Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:47

ڤیدیۆ.. زریانی دانیال گوندێكی بەناوبانگی لیبیا لەسەر زەوی دەسڕێتەوە

کوردستان TV
100%

هەرچەندە هەفتەیەك بەسەر ڕوودانی زریانی (دانیال)دا تێپەڕیوە كە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی لیبیای گرتەوە، بەڵام دەستنیشانكردنی زیان و كارەساتەكانی زریانەكە بەردەوامەو خەڵكی لیبیای سەرسوڕمان كردووە، لەوانەیش نەمانی شوێنەواری گوندێكی بەناوبانگ لەگەڵ زۆربەی دانیشتووانی گوندەكە.
خەڵكی لیبیا دەستیان بە هەڵمەتێك كرد بۆ ئەوەی چارەنووسی 500 كەسی دانیشتووی گوندی وەردییە بزانن، كە 30 كیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای شاری بەیزاوەیە نزیك ڕێگەیەك كە بە شاری مورجی دەبەستێتەوە.
گوندەكە دەكەوێتە ناوچەیەكی دڵڕفێن لە نێوان دارستانەكانی چیای سەوز. ئەمەش وای كردووە كە ببێتە شوێنێكی ئەوتۆ خەڵكی لیبیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكە ڕووی تێ بكەن و وێنە جوانەكانی گوندەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە.
گوندەكە بە فرۆشتنی باشترین جۆری هەنگوینی سروشتی و ماست و گیای شاخ وەك زەنجەفیل و گەڵای سێو و بەرهەمەكانی دیكە ناسراوە كە خەڵكی لیبیا لە خواردنەكانیاندا بەكاریان دەهێنن، چەندان كوشكی شت فرۆشتن لە گوندەكە هەبووە، بەڵام زریانەكە هەمووی ڕاماڵیون.
بەپێی قسەی یەكێك لە دانیشتووانی گوندەكە كە ناوی فەوزی عەقیلەیەوەو ماوە، لافاوی زریانەكە خەڵك و بەردەكانی لە گوندی وەردییە ڕاماڵیوە، چونكە ڕاستەوخۆ كەوتبووە سەر ڕێگەكە و ئێستە شوێنەكە تەخت بووە پاش ئەوەی خەڵكی لێ بووەو قەرەباڵغ بووە.
هەوڵەكانی گەڕان بەدوای خەڵكی گوندەكەدا بەردەوامە، كە هێشتە چارەنووسی زۆربەیان نەزانراوە، چونكە تیمەكانی دەسەڵاتی سەلامەتی نیشتمانی و هێزە ئەمنییەكان لە ناوچەكەدا ئامادەن و سەگی پۆلیسییان پێیەو دەكۆشن هەر شوێنەوارێكی ئەو خەڵكە هەبێت،‌ بیدۆزنەوە.
بێجگە لە كارەساتی گوندی وەردییە، ناوچەكانی باشووری شاری بەیزا لەو ناوچانەن كە بەهۆی زریانی دانیالەوە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە. ڕێگەوبانەكانی پێكەوە گرێدانی ناوچەی دۆڵی سوورو خوایمت و سیلك بوو عەسكەر تێكچوونەو ئەمەیش وای كردووە ناوچەكە پێویستی بە فریاگوزاری مرۆیی بەپەلە هەبێت.
كۆمەڵەی مانگی سوور و ئەنجوومەنی شارەوانی بەیزا دەستوبردیان كرد بۆ ئەوەی بەپەلە هاوكاریی خۆراك و ئاو و كەرەستەی بژێوی ڕۆژانە بگەیەننە ئەو ناوچانە و هیلیكۆپتەرەكانی سوپای میسریش لە گواستنەوەی ئەو یارمەتییانەدا بەشدارییان كرد، بەتایبەتی كارێكی دژوارە ئەو یارمەتییانە بە ئۆتۆمۆبیل بگەیەنرێنە ناوچەكە.
بێجگە لەوەی كە 11 هەزار و 300 كەس بە هۆی كارەساتەكاوە مردوون و زۆرتر لە  10 هەزار كەسیش بێ سەروشێنن، كەچی حوسێن سوەیدان، سەرۆكی ژووری فریاكەوتن لە دەسەڵاتی ڕێگەوبان و پردەكان ئاماژە بەوە دەكات كە ڕێژەی زیانەكانی ژێرخانی ناوچە زیان پێگەیشتووەكان نزیكەی لەسەدا حەفتا مەزەندە دەكرێت.
لەو بارەیشەوە سوەیدان باسی ڕووخانی یازدە پردی كردووە كە بە هۆی لافاوەكانەوە ڕووخاون، لەوانە دوو پردیان دەرنە بە شارەكانی سووسێ و قوببە دەبەستنەوە، شەش پردەكەی دیكە لە ناو خودی درنە بوون، لەگەڵ سێ پرد لەسەر ڕێگەی نێوان شەهات و سۆس.
لە سەدا هەشتای بەلەم و كەڵەكەكانیش لە سەرجەم شار و گوندەكانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا تێكشكاون و زیانی ڕێگە گشتییەكانیش لە ناوچە زیان پێگەیشتووەكان گەیشتووەتە لە سەدا پەنجا.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.