بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، ئهمڕۆ یەکشەممە 23ی6ی2024، وەک پشووی فەرمی لە بەشێک لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەربە حکوومەتی خۆجێی پارێزگای زیقار ڕاگەیاندرا، ھاوکات بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی گۆڕانکاریی لە کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا، کرا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارێزگاری زیقار لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، بڕیاردرا ئهمڕۆ یەکشەممە، دەوامی فەرمی لە بەشێک لە دامەزراوە و فەرمانگەکانی سەربە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگای زیقار بکرێت بە پشوو.
ڕاشیگەیاندووە کە بڕیارەکە بانکەکان، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی و زانکۆکان، فەرمانگە خزمەتگوازرییەکان و ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، ناگرێتەوە.
ھەروەھا بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی گۆڕانکاریی لە کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا لە سەرجەم پارێزگەکاندا کرا جگە لە بەغدا.
بەپێی فەرمانەکە، لەمەودا لە بڕی کاتژمێر 8ی بەیانی بۆ 3ی دوای نێوەڕۆ، دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا لە سەرجەم پارێزگەکاندا، جگە لە بەغدا لە کاتژمێر 7ی بەیانی دەست پێ دەکات تا 1ی دوای نیوەڕۆ دەبێت، بەوەش کاتژمێرەکانی دەوامکردن لە دامەزراوە فەرمییەکاندا، یەک کاتژمێر کەمکراوەتەوە.
ھەروەھا محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی فەرمانەکەیدا، پارێزگارانی پارێزگاکانی سەرپشک کردووە کە ئەگەر گەرما گەیشتە 50 پلەی سیلیزی، دەوامکردن لە سەرجەم دامەزراوەکاندا، بوەستێنن.
بەپێی فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەم گۆڕانکارییە لە ئهمڕۆ یەکشەممە 23ی حوزەیران تا کۆتایی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی گەرمای بەتین زۆربەی ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقی گرتووەتەوە، بەجۆرێک کە پلەکانی گەرما لەو ناوچانە، 50 پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە.
ھاوکات بەپێی ئەوەی لە میدیاکاندا بڵاوکراوەتەوە لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا، 11 ناوچەی عێراق، بەرزترین پلەی گەرمایان لە جیھاندا تۆمارکردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.