عەلی عوسمان، بریکاری وەزارەی بازرگانی و پیشەسازى، وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنەکە لە بەغدا، بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگيی پیشەسازی (مجلس التنسیق الصناعی) لە عێراق کرد و لە دیدارێکی تایبەتدا کێشەی بازگەکانی نێوان هەرێمى كوردستان و ناوچەکانی ديكهى عێراقی، بۆ گواستنەوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێم گەیاندە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی (محهمهد شیاع السودانی)، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و سەرۆکی ئەنجومەنەکە و ئامادەبوونی هەر یەکە لە وەزیری نەوت، وەزیری بازرگانی، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و وەزیری کارەبای حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەڕێوە چوو.
بریکاری وەزارەت لە کۆبوونەوەکە بەوردی باسی لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان کرد و پێشنیاری چارەسەری بۆ هەر یەکە لە کێشە و گرفتەکان خستە ڕوو، کە گرنگترینیان بریتی بوون لە:-
١-سوتەمەنی و نەوتی ڕەش:
ئە و پاڵپشتی و هاوکاریيانەی لە بواری سوتەمەنی و نەوتی ڕەش، کە حکومەتی عێراقی فیدراڵ پێشکەشى کارگەکانی کەرتی پیشەسازی دەکات، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، چونكه پێداویستیيەکی سەرەکی و ڕۆژانەی کاری بەشێکی زۆری کارگەکانی بواری پیشەسازیين.
٢-قەرزی پیشەسازی:
بريكارى وهزارهتى بازرگانى و پيشهسازى پێشنیاری ئهوهى كرد لە داهاتوودا قەرزی پیشەسازی بۆ خاوەنکار و ئەو وەبەرهێنەرانەی کە دەیانەوێت کارگە دابمەزرێنن، هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە و داوای کردنەوەی لقی بانکی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستانی کرد.
٣-پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ:
بريكارى وهزارهتى بازرگانى و پيشهسازى ئهوهى ڕوون كردهوه كه ناڕێکیيەک لە زۆربەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق هەیە، بە هێنانى کاڵای خراپ و کوالێتی نزم، لە کاتێکدا خۆمان خاوەنى کارگەی باشین و دەتوانن بە کوالێتی بەرزتر و بە نرخێکی گونجاوتر، هەمان جۆری ئەوکاڵایانە بەرهەم بهێنن، کە خواست و داواکاريی تەواوی بازاڕی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە پڕ دهكهنهوه، ئەمەش وایکردووە کە زیانی زۆر بە بەرهەمی ناوخۆی کارگەکانی ناوخۆ بگەیەنێت، کە بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە ڕێکخستنەوەی دەروازەکان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هاتنەناوەوەی کاڵای کوالیتی نزم.
٤-وزەی کارەبا:
داواکاريی ئاراستەی وەزیری کارەبای حکومەتی عێراقی فیدراڵ کرد کە لە بەبازاڕکردنی بەرهەمی کارگەکانی بواری پێداویستيی کارەبا، ڕەچاوی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت، کە خاوەن کارگەی زۆر باشن لەو بوارە و لە کاتی دروستکردنی شار و ناوچە پیشەسازیيەکان لە هەرێمی کوردستان پاڵپشتيی تەواوی هەرێم بکەن لە دابینکردنی پێداویستيی کارەبا لە بواری محاویلات و پێداویستیيە سەردەمیيەکان، کە پێویستە هەبن لە هەر شار و ناوچەیەکی پیشەسازی، ههروهها باس لە بەشداریکردنی هەرێم کرا لەو فەند و پاڵپشتیيانەی کە دەکرێت لە بواری پیشەسازيی کارەبا.
٥-پاڵپشتی لە بەرهەمی ناوخۆ:
بۆ پاڵپشتیکردن لە بەرهەمی ناوخۆی کارگەکان، بريكارى وهزارهتى بازرگانى و پيشهسازى پێشنیاری کرد کە لە ئامادەکردنی تەندەر بۆ هەر پرۆژەیەکی حکومی لە وەزارەتە جیاوازەکان لە بواری بیناسازی و خۆراکی ئەو بڕگە زیاد بکرێت کە لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە پێداویستیيەکان لە بەرهەمی ناوخۆ بەکار بهێنرێن، لە حاڵەتی نەبوونی ئەو جۆرە لە بەرهەمی ناوخۆ، ئەوکاتە پەنا ببرێتە بەر هێنانی کەرەستەی بیانی و ئەوە بکرێتە مەرجی سەرەکی لە جێبەجێکردنی.
لەمیانی ئەو دیدارانەدا بریکاری وەزارەت لە گفتوگۆیەکی تایبەتدا لەگەڵ (محهمهد شیاع السودانی)، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدڕاڵ، باسى لهو گرفت و ڕێگریيانه كرد له بازگەکانی حکومەتی عێراقی فیدرال، کە ڕێگری لە هەناردەی بەرهەمی کارگەکانی کوردستان دەکەن بە بیانووی نەبوونی مۆڵەت بۆ پارێزگهکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە پێی بڕیاری ژمارە(٢٤٠٠١٧٧) لە (١٥-٧-٢٠٢٤)، کە کاریگەری خراپ لەسەر کارگەکانی هەرێمی کورستان دروست دەکات و پێچەوانەی دەستوری عێراقی فیدراڵە، لەبەر ئەوەی کارگەکانی بواری پیشەسازی، مۆڵەتی فەرمیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و ناکرێت بە بیانووی دەرهێنانی مۆڵەتی نوێ لە وەزارەتی پیشەسازيی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و گواستنەوەی دۆسیەکانیان بۆ بەغدا، ڕێگری لە ناردنی بەرهەمەکانیان بۆ ناوخۆی عێراق بکرێت. لای خۆیەوە سەرۆکوەزیرانى حكومهتى عێراقى فيدرال، بەڵێنی بەدواداچوونی وردی لەسەر بابەتەکە و پێداچوونەوەی بە پەلەی بڕیارەکەی دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.