ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جانێت ئەلبێردا باڵیۆزی نوێی شانشینی هۆڵەندا لە عێراق کرد و بەیەكەوە تاوتوێی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیان كرد.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی، هەموو پشتیوانییەکی بۆ باڵیۆز دەربڕی، لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیی دوو لایەنە.
هەروەها سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی هۆڵەندای کرد، بەتایبەتی لە پشتگیریکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێم لە هەمەجۆرکردنی ئابووری و برەودان بە کەرتی کشتوکاڵ و کارکردن بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک.
باڵیۆزی هۆڵەندا ستایشی پێشکەوتن و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی کرد، بە تایبەت لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاکسازیکردن لە کەرتی بانکی.
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان، جەختکردنەوە بوو لە گرنگیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دۆخێکی ئارام و دادپەروەرانە و دوور لە پێشێلکاری و ساختەکاری. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر پێويستیی چاودێرێکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لەلایەن چاودێرانی نێودەوڵەتییەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.