Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 12:36

بۆ وه‌ڵامی هێرشه‌كه‌ی ئوردن.. كۆنگرێس داوا ده‌كات گورزی سه‌ربازی له‌ ئێران بدرێت

کوردستان TV
100%

وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ هێرشه‌ درۆنییه‌كه‌ی سه‌ر سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌نێو خاكی ئوردن، سیناتۆره‌‌ كۆمارییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا (كۆنگرێس) داوایان له‌ سه‌رۆكی وڵات كرد هێرشی راسته‌وخۆ بكاته‌ سه‌ر ئێران و له‌ناو تاران گورزی گه‌وره‌ بووه‌شێنێ.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ به‌ درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكراوه‌ته‌‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌یان له‌نێو خاكی وڵاتی ئوردن له‌نزیك‌ سنووری سووریا، له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌ش 3 سه‌رباز كوژراون و 25ی دیكه‌ش بریندار بوون.  

له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌، سیناتۆر لیندسای گراهام سیناتۆری كۆمارییه‌كان له‌ كۆنگرێس له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس بڵاوی كرده‌وه‌: داوا له‌ بایدن و ئیداره‌كه‌ی ده‌كه‌م گورزی گرینگ و هه‌ستیار له ‌ناوخۆی ئێران بووه‌شێنێ، نه‌ك ته‌نیا وه‌ك وه‌ڵامێك، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر ئێران جورئه‌تی هێرشكردنی نه‌بێت.

سیناتۆرێكی تری كۆمارییه‌كان به‌ناوی تۆم كۆتۆن داوای كرد ئه‌مه‌ریكا وه‌ڵامێكی سه‌ربازیی توند و كاریگه‌ری بۆ هێرشه‌كه‌ هه‌بێت، چونكه‌ به‌هۆی نه‌رمی ئیداره‌ی جۆ بایدن له‌ ساڵانی ڕابردوو، سه‌ربازانی وڵات دووچاری مه‌ترسی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌.

جۆن كۆرنین سیناتۆرێكی تری كۆمارییه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس نووسیویه‌تی: بۆ وه‌ڵامی هێرشی سه‌ر سه‌ربازگه‌كه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ ئوردن، پێویسته‌ له‌ناو‌ تارانه‌وه‌ گورز بووه‌شێنرێ.

لای خۆشییه‌وه‌ مایك جۆنسۆن سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا داوای كرد په‌یامێكی روون وه‌ك رۆژی رووناك بۆ نه‌یاران بنێردێ به‌وه‌ی كه‌ هه‌رگیز بێده‌نگ نابین له‌به‌رامبه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر سه‌ربازه‌كانمان.

هه‌ر له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ و كوژرانی 3 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی، جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دابوو كه‌‌ زانیارییان هه‌یه‌ هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێران ئه‌نجامدراوه‌‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌نێو خاكی عێراق و سووریا كار ده‌كه‌ن.

بایدن جه‌ختیشی كردبووه‌وه‌ كه‌ هێرشه‌كه‌‌ پێشهاتێكی گه‌وره‌یه‌ و له‌ كاتێكی گونجاودا وه‌ڵامی پڕبه‌پێستیان بۆ ئه‌نجامده‌رانی ده‌بێت.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.