Erbil 7°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 04:46

ئومێد خۆشناو دوو خزمەتگوزاری نوێی لە شاری هەولێر راگەیاند

کوردستان TV
100%

نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر لەپێناو پتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕاییکردنی کاروبارەکانیان، لە دیوانی پارێزگا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا 2 خزمەتگوزاریی خێرای بۆ راییكردنی کاروباری هاووڵاتییان له‌ فه‌رمانگه‌ حكوومییه‌كان ڕاگەیاند.

ئومێد خۆشناو رایگەیاند: له‌ سۆنگه‌ی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دیدگا و بۆچوونی جەنابی سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی و له‌پێناو كه‌مكردنه‌وه‌ی رۆتین و رێزگرتن له‌ هاووڵاتی و به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی دروست و خێرا، له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر 2 خزمه‌تگوزاریی خێرا کەوتۆتە کار و لەمڕۆوە هاووڵاتییان دەتوانن له‌ رێگەی ئەم دوو خزمەتگوزارییەوە سكاڵا و داواكارییه‌كانیان بگه‌یەنن.

راشیگەیاند: یەکێک لەو خزمەتگوزارییە ژمارە تەلەفۆنی (07506000707) کە له‌نێو دیوانی پارێزگا دابینکراوە و په‌یوه‌ندیی هاووڵاتییان وه‌ردەگیرێت و داواكارییەکان تۆمار ده‌كات و ده‌نگیان ده‌گه‌یه‌نێته‌ لایەنە په‌یوه‌ندیداره‌كان و چاره‌سه‌ری گونجاو و خێرا بۆ خواستەکانیان دەكرێت.

هەروەها گوتی: خزمه‌تگوزاری دووه‌م، بریتیه‌ له‌ (eService) ئه‌ویش له‌ ماڵپه‌ڕی فەرمی پارێزگای هه‌ولێرە (www.hawlergov.org)، لەو خزمەتگوزارییەش هاووڵاتی ڕاستەوخۆ ده‌توانێ مامه‌ڵه‌ و سكاڵا و داواكارییه‌كانی بگه‌یه‌نێ و لە زووترین کاتدا وه‌ڵامی خواست و داواکارییەکانی ده‌درێته‌وه‌.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا كە حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خزمه‌تكاری خه‌ڵكی كوردستانه‌ و هیچ به‌ربه‌ستێك له‌نێوان هاووڵاتی و حكوومه‌تدا نییه‌. جەختیشی كردەوە كە له‌ رێگه‌ی ئه‌م ژماره‌ مۆبایله‌ و خزمەتگوازرییەی لە ماڵپه‌ڕی فه‌رمی پارێزگا دابینکراو، ماوه‌ و كاتی خه‌ڵك بۆ راییبوونی مامه‌ڵه‌كانیان كورت ده‌كرێته‌وه‌.

سەبارەت بە ئامادەکارییەكان بۆ جه‌ژنی قوربانی پیرۆز، ئومێد خۆشناو گوتی: له‌پێناو سه‌لامه‌تی و خۆپارێزی له‌ تای خوێنبه‌ربوون، تەواویی رێنمایی و رێككاره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاماده‌كاریی بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی قوربانیكردن كراوه‌.

ئاماژەشی دا كە له‌ رۆژانی پشوو و جه‌ژن لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر به‌ شێوه‌یه‌كی دروست پێشوازی له‌ گه‌شتیاران ده‌كرێت و هەموو ئاسانكارییەکیان پێشکەش ده‌كرێت. گوتیشی كە خواستی ئەوان ئەوەیە گه‌شتیاران پشووێكی خۆش له‌ هه‌ولێر به‌سه‌ر ببه‌ن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.