بەگوێرەی تۆژینەوەیەك لە عێراق دەركەوتووە، لە وەرزی هاویندا بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و پچڕانی تەزووی كارەبا، توندوتیژی خێزانی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز دەكەنەوە.
تۆژینەوەكە لەلایەن كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ ئەنجامدراوە و تێیدا هاتووە "لە وەرزی هاوین و لە مانگەكانی حوزەیران و تەمووز و ئاب كە پلەكانی گەرما لەو ماوەیە لە عێراق بەرز دەبنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا پچڕانی تەزووی كارەبا دروست دەبن، توندوتیژی خێزانیش لەناو ماڵاندا بەتایبەت بەرامبەر بە ئافرەتان و منداڵان زیاد دەكەن".
هەروەها هاتووە "بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و پچڕانی كارەبا كاریگەری راستەوخۆ دەكەنە سەر باری دەروونی مرۆڤ، ئەمە جگە لەوەی كە لە وەرزی هاویندا قوتابخانەكان دادەخرێن و بەهۆی گەرماش زۆربەی كات ئەندامانی خێزان لە ماڵەوەن، ئەمانە وا دەكەن توندوتیژی خێزانی زیاتربن.
كۆمیسیۆنی مافەكانی مرۆڤ راشیگەیاندووە كە بەگوێرەی نوێترین تۆژینەوەیان، پلەی گەرما و پچڕانی كارەبا رێژەی 30%ی توندوتیژی خێزانی لەنێو خێزانانی عێراق زیاد دەكەن.
ئەمە جگە لە هەندێ هۆكاری تر لەوانە بارودۆخی ئابووری و بێكاری و هەژاری و پچڕانی ئاو و خراپی كەشوهەواش و چەندانی دیكەش كاریگەری خۆیان دەبێت لەسەر زیادبوونی رێژەی توندوتیژییە خێزانییەكان.
جەختیشی كردۆتەوە كە ئەم دۆخە ناهەموارە بۆ زۆرینەی دانیشتووانی عێراق راستە، جگە لە ماڵی بەرپرس و سەركردەكان.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ماوەی چەند ساڵێكە پلەكانی گەرما لە وەرزی هاویندا لە تەواوی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبنەوە، لە هەندێ شوێن تا نیمچە كوڵان دەچێت و بۆ سەرووی 50 پلەی سیلیزی دەچێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.