وەزارەتی تەندروستی عێراق لە رۆژی جیهانی دووركەوتنەوە لە جگەرە ئاشكرای كرد كە هەر 10 خولەكێك كەسێك بەهۆی جگەرەكێشانەوە لە عێراق گیان لەدەست دەدات.
وەسیم گەیلان جێگری بەڕێوەبەری بەرنامەی دووركەوتنەوە لە جگەرە سەر بە وەزارەتی تەندروستی عێراق لە خستنەڕووی داتا و زانیارییەكاندا رایگەیاند: ئێستا 20%ی كۆی گشتی دانیشتووانی عێراق ئەوانەی تەمەنیان لە سەرووی 18 ساڵییەوەیە جگەرە بە جۆرە جیاوازەكانیان دەكێشن.
راشیگەیاند: لەنێوان 40 بۆ 50%ی كۆی گشتی دانیشتووانی عێراق بەشێوەی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ كاریگەری خراپی دووكەڵی جگەرە لەسەریان دەبێت.
هەروەها رایگەیاند: زۆرینەی جگەرەكێشانی عێراق لە رەگەزی پیاوانن و ئافرەتان كەمتر جگەرەكێشن، بەڵام ئەوانیش بەهۆی پیاوانەوە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ كاریگەری خراپی دووكەڵیان لەسەر دەبێت.
گوتیشی: لە هەر رۆژێكدا 6 ملیار دینار لە عێراق بە جگەرە دەستووتێنرێت و بەهەدەر دەڕوات.
ئاماژەی بەوەش دا كە لە هەر 10 خولەكدا كەسێك بەهۆی جگەرەكێشانەوە لە عێراق گیانلەدەست دەدات، ئەمە جگە لەوەی كە دووكەڵ و جگەرە كاریگەری لەسەر گەشەی مێشك و تەواوی جەستە دروست دەكات.
نەشی شاردەوە كە ئێستا رێژەیەكی زۆر لە منداڵان لە كۆڵان و قوتابخانەكان جگەرەی ئەلیكترۆنی دەكێشن بەهۆی ئاسان دەسكەوتنیان لە بازاڕ و دوكانەكاندا.
بەرپرسەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق دانی بەوەدانا كە رێگریكردن لە جگەرەكێشان كارێكی زەحمەت، بەڵام ئێستا پڕۆژەیاسایەكی نوێیان ناردووەتە پەرلەمان بۆ پاراستن لە زیانەكانی تووتن و جگەرە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.