پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە1ی9ی2024، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی سەردەمی داعش، چوار منداڵی خێزانێک گیانییان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون.
بە گوتەی قایمقامی قەزای بەعاج کە بە میدیا خۆجێیەکانی ڕاگەیاندووە، بۆمبەکە پاشماوەی تیرۆریستانی داعش بووە کە لە نێو خانووێکی چۆلکراوی گوندێکی قەزای بەعاج لە باشووری پارێزگای موسڵ دانراوەتەوە و کاتێک ئەو خێزانە بەمەبەستی نیشتەجێبوون چوونەتە خانووەکە، بۆمبەکە پێیاندا تەقیووەتەوە.
قایمقامی قەزای بەعاج ئەویشی خستووەتەڕوو کە، خێزانەکە ئاژەڵدارن، ئەمڕۆش چوونەتە ئەو گوندە و ویستوویانە لەنێو خانووەکەدا نیشتەجێ ببن و لەو کاتەدا مینەکە پێیاندا تەقیووەتەوە و چوار کەس گیانییان لەدەستداوە.
ناوبراو ڕاشیگەیاندووە کە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە و بریندارەکانیش گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بەعاج و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.
بەپێی زانیارییەکان خێزانەکە 12 کەسن و چوار کەسیان کە منداڵن گیانییان لەدەستداوە و دوو کەسیشیان بریندارن، ئەوانی دیکەش لە ژێر داروپەردووی خاونەکەدا ماون و زانیاری لەسەر ژیانی ئەوان نیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.