Erbil 22°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 14:59

لە كەركووك حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی شەقام بەڕێوەچوو 

کوردستان TV
100%

كاتێ باس لە هونەر و ئەدەبی كوردی دەكرێت، ناكرێت باس لە هونەر و ئەدەبی شاری كەركووك نەكرێت، چونكە هونەری كەركووك پێگەیەكی بەهێزی نێو هونەر و ئەدەبی كوردییە،بۆنموونە كاتێ باس لە هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی دەكەین ئەوا  مامۆستای مقامات هونەرمەند (عەلی مەردان)، لەلووتكەیە وەكو پێشنگ باسی لێوەدەكرێت بەهەمان شێوەی بۆ هونەرمەندان (حسێن عەلی ، شوكورمستەفا ، سەڵاح داودە.....) .
كاتێ باس لە هونەری سینەما و شانۆ  و دراما ی كوردی دەكەین ئەوا شانۆی كەركووك رۆڵێكی گرنگی لە نێو كاروانی مێژووی شانۆی كوردی بوونی هەیە و كاتێ باس لە شانۆكارانی كوردستان دەكەین نابێ هونەرمەندان ( سلێمان فایەق ، د. فازل جاف ،جیهاد دڵپاك ، جەلیل زەنگەنە ،عەلی كەریم ،د.هاورێ زەنگەنە،مەهدی ئومێد،شاناز ئەحمەد ، عالیە محەمد ئەمین، مەریوان زەنگەنە، سەلام زەنگەنە، نەژاد نەجم،شكۆ عومەر،چنار عەزەدین، هەوار فارس، سیراون بێلاف ،سەلام  زەنگەنە ، عەبدوڵا كاكەیی..لەبیر بكەین لەگەڵ چەندانی تر بەداوای لێبووردن كە لێرەدا ناكرێت ناوی هەر هەموویان بهێنم.. هونەرمەندانی كەركووك لەهەموو باردۆخێك دا،نەوەستاون بەهەر شێوازێك بووبێت خزمەتی هونەری شانۆیان كردووە هەمیشە لە چالاكی شانۆیی بەردەوامیان هەبووە بۆیە مایەی رێزو دەست خۆشییە.
لەئێستادا لە شاری كەركووك ،چەندین  تیپ و گروپی شانۆیی بوونیان هەیە زۆرچالاكن لەدوای  كردنەوەی پەیمانگەی هونەرە جوانەكان لەشارەكەدا،تەكانێكی باشتری بە ڕەوتی شانۆی شار داوە چەندین شانۆكاری گەنج لە گۆڕپانەكانەدا بوونیان هەیەلەگەڵ تیپە شانۆییەكانی تر ساڵانە بەناوی كوردستان  و عێراق بەشداری فیستیڤاڵە شانۆییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ دەرەوەی عێراق دەكەن جگە لەوەش لەزۆربەی فێستیڤاڵەكان بەخەڵات دەگەڕێنەوە شاری كەركووك ئەوەش لاپەڕەیەكی پڕشنگدارە بۆ شانۆی كوردی ئەوەی من دركی پێدەكەم  هاوكارییەكی باش لەنێوان خودی شانۆكارانی  شارەكەدا هەیە لەهەر فیستیڤاڵێكدا هەر هەموویان وەكو یەك گروپ كار دەكەن ئەگەر كێشەو گرفتێك هەبێت ، لەكاتی بوونی فیستێڤاڵێك هەموویان لەخزمەت فیستیڤاڵەكە دەبن لەگەڵ بوونی هەماهەنگییەكی باش لە نێوان شانۆكارانی گەنج و شانۆكارە بە ئەزموونەكان ئەوەش مایەی رێز و دەست خۆشییە.
لەشاری كەركووك ساڵانە چەندین فیستیڤاڵی شانۆیی هەمەجۆر سازدەكرێت وەكو  فیستیڤاڵی شانۆیی ناو هۆڵ فیستیڤاڵ شەقام چەندانی تر.. زۆرجاریش لەرێگەی فیستیڤاڵەكانەوە كوردستانی بوونی شاری كەركووكیان سەلماندووە وەكو ئەوەی لە دووەمین خوولی فیستیڤاڵی شانۆی كەركووك بینیمان كاتێ شانۆكاری هەرچوار پارچەی كوردستان لەرێگەی نمایشەكانیان ئامادەی فیستیڤاڵەكە بوون بەرهەمەكانی خۆیان لەو شارە نمایش كرد،بێگومان ئامادەبوونی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی كوردستان ماناو مەدلوولی خۆی هەیە... بەرێوەچوونی ئەم كارە هونەریانەش بەپاڵپشتی وەزارەتی رۆشنبیری لاوانی  هەرێمی كوردستان و هەندێ لەبەرپرسە كوردەكانی ئەو شارە ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە.
 لەرۆژانی 19-10-21-\11\2023  بەبەشداری 24 گروپی شانۆیی  بەبەشداری هەشت وڵات لەگەڵ چەندین گروپی دیكەی ناوچە جیاوازەكانی كوردستان،حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆ شەقام لە شاری كەركووك بەرێوەچوو پێش دەستپێكردنی فیستیڤاڵەكە بەشێوەیەكی فەرمی ، دوو وۆرك شۆپی شانۆیی بۆ شانۆكارانی شارەكە بە ناونیشانی  ( چۆن نمایشی شانۆیی شەقام دروست دەبێت  ) لەلایەن شانۆكاری  ئێرانی  ( موختاری محەمەدی ) ،وە  ( پانتۆمایم لە شانۆی شەقام ) لەلایەن شانۆكاری ناوداری ئیتاڵی ( Avataneo Paolo) ،لە پەیمانگای هونەرە جوانەكان و سەنتەری رۆشنبیری كەركەووك  ئەنجام دران.
جگە لەنمایشەشانۆییەكان رێورەسمی رێزلێنان بۆ چەند شانۆكارێك سازكرا،لەگەڵ بڵاوكردنەوەی چەند كتێبێكی  شانۆیی وە بانگێشتكردنی زیاتر  200 شانۆكار  وەكو میوان لەناوخۆی كوردستان  وعێراق ودەروەی وڵات .
هەرلەمیانی فێستیڤاڵەكەدا هەشت پانێل لە سەر رەوتی شانۆ لەلایەن  هەشت شانۆكاران بەناوەكانی (د.ئیمان كوبیەسی،گەزیزە عومەر،كەریم خاوەری،قاسم غەمگین،گۆران محمەد،سێروس سپێهری،ئەمیر زراع زادە،د.كەریم خەنجەر) بەرێوە چوو،هەروەها رێز لەچەند شانۆكارێك نرا كە بریتی بوون لە ( گەزیزە عومەر ، حەمە سوار،د.كەریم خەنجەر، شیراز عەزیز،سەربەست ئەحمەد،حەیدەر عەبدولڕەحمان، سەلام زەنگەنە، ئەحمەد سالار،د.جەبار جودی،كورش زراعی،ئاسیا كەمال،نزارسەلامی،ئاڵا عومەر،هەوار فارس) هەر لە نێو فیستیڤاڵەكەدا دووكتێبی شانۆیی بەناوەكانی (فی الكومیدیا) لە نووسینی د.كەریم خەنجەر و كتێبی (شانۆی شەقام ئەداكردنی نواندن لە دەرەوەی هۆڵەكانی شانۆدا) لە وەرگێڕانی د.كەیفی ئەحمەد رێوەڕەسمی ناساندن و بڵاوكردنەوەیان بۆ كرا بە واژۆی نووسەری كتێبەكان پێشكەش بە ئامادەبووان  كران. 
لە دوا رۆژی فیستیڤاڵەكەدا ، لیژنەی دادوەری فێستیڤاڵەكە،كە پێكهاتبوو لە (د.قوتبەدین ساقی سەرۆكی لیژنە ،د.هەیسەم عەبدولرەزاق ئەندام، هێرۆ سەباح ئەندام ،كاردۆ محەمەد ئەندام،قەدری عوسمان ئەندام،) لیژنەی دادەوەری كۆلیژ و پەیمانگاكانیش پێك هاتبوون لە (د.كەریم خەنجەر سەرۆكی لیژنە،د.كەیفی ئەندام ،محەمەد زادە ئەندام) لیستی ناوی براوەكانی فیستیڤاڵیان ڕاگەیاند و خەڵاتی فیستیڤاڵ پێشكەش بە براوەكان كرا كە بەم شێوەی خوارەبوو:
- خەڵاتی باشترین ئەكتەری ئافرەت بە هاوبەشی پێشكەش بە هەردوو ئەكتەر"نادیە ئیلاهی، نازیلی ئەمینی" كرا.
- خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوڕ "دارا عزەدین"، لە تیپی نمایشی "هەزەی نیشتیمانی"  بەدەستی هێنا.
-خەڵاتی باشترین بیرۆكە، بەخشرایە "لوقمان عومەر"، لە تیپی شانۆیی "هەزەی نیشتیمانی".
 -خەڵاتی باشترین دەرهێنان پێشكەشی هەریەك لە "هوشیار قەوامی و فەرەیدون ئەحمەدی" لە تیپی شانۆیی" جێژوان" كرا.
. - خەڵاتی باشترین بەرهەمی كامڵی فێستیڤاڵ پێشكەشی تیپی شانۆی "جێژوان" كرا
-خەڵاتی لیژنەی دادوەری پێشكەش بە تیپی "شانۆیی سەما" كرا.
خەڵاتەكانی بەشی منداڵان بەم شیوەی خوارەوە بوو:
خەڵاتی باشترین نمایشی منداڵان پلەی یەكەم، بەخشرایە دەقی شانۆیی "ئەفسوونەكەی كاتی و كالی".-
-خەڵاتی باشترین نمایشی منداڵان پلەی دووەم، بەخشرایە نمایشی شانۆی "ئۆلیڤەری چڵمن".
خەڵاتەكانی بەشی زانكۆ و پەیمانگان بەم شێوەیە بوو:
-خەڵاتی باشترین نمایشی زانكۆكان پلەی یەكەم، بەخشرایە تیپی "شانۆی زەنگ".
-خەڵاتی باشترین نمایشی زانكۆكان پلەی دووەم بەخشرایە "شانۆیی تەپەگوز".
شایانی باسە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (شانۆیی سورەی تاران) ،نمایشی شانۆیی (شانۆیی موسافرێك لە غەزەوە)،بانگێشتی فێستیڤاڵەكەكرد.وە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆیی مەریوان دوو نمایشی شانۆیی بانگێشتی فێستیڤاڵەكە كرد كەبریتی بوون لە (شانۆیی زەنگ / هەولێر ، شانۆیی هەزەی نیشتیمانی /كەركووك).
بەرێوەبەردنی ئەم كەرنەڤاڵە گەورەیە لەلایەن چەندین لیژنەوە بەشێوەیەكی پرۆفیشناڵەوە بەرەچاوكردنی پرۆتۆكۆڵەكان بەرێوەچوو پیرۆزبایی لەشانۆكارانی كەركووك  و سەرجەم لیژنەكان هەموو هاوكارانی فێستیڤاڵەكە دەكەم پیرۆزبایی لەسەرۆكی فێستیڤاڵەكە هونەرمەند (نەژاد  نەجم)  و  خەڵكی كەركووك دەكەم دووبارە پیرۆزە ئەو كەرنەڤاڵە شانۆییە.
كامەران حاجی ئەلیاس

کولتوور و هونه‌ر شانۆ هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.