتی خۆمان دیاری دەکەین، داهاتووی منداڵەکانی خۆمان دیاری دەکەین، بڕیاردانی ئێمە دیاریی دەکات دوای ئەم هەڵبژاردنە لە چوار ساڵی داهاتوودا شێوازی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، بە چ شێوەیەک دەبێت.

مەسرور بارزانی گوتیشی: بڕیار لە ڕۆژێکدا بۆ هەڵبژاردن دەدرێت، بەڵام بڕیاری ئەم هەڵبژاردنە چوار ساڵ بەردەوام دەبێت، هەروا ئەنجامی بڕیاری ئێوە هەرچییەک بێت، ئەم چوار ساڵەی حوکمڕانی دیسان دەبێتە بەرهەمی بڕیاری ئێوە، هەربۆیە داوا لە هەموو خوشک و برایانی هێژا دەکەم، چ ئەوانەی ئەمڕۆ لێرە دانیشتوون یان هەموو ئەو هاووڵاتییانەی لە هەر شوێنێکن و گوێ بیستی ئێمە دەبن، داواتان لێ دەکەم لەم هەڵبژاردنە بڕیارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بدەن، بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی ئەم وڵاتە و ئەم دەستکەوت و ئەزموونەی کە بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و خەباتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکێکی قارەمانە، بە هەدەر ناڕوات.

ڕاشیگەیاند "ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین و هەر یەکێک لە ئێمە وا پێشبینی بکات کە ئەم دۆخە هەروا بەردەوام دەبێت، یان دەنگ بدەم یان دەنگ نەدەم هیچ جیاوازییەکی نییە، هەڵەیە، چونکە ئەگەر هەر یەکێک لە ئێمە دەنگ نەدات، ئەوە کەسێکی دیکە لە جێگەی دەنگ دەدات، ئەگەر ئێوە بڕیار نەدەن، کەسی دیکە لە جێگەی ئێوە بڕیار دەدات، بە تایبەت ئێوەی مامۆستایانی هێژا، ئەرکێکی زۆر پیرۆز لەسەر شانی ئێوەیە، بۆیە دەبێت ئێوە ڕێنمایی بدەنە هاووڵاتییانی دیکە لە خوێندکاران و قوتابیان و هەر کەسێک کە ئێوە کاریگەریتان لەسەر دەنگدانەکەی هەیە، بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان تاوەکوو داهاتووی خۆیان مسۆگەر بکەن، منیش لەو بڕوایەدام بڕیاری ئێوە بڕیارێكی ڕاست و دروست دەبێت.

گوتیشی: چاوەڕوانین نەک هەر ئێوە بە تەنیا، بەڵکو کەسوکاری ئێوە و خزم و دراوسێکانی ئێوە، لەگەڵ قوتابیانی ئێوە هان بدرێن ڕۆژی 20ی 10 بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە لیستی 190ی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن. گرنگیی ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئێمە لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاریی خێرا لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن و دیار نییە چارەنووسی ناوچەکەش بەرەو کوێ دەچێت؛ هەر بۆیە وڵاتەکەی ئێمە پێویستی بە بڕیاری حەکیمانە هەیە و سەرکردایەتییەکی حەکیمانەی دەوێت، تەنیا بە گوتار و قسەکردن و بەڵێن دان، وڵات بەڕێوە ناچێت، هەربۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی دروستمان لەسەر ڕابردووی هەر لایەنێکی سیاسی هەبێت، بۆ ئەوەی بزانین لە ئاستی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتەن یان نە.

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە گوتارەکەیدا بۆ مامۆستایانی زانکۆی دهۆک گوتیشی: ئەگەر وڵاتەکەی ئێمە ناچاری قوربانیدان بێت، ئەو سەرکردایەتییەی هەڵدەبژێردرێت کە لەو ئاستەدان خۆیان بکەنە قوربانی بۆ خەڵکی خۆیان یان وەک زۆر لایەنان، وەک هەموو جاران گەل دەکەنە قوربانی خۆیان؛ بەڵام من بەبێ گومان بە ئێوەی دەڵیم پارتی ئەو پارتەیە کە لەسەر دەستی بارزانی نەمر دروست بووە و ئێستاش کە جەنابی سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتیی دەکات و ئەو حزبەیە کە هەمیشە خۆی کردووەتە قوربانی میللەتی خۆی.

گوتیشی: هەر لە دەستپێکی دامەزراندنییەوە، پارتی بۆ ئەوە دامەزرا کە پێویستییەکی نیشتمانی بوو، گەلی ئێمە کەوتبووە بەر شاڵاوی قڕکردن، خاکی ئێمە وێران دەکرا، خەڵکی ئێمەیان بێ هیوا کردبوو، ئەو دەستکەوتانەشی پێشتر هەبوون، بەرەو لە ناوچوون، دەبران، وایان لە خەڵکی کوردستان کردبوو باوەڕیان بە دۆزی خۆیان نەمێنێت، بەڵام جەنابی بارزانی نەمر بڕیاری دامەزراندنی پارتی دا، پارتی وەک بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز کە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی لە هەر شار و شارۆچکە و دەڤەرێکی کوردستان، بە هەر بیرو بۆچوون و ئاینێکی جیاواز و ئاین و نەتەوەیەک بوو بێت لە ژێر سێبەری پارتی خۆ ببینێتەوە. لەو کاتەدا ئەمە بڕیارێکی حەکیمانە بوو. ئەمەش وای کرد بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخدا، بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازیی نیشتمانی، نەک بە تەنیا نەتەوە، بەڵکو نیشتمانیی لە سەرتاسەری کوردستان بەرپا کرد، هۆی مانەوەی پارتی و سەرکەوتنی پارتی ڕۆژ دوای ڕۆژ، هی ئەو بڕیارە حەکیمانەیە کە ئەو کاتە جەنابی بارزانی نەمر داویەتی، ئەمڕۆکەش ئێمە شانازی دەکەین کە هەر لەسەر ئەم ڕێگەیە بەردەوامین و قوتابی ئەم ڕێبازەین، هیوای ئێمەش ئەوەیە ئینشاڵا بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ دەستکەوتی زیاتر بۆ ئەم پارتە زیاد دەکەین کە لە خزمەتی گەلی خۆیەتی. 

جێگری سەرۆکی پارتی گوتی:

'جێگەی خۆیەتی سوپاسی مامۆستایانی کوردستان بکەم کە لەم ماوەیەی ڕابردوو بەرگەی ناخۆشی و فشارێکی زۆری ئابووری لەسەر ئەوان هەبێت، بەڵام مامۆستایان هەر وەک ناو و پیشەی خۆیان، نەک هەر بە وانە وتنەوە بەڵکو بەکردار سەلماندیان کە پێویستە مرۆڤ دەبێت قوربانی بدات بۆ بەرژەوەندی وڵات و میللەتی خۆی، بەرگەی هەموو فشارەکانیان گرت و ڕێگەیان نەدا پرۆسەی خوێندن پەکی بکەوێت. نەیانهێشت قوتابییەکان لە فێربوون و خوێندن بێبەش بن، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە. ماندو بوون و خۆڕاگریتان جێگەی ڕێزلێنانە؛ هەربۆیە ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئێوەین بۆ ئەو هەموو زەحمەتییەی لە ماوەی ڕابردوو بینیوتانە".

لە بارەی پیلانگێڕییەکانی دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی گوتی: "هەوڵی زۆر هەبوو بۆ ئەوەی هەموو جومگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تووشی شکست بکرێن، ئێمەش هەموو هەوڵێکمان دا تەسلیمی ئەو فشارانە نەبین بۆ ئەوەی ئەم ئەزموونەی ئێمە بەردەوام بێت، ئەمەش هێندە ئاسان نەبوو، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشی بوو، چەندە نەیارەکان فشاریان زیاد دەکرد، ئێمە زیاتر هەستمان بە پشتوانیی خەڵکی کوردستان دەکرد، ئەمەش گەورەترین سەروەت و سەرمایەیە، بۆ هەر حکوومەت و دەسەڵاتێک، مادام خەڵک لەگەڵ تۆدا بێت، هیچ هێزێک ناتوانێت بتشکێنێت".

"ئێمە چەند بڕیارێکمان داوە لەسەر باشترکردنی ئاستی خوێندن لەسەرتاسەری کوردستان، دەزانم ڕۆژ دوای ڕۆژ ئاستی زانکۆکانی کوردستان لە ڕووی ناوەرۆک و خوێندنەوە بەرەو باشتر دەچن، دەشزانین کەموکوڕی زۆریش هەیە، بۆ ئەوەی چارەی کەموکووڕییەکان بکەین پێویستمان بە ئیمکانییەتە لە باڵەخانە و تاقیگە و کەلوپەلی پێویست هەم بۆ مامۆستایان و هەم بۆ قوتابیان تا وەکوو بەشێوازێکی سەردەمییانە پرۆسەی خوێندن لە هەموو ناوەندەکانی بەردەوام بێت. هەروەها خوێندن بەشێکە و پەروەردەکردن بەشێکی دیکەیە و ئەرکی مامۆستایانە لە قوتابخانەکان و زانکۆکان قوتابیانی خۆیان فێر بکەن، پرۆگرامی خوێندن چەندە باشبێت، ئەگەر لە بەیەکەوە بەستنەوەی هەستی نیشتمانی لەگەڵ وڵاتەکەمان و لەگەڵ یەکتری و ڕێزگرتن لە پێکەوە ژیانی هەموو پێکهاتەکان ئەوا خوێندنەکە تەواو نابێت، هەربۆیە پێویستە ئێمە فێر بکرێن چۆن ڕێز لە ژینگە و وڵاتی خۆمان  بگرین و چۆن وڵاتەکەمان پێش بخەین، بۆ ئەوەی لەگەڵ پەروەردەیەکی تەندروست، وڵاتەکەمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەوپێش ببەین، هەروەها بۆ دابینکردنی پێویستییەکان دەبێت تواکانی حکوومەت فراوانتر بکەین، پێویستمان بە زیادکردنی داهاتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە تاوەکوو بۆ خزمەتی خەڵکی کوردستان سوودی لێ وەر بگیرێت. 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.