Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 15:48

 جه‌لال شاكر : هونه‌ر بۆ خزمه‌تكردنی ژیان و مرۆڤایه‌تییه‌..!

هه‌ركه‌سێك ڕۆژێك خزمه‌تی به‌ هونه‌ری كوردی كردبێ ، خۆشم ده‌وێ و ڕێزی لێده‌گرم ...!
کوردستان TV
100%

ئه‌گه‌ر  ته‌مه‌ن و ده‌ست و په‌نجه‌م ڕێگه‌م بدات، گه‌ره‌كمه‌ له‌خزمه‌تی هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مدا بم ،‌ ڕۆژێك له‌ڕۆژان به‌ده‌نگ و ئاواز و ده‌ست و په‌نجه‌ی پڕ هونه‌ریی ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا، خزمه‌تیان به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردوه‌، لاپه‌ڕه‌كانی ژیانیان هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌و زیاتر ڕۆبچینه‌ قوڵایی ناخ و هه‌سته‌ جوانه‌كانیان، تا له‌لای تاكی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ڕۆشن بێت ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ له‌ڕێی خزمه‌تكردن به‌هونه‌ر چه‌ند تێكۆشاون و زه‌حمه‌تیان كێشاوه‌.

ئه‌مجاره‌ به‌حورمه‌ته‌وه‌ چوومه‌ته‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندێك ماوه‌ی (40) ساڵه‌، له‌ڕێی ئامێری سازه‌كه‌یه‌وه‌ خزمه‌ت ده‌كات ، هه‌روه‌ها ئاواز دانه‌ر و له‌م‌ساڵانه‌ی دوایشدا به‌ده‌نگی خۆشیی یه‌ك دوو گۆرانی  خستۆته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی‌.

له‌ڕۆژی  شه‌ممه‌ (6/5/2023) په‌یوه‌ندیم به‌‌ هونه‌رمه‌ندی‌ هه‌ست ناسك و ده‌م به‌خه‌نده‌و هونه‌ر خۆشه‌ویست‌، هونه‌رمه‌ند ( جه‌لال شاكر ) ه‌وه‌ كرد، زۆر به‌لوتفه‌وه‌ به‌میهره‌بانییه‌وه‌ وه‌ڵامی داواكارییه‌كه‌ی دامه‌وه‌،به‌ڵێنی ئاماده‌یی دیداری پێدام و ڕۆژی دیداره‌كه‌مان دیاری كرد.

له‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ( 8/5/2023) كاتژمێر (5) ی عه‌سر له‌شه‌قامی ئیسكان، به‌دیداری شادبووم، كه‌سایه‌تییه‌كی جوانی ڕۆح شیرین و هه‌ست ناسك، دڵسۆز بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی، دوای خواردنه‌وه‌ی چایه‌كی شیرینی عه‌سرانه‌ پێم ڕاگه‌یاند، ده‌كرێت كاتتان بگرم و ده‌ست بكه‌ین به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌كانی ژیانت، زۆربه‌خۆشحاڵییه‌وه‌ فه‌رمووی ئاماده‌م و له‌كوێوه‌ پێتان خۆش بێت پرسیار بكه‌ن و منیش ئاماده‌م وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌..!

 

هونه‌رمه‌ند ناوی ته‌واوی ( جه‌لال شاكر سه‌عید) ، له‌خانه‌واده‌یه‌كی ژیان مام ناوه‌ندی ڕۆشنفكر و كراوه‌، له‌ڕێكه‌وتی ( 11/9/1961) له‌شاره‌ جوان و دڵڕفێن و لێوان لێو له‌ جوانییه‌كانی ژیان له‌( ڕواندز) ی شیرین چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌.

باوكی كه‌سێكی بازرگانی ڕواندز بووه‌، هونه‌رمه‌ند له‌خانه‌واده‌یه‌كی (5 براو 3 خوشك) ی دا ژیاوه‌.

له‌ساڵی ( 1966 _1967) خراوه‌ته‌ به‌رخوێندن له‌ قوتابخانه‌ی ( زۆزك) ی سه‌ره‌تایی له‌ڕواندز.

پرسیار : له‌قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌، تاچه‌ند كاریگه‌ری وانه‌ی هونه‌ر و مامۆستای سروودتان له‌سه‌ر بووه‌؟

 هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر : له‌ ته‌مه‌نی منداڵیمدا له‌ كۆڵان و له‌قوتابخانه‌، حه‌زو ئاره‌زووم بۆ وه‌رزش هه‌بوو، به‌تایبه‌ت( تۆپی پێ) به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم یاری تۆپی پێم ده‌كرد، به‌ڵام وه‌ك كاریگه‌ری هونه‌ر و وانه‌ی سروود، ناڵێم نه‌بووه‌..! به‌ڵكو زیاتر هۆگری وه‌رزش بووم، به‌ڵام وه‌ك هاوڕێ قوتابییه‌كانم به‌شداری سروود و گۆرانیم كردووه‌ له‌ گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌.

پرسیار: له‌چ ساڵێكه‌وه‌ هه‌نگاوتان بۆ دنیای هونه‌ر گرته‌به‌ر؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر : ته‌مه‌نم ده‌ بۆ یانزه‌ ساڵان ده‌بوو ( 1972) له‌ده‌رئه‌نجامی یاریكردن كه‌وتم به‌سه‌ر ( ته‌لی دڕكاوی) دا، هه‌موو جه‌سته‌م به‌شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ بریندار بوو ، ئازارێكی زۆرم چه‌شت، منیش پێش ئه‌و ڕووداوه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵ تۆپ تۆپێن و له‌ماڵیشه‌وه‌به‌رده‌وام گۆرانیم له‌سه‌ر زار بوو، باوكیشم كه‌سێكی بازرگان بوو ، بۆمه‌به‌ستی هێنانی كاڵا و پێداویستییه‌كانی زوو زوو ده‌چووه‌ شاری هه‌ولێر، له‌و كاته‌دا كه‌من به‌و ئازاره‌وه‌ ده‌تلامه‌وه، باوكم له‌هه‌ولێر بوو، له‌گه‌ڕانه‌وه‌یدا( ته‌پڵێكی شه‌ربه‌ی) بۆهێنام ، باوكیشم كه‌سێكی داخراو نه‌بوو، به‌ڵكو هونه‌ردۆست بوو ، له‌خۆشیی ته‌پڵه‌كه‌ زوو چاكبوومه‌وه‌ و زۆر دڵخۆش بووم، له‌گه‌ڵ گۆرانی گوتن كه‌وتمه‌ ته‌پڵ لێدان، ئه‌وه‌ من ئاگادار نیم كه‌ باوكم سه‌رنجم ده‌دا، تاڕۆژێك پێی وتم هه‌ی ئافه‌رین زۆرباشیی لێده‌ده‌یت.

پرسیار :  له‌گه‌ڵ خوێندن گه‌یشتی به‌كوێ ؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر : قۆناغی سه‌ره‌تایم له‌شاره‌ ئازیزه‌كه‌م ڕواندز ته‌واو كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و حكومه‌تی عێراقی له‌ به‌هاری (1974) منیش نه‌متوانی بچمه‌ قۆناغی ناوه‌ندی،  وه‌ك زۆرینه‌ی خانه‌واده‌كانی دیكه‌، ڕواندزمان جێهێشت و به‌ره‌و شاری ( خانێ) و دواتر له‌ئۆردوگای ( زێوه‌) له‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان وه‌ك ئاواره‌ گیرساینه‌وه‌،دوای نسكۆ له‌ساڵی (1975) گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ عێراق ، به‌ڵام سیاسه‌تی شۆڤێنیانه‌ی حیزبی به‌عس، به‌ناوی( عائدون) ئێمه‌و هه‌زاران خانه‌واده‌ی دیكه‌ی گه‌ڕاوه له‌ ئێران‌، ڕه‌وانه‌ی گوند و شارۆچكه‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقی كردین، خانه‌واده‌كه‌ی ئێمه‌ به‌زۆر بۆ گوندێكی نزیك له‌شاری( سه‌ماوه‌) یان ڕه‌وانه‌ كردین، ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌و بارودۆخه‌ ناهه‌مواره‌دا ژیانێكی زۆر ناخۆشمان به‌ڕێ كرد، تاساڵی ( 1976) به‌یه‌كجاری گه‌ڕاینه‌وه‌ كوردستان، به‌ڵام نه‌گه‌ڕاینه‌وه‌( ڕواندز) به‌ڵكو باوكم بڕیاری دا بۆهه‌میشه‌ له‌شاری ( هه‌ولێر ) نیشته‌جێ ببین، به‌ڵام برایه‌كم گه‌ڕایه‌وه‌ ڕواندز و له‌وێ درێژه‌ی به‌ژیان دا.

پرسیار : له‌شاری هه‌ولێر درێژه‌تان به‌خوێندن نه‌دا؟!

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر : بێگومان چوومه‌ ناوه‌ندی و تاپۆلی سێی ناوه‌ندیم خوێند له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی كۆتایی ساڵدا نه‌متوانی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنم، له‌خوێندن دوور كه‌وتمه‌وه‌، دوای (10) ساڵی ته‌واو، گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ خوێندن له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌مه‌نم هه‌ڵكشابوو، ناچار چوومه‌ خوێندنی شه‌وانه‌، بڕوانامه‌ی ناوه‌ندیم به‌ده‌ست هێناو و درێژه‌م دا به‌خوێندن تاگه‌یشتمه‌ پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی، به‌داخه‌وه‌ نه‌متوانی بڕوانامه‌ی ئاماده‌یی به‌ده‌ست بهێنم جارێكی دیكه‌ ده‌ست به‌رداری خوێندن بوومه‌وه‌، واته‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ناوه‌ندیم.

پرسیار : كه‌ی هه‌ستت كرد حه‌زو ئاره‌زوو تان بۆ هونه‌ر هه‌یه‌‌ ؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

ته‌مه‌نم گه‌یشتبووه‌ (16) به‌هار، ساڵی ( 1977) له‌ڕێی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ ، یان له‌ڕێی نمایشكردنی شانۆگه‌رییه‌كانه‌وه‌ له‌شاری هه‌ولێر، زۆر حه‌زو ئاره‌زووم بۆ هونه‌ری نواندن هه‌بوو، ڕۆژ به‌ڕۆژ ئه‌و عه‌شقه‌ له‌ناخمدا په‌ره‌ی ده‌سه‌ند و چرۆی ده‌كرد، هه‌میشه‌ خه‌ونم به‌وه‌وه‌ ده‌دی ، منیش گه‌نجێكی جوان بووم و گرنگیم به‌ سیما و قژ و جل و به‌رگه‌كه‌م ده‌دا، حه‌زم ده‌كرد ڕۆژێك بێت و خۆم له‌ سه‌رشانۆ و له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن وه‌ك ئه‌كته‌ر ده‌ربكه‌وم.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خه‌ونه‌شم نه‌هاته‌ دی، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر شه‌رمن بووم و له‌ڕووم نه‌ده‌هات پرسیاربكه‌م ، هه‌روه‌ها كه‌سیشم نه‌ده‌ناسیی تا ڕێنمایم بكات و هاوكارم بێت و ده‌ستم بگرێت بۆهاتنه‌ دی خه‌ونه‌كه‌م  به‌داخه‌وه‌..!

 به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك هه‌ستم ده‌كرد به‌هره‌یه‌ك و تروسكاییه‌ك له‌ناخ و جه‌سته‌مدا بوونی هه‌یه‌ و په‌لكێشم ده‌كات ، منیش خۆم ڕاده‌ستی ئه‌و حه‌زه‌كرد و به‌ره‌و لای مۆسیقا و ئامێره‌كانی مۆسیقا كه‌مه‌ندكێشی كردم ، ئه‌و هه‌سته‌ زیاتر هانی دام و خووم دایه‌ مۆسیقا ، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچی لێ بزانم ئامێرێكی( ساز) م كڕی..!

 له‌ماڵه‌وه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌و ئامێره‌ شیرینه‌م له‌ئامێزده‌گرت و به‌رده‌وام خۆم پێوه‌ سه‌رقاڵ ده‌كرد و پرۆڤه‌م ده‌كرد، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ شاره‌زاییه‌كم لێی هه‌بێ، ڕۆژ به‌ڕۆژ هه‌ستم ده‌كرد ئه‌مڕۆ جیاوازترم له‌دوێنێ، چونكه‌ به‌متمانه‌و باوه‌ڕ به‌خۆبوونه‌وه‌ ئه‌و ئامێره‌م گرته‌ ده‌ست و هه‌ستم به‌په‌یوه‌ندییه‌كی ڕۆحی و عه‌شقێكی بێ وێنه‌ ده‌كرد له‌نێوانماندا، خۆم به‌سه‌ماعی( گوێگرتن) و واته‌ خۆڕسك خۆم فێركرد.

دوای ئه‌وه‌ی هه‌ستم كرد ده‌ست و په‌نجه‌م زیاتر ڕادێت له‌سه‌ر ژێكان، به‌هه‌ستێكی زۆر هونه‌رییانه‌ گوێم بۆ ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن ڕاده‌گرت، به‌عه‌شقه‌وه‌ گوێبیستی گۆرانییه‌كان ده‌بووم و دواتر له‌سه‌ر ئه‌و میلۆدییانه‌ پرۆڤه‌م ده‌كرد.

پرسیار : به‌شێوه‌ی خۆڕسك فێربوون، ئایا هیچ هه‌وڵتان نه‌دا بچیته‌ خولی فێربوونی مۆسیقا یان  مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌زا تا  به‌شێوه‌یه‌كی زانستی فێری ژه‌نینی ئامێری ساز ببیت؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :  نه‌خێر نه‌متوانی به‌شداری خولی مۆسیقا ببم ، چونكه‌ زۆرباش كه‌سم نه‌ده‌ناسی ، به‌ڵام هه‌رخۆم له‌ماڵه‌وه‌ پرۆڤه‌م ده‌كرد، به‌وشێوه‌یه‌ تا ساڵی (1981) به‌رده‌وام بووم ، هاوڕێیه‌كم هه‌بوو ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلۆن) ناوی ( حه‌بیب) بوو، ئه‌و ده‌یزانی ئامێری ساز م هه‌یه‌و له‌ماڵه‌وه‌ خۆم پێوه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌ و زۆر حه‌زوو ئاره‌زووی فێربوونی مۆسیقام هه‌یه‌، ڕۆژێك پێی وتم : تۆئه‌وه‌نده‌ حه‌زت بۆ مۆسیقا و ژه‌نینی ساز هه‌یه‌ بۆ نایه‌یت له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ تیپی مۆسیقای ( كاوه‌) كاربكه‌یت و زیاتر شاره‌زا و فێربیت  و ببیته‌ ژه‌نیارێكی باش ..!

پێشنیازه‌كه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاكێشام و له‌دڵه‌وه‌ ڕازی بووم ، چونكه‌ ئاواتم بوو  ڕۆژێك بێت  وه‌ك ژه‌نیارێكی كورد خزمه‌ت بكه‌م و له‌پشت ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان له‌شاشه‌ی تیڤی یه‌وه‌ ده‌ربكه‌وم ، له‌گه‌ڵ ( حه‌بیب) ی هاوڕێم ، خۆم و ئامێره‌كه‌م چووم بۆ باره‌گای تیپی مۆسیقای كاوه‌، تیپی ناوبراو ئه‌وكاته‌ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( سه‌یدئه‌حمه‌د به‌رزنجی 14/7/1952_3/2/1999) سه‌رپه‌رشتی تیپی مۆسیقای كاوه‌ی ده‌كرد، مامۆستا سه‌ید ئه‌حمه‌د و براده‌رانی تیپ زۆر خۆشحاڵ و پێشوازییه‌كی گه‌رمییان لێكردم، ئه‌وه‌نده‌ی تر حه‌زم بۆ هونه‌ر و مۆسیقا زیاتر بوو.

پرسیار : له‌ناو تیپی مۆسیقای كاوه‌ ، زۆر مایته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی تیپ به‌شداری چالاكی هونه‌ری كرد؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

سه‌ره‌تا كه‌ چوومه‌ تیپی كاوه‌، دوای تێست كردن  له‌لایه‌ن مامۆستا سه‌ید ئه‌حمه‌ده‌ وه‌ بڕیاری وه‌رگرتنم درا، هه‌رچه‌نده‌ هیچی پێ نه‌وتم ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ی پێ وتم ده‌ستخۆش به‌ڵام ماوته‌ تا زیاتر ده‌ست و په‌نجه‌ت له‌گه‌ڵ ئامێره‌كه‌ت ڕادێ ،  منیش ڕۆژانه‌ له‌گه‌ڵ براده‌ران پرۆڤه‌م ده‌كرد و سه‌رنجی ده‌ست و په‌نجه‌ی ژه‌نیاره‌كانی هاوڕێم ده‌دا، ماوه‌ی ( 6) مانگی ڕێك  له‌ناو تیپی كاوه‌ مامه‌وه‌ و  هه‌رپرۆڤه‌م ده‌كرد، مامۆستا سه‌ید ئه‌حمه‌د هه‌رپێی ده‌گووتم ماوته‌ هێشتا ، منیش بێزاربووم و بڕیارم دا واز بێنم و تیپ به‌جێ بهێڵم ..!

تا ڕۆژێك  هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( سه‌ید ئه‌حمه‌د) ڕۆحی شاد بێت ، پێی وتم ( نیگه‌ران مه‌به‌، ڕۆژانه‌ سه‌رنجی ده‌ست و په‌نجه‌ت ده‌ده‌م ، زۆر باش ده‌ست و په‌نجه‌تان له‌گه‌ڵ ژێی سازه‌كه‌ت ئاوێته‌ بووه‌، به‌ڵام ماوته‌بۆئه‌وه‌ی فێری مه‌قامه‌كان بیت و له‌سه‌ر شێوازی مه‌قامه‌كان مۆسیقا بژه‌نی) به‌هه‌رحاڵ درێژه‌م به‌مانه‌وه‌كه‌م دا تابوومه‌ ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای كاوه‌.

 ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ بڵێم وه‌ك ڕێزو وه‌فایه‌ك بۆ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی هاوكارم بوون، له‌ناسین و فێربوونی مه‌قامه‌كان سوپاسگوزاریانم ئه‌وانیش هونه‌رمه‌ندان ( به‌ختیار كۆیی) ژه‌نیاری ئامێری ( عود) ، زۆر هاوكارم بوو ئێستا له‌( یۆنان) ده‌ژی، هه‌روه‌ها( نه‌جمه‌دین بابه‌كر) ژه‌نیاری ئامێری ( ڤیۆلۆن) بوو.

شاره‌زایم له‌سه‌ر ناسینی مه‌قامه‌كان په‌یدا كرد و بوومه‌ ئه‌ندامێكی سه‌ره‌كی  تیپی مۆسیقای كاوه‌، ئه‌وه‌ندی بیرم بێت چه‌ند به‌رهه‌مێكمان بۆ هونه‌رمه‌ندان تۆماركرد وه‌ك :

( باگییه ، بۆ هونه‌رمه‌ند عاره‌ب عوسمان)

( له‌یلێ زه‌مان گۆڕاوه‌، بۆ هونه‌رمه‌ند بورهان خۆشناو)

(سێ یان چوار گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ند میران هه‌ركی ، گۆرانییه‌كان بریتی بوون له‌ : نه‌شێم نه‌شێم ، كێ روشكا كه‌ئه‌وله‌ندا ، به‌ژناتا و خانمێ لێ خانمێ ) و گۆرانییه‌ك بۆ ( ته‌لعه‌ت محه‌مه‌د ) به‌داخه‌وه‌ ناوی گۆرانییه‌كه‌م له‌یاد نییه‌.

له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانم تا ساڵی (1985) چالاكی هونه‌ریمان به‌رده‌وام بوو تا تیپی مۆسیقای كاوه‌  هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.

پرسیار : هه‌ڵوێستی خانه‌واده‌كه‌ت چی بوو كاتێك بوویته‌ ژه‌نیاری ساز و ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای كاوه‌ ؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

خۆم زۆر هه‌ستم به‌ به‌خته‌وه‌ری و دڵگه‌شیی ده‌كرد كه‌خۆم فێركردو بوومه‌ته‌ ئه‌ندامی تیپێكی مۆسیقا، وه‌ك له‌سه‌ره‌تادا ئاماژه‌م پێدا، باوكم به‌كڕینی ته‌پڵی شه‌ربه‌، زیاتر هانده‌ر و ڕێ خۆشكه‌رم بوو كه‌ هه‌نگاو بۆ نێو دنیای هونه‌ر هه‌ڵگرم، كاتێكیش بوومه‌ ژه‌نیار و كاری هونه‌ریم ده‌ستپێكرد، باوكم نه‌ك ڕێگر بوو ..! به‌ڵكو پێی وتم كوڕم ئافه‌رین خۆت فێری مۆسیقا كرد، به‌ڵام ده‌بێت ڕێز له‌ هونه‌ره‌كه‌ت و كه‌سایه‌تی خۆت بگریت و دڵسۆزانه‌ كاری هونه‌ریی بكه‌یت، ئه‌و فه‌رمایشته‌ی باوكم هه‌میشه‌ كردوومه‌ به‌وانه‌یه‌ك و ڕه‌چاوی وته‌ به‌نرخه‌كه‌ی باوكمم كردووه‌ له‌ژیانی هونه‌ریمدا.

پرسیار : هه‌وڵتان نه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی زانستی فێری ژه‌نینی ئامێری ساز و فێری نۆته‌ بن؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

دوای ئه‌وه‌ی شاره‌زایم له‌سه‌ر ناسینی مه‌قامه‌كان په‌یدا كرد، ئاره‌زووم بوو كه‌ فێری خوێندنه‌وه‌ی نۆته‌ بم ، دوو جار و له‌ دوو كاتی جیاواز به‌شداریی خولی فێربوونی نۆته‌ بووم ، یه‌كه‌م  له‌ساڵی (1984) یادی به‌خێر مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( سه‌یدئه‌حمه‌د به‌رزنجی) خولێكی بۆ فێربوونی نۆته‌ی مۆسیقا كرده‌وه‌ ، منیش به‌شداربووم و زۆر سوودم لێوه‌رگرت،  جاری دووه‌م  یه‌ك دوو ساڵ دوای ڕاپه‌ڕینی به‌هاری (1991)  بوو، هونه‌رمه‌ند ( چه‌تۆ نه‌ورۆز) خولێكی فێربوونی نۆته‌ی كرده‌وه‌  و به‌شداربووم.

پرسیار : دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای كاوه‌،ئایا نه‌چوویته‌ ناو تیپه‌ مۆسیقیه‌كانی دیكه‌ی شاری هه‌ولێر، یان له‌هیچ دام و ده‌زگایه‌كی  میری  دابمه‌زرێیت؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

نه‌خێر وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی خۆبه‌خش درێژه‌م به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانم دا، چونكه‌ هه‌ستم ده‌كرد له‌ناو شاری هه‌ولێر وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك زیاتر ناسرام ،هه‌رتیپێكی مۆسیقا پێویستیان به‌خۆم و ئامێره‌كه‌م هه‌بووایه‌، به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ هاوكارو پشتیوانیان بووم ، سه‌ره‌تا من كارم له‌سه‌ر ئامێری سازی هه‌وایی ده‌كرد، پاشان ئامێری سازی ( كاره‌بایی) م گرته‌ ده‌ست و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری تیپه‌ مۆسیقیه‌كان بووم.

له‌ساڵی (1996) به‌شێوه‌ی كارمه‌ندی( گرێبه‌ست) له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هونه‌ره‌كانی موزیك دامه‌زرام، ماوه‌ی (7) ساڵ به‌وشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بووم تا ساڵی ( 2003) بووم به‌كارمه‌ندێكی هه‌میشه‌یی له‌هه‌مان شوێن.

 پرسیار : وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ ئاواز دانان دا هه‌بووه‌ ، ئاره‌زووتان هه‌بووه‌ ئاواز بۆ هونه‌رمه‌ندان دابنێن؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

دوای كاركردنم له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ له‌ بواری ژه‌نینی ئامێری ساز ، له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری زۆر به‌هره‌مه‌ند و هونه‌رمه‌ند گه‌یشتم و په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌، حه‌زو ئاره‌زووم بۆ ئاواز دانان له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنم له‌ بواری ژه‌نینی سازه‌كه‌م دا ئه‌و زیاتر چرۆی ده‌كرد، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بڵێم هاوڕێی هونه‌رمه‌ندم ( زیاد ئه‌سعه‌د) ئه‌و هه‌سته‌ی تێدا به‌دی كردبوو له‌مندا، زۆر هانی دام كه‌ ئاواز دابنێم ، له‌و بواره‌شدا توانا هونه‌رییه‌كه‌م تاقیكرده‌وه‌ ، له‌دوای ڕاپه‌ڕین ساڵی (1991) یه‌كه‌م كاری ئاواز دانانم بوو،   دوو ئاوازم  بۆ هاوڕێی هونه‌رمه‌ند ( زیاد ئه‌سعه‌د) دانا و هه‌ردوو ئاوازه‌كه‌ به‌گه‌روو و ده‌نگی خۆشیی هونه‌رمه‌ند زیاد ئه‌سعه‌د گه‌یشته‌ گوێ و هه‌ستی هۆگرانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، ئاوازه‌كانم بریتی بوون  گۆرانی یه‌كه‌م :  ( ئه‌ی شۆخه‌كه‌ ده‌م قۆخه‌كه‌ی)

  گۆرانی دووه‌م : ( هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردانه‌) .

دواتر له‌سه‌ر ئاواز دانان به‌رده‌وام بووم، ده‌توانم بڵێم زیاتر له‌ (80) ئاوازم بۆ هونه‌رمه‌ندان داناوه‌،  ئاوازم بۆ مه‌نه‌لۆج بۆ هونه‌رمه‌ند( سابیر عه‌بدولڕه‌حمان) داناوه‌ ، هه‌روه‌ها ئاوازێكم بۆ بۆ كاره‌ساتی (1) یه‌كی شوبات ، له‌سه‌ر هۆنراوه‌یه‌كی( حه‌مه‌ سه‌عید ئیبراهیم) داناوه‌،

ڕاسته‌ من له‌شاره‌ جوانه‌كه‌ی ڕواندز چاوم به‌ژیان هه‌ڵهێناوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی (1976) وه‌ له‌ شاره‌ جوانه‌ی هه‌ولێری خۆشه‌ویست ده‌ژیم ، له‌ئامێزی گرتووم ،  خۆشه‌ویستیم بۆ جوانی و میهره‌بانی ئه‌و شاره‌ ئاوازێكم بۆ داناوه‌ ، له‌هۆنراوه‌ی(محه‌مه‌د جه‌واد) ، گۆرانیبێژ ( كامه‌ران ساڵه‌ح) له‌ساڵی (1994) خوێندوویه‌تی  :

( هه‌ولێر شاری ئه‌ڤینم ، بووكی مێژووی دێرینم) .

گۆرانی ( باڵابه‌رزه‌كه‌ی ڕواندزی ) هونه‌رمه‌ند ( نزار ڕواندزی) خوێندوویه‌تی ، گۆرانی ( چاوجوانه‌ هه‌ولێرییه ، لێت بێزار نیم و خه‌ره‌ندی ژین‌) عه‌زیز سه‌لام خوێندوویه‌تی،  گۆرانی (نازه‌ نازه‌ چیتر مه‌نازه‌) هونه‌رمه‌ند ( نوری گه‌رمیانی ) و گۆرانی  ( چخۆشیت دیت ) ئیدریس ڕواندزی خوێندوویه‌تی.   

 ئه‌وه‌نده‌ی له‌یادم بێت ئه‌م هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژانه‌ ئاوازه‌كانی منیان خوێندووه‌ ( نیزام شكور ، كامه‌ران ساڵه‌ح ، ستار كۆیی، سابیرعه‌بدولڕه‌حمان ، شوان ئه‌سعه‌د، فه‌رهه‌نگ عه‌بدولڕه‌حمان ، سه‌بوور عه‌بدولڕه‌حمان ، جاسم محه‌مه‌د، زانیار عیماد، ئیبراهیم ئیسماعیل ، ئیبراهیم ئه‌ربیلی ، یوسف كوردستانی ، ڕۆسته‌م سابیر و محه‌مه‌د عه‌زیز) .

 پرسیار : خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت ، ده‌مه‌وێت بپرسم ئایا هیچ ئاوازێكتان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ خوێندراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ به‌ناوی به‌ڕێزتان بهێنن؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

به‌داخه‌وه‌ ، به‌ڵێ ئه‌وه‌ كارێكی نه‌شیاوه‌ و جوان نییه‌ له‌ ناو هونه‌ردا، ئاماژه‌ به‌ناوی هونه‌رمه‌ندی ئاوازدانه‌ر نه‌درێت ، من وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك ڕێز له‌ هونه‌رمه‌ندان ده‌گرم ، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی بۆ پیرۆزی هونه‌ر و ڕه‌سه‌نایه‌تی هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یان تێده‌كۆشن، به‌ڵام زۆر نیگه‌رانم له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی هاوكاریان بووم  به‌پێدانی ئاواز ، له‌دیدار و چاوپێكه‌وتن یان له‌سه‌ر گۆرانییه‌كه‌ ناوی من ناهێنن..! به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند هه‌یه‌ دوو ئاوازم داوه‌تێ كه‌چی پێی شه‌رمه‌ له‌دیداری ته‌له‌فزیۆنی ناوی من بهێنێ ..؟!

ئاوازێكی شادم داوه‌ به‌هونه‌رمه‌ند كامه‌ران ساڵه‌ح ، به‌ناوی ( خۆمن له‌دووری) له‌ساڵی (1994)  خوێندوویه‌تی،  دواتر هونه‌رمه‌ند ( حسێنی شه‌ریفی) ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم له‌ساڵی (2008)  هه‌مان ئاوازی منی به‌تێكستێكی دیكه‌ خوێندووه‌ ، گۆرانییه‌كه‌ی حسێنی شه‌ریفی به‌ناوی ( مه‌نیج مه‌نیجه‌) یه‌ به‌ناوی فۆلكلۆره‌وه‌ ناساندوویه‌تی ، هه‌رچه‌نده‌ من ده‌ستخۆشیی لێده‌كه‌م  زۆر جوان ئه‌و ئاوازه‌ی خوێندووه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناوی منی نه‌هێناوه‌ ، له‌دیدارێكمدا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند حسێنی شه‌ریفی ئه‌و گازانده‌یه‌م لێكرد و به‌ڕاشكاوی پێم وت ئه‌و ئاوازه‌ هی منه‌ به‌ڕێزتان خوێندووتانه‌.

 پرسیار : وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار، جیا له‌هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر، مۆسیقاتان بۆ هونه‌رمه‌ندانی شاره‌كان یان پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان ژه‌نیوه‌؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

بێگومان زۆر كارم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی دیكه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌م كردووه‌، خۆشحاڵ و شادمانم كه‌ توانیبێتم له‌ڕێی سازه‌كه‌مه‌وه‌ پشتیوان و هاوكاری ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌  بووبێتم ، هونه‌رمه‌ندان ( ناسری ڕه‌زازی ، له شاری هه‌ولێر ، له‌دیانا ، ڕواندز ، ڕانیه‌  و جگه‌ له‌ئاهه‌نگی خێزانی) ، ( نه‌جمه‌دینی غوڵامی ، به‌كری له‌گزی ، شڤان په‌روه‌ر ، شیرین په‌روه‌ر ، گوڵستان ، كازۆ ، محه‌مه‌د دانش ، خه‌سره‌وی ماملێ ، عه‌زیزشارۆخ ، سه‌عید گاباری ، ئه‌حمه‌د زێباری و قادری سه‌یاحی ، هه‌روه‌ها له‌شاری مه‌هاباد  له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ ( محه‌مه‌دی ماملێ) و  كامه‌ران مه‌ته‌ری ،

ده‌كرێت ئه‌وه‌ش ڕابگه‌یه‌نم ، من كاری مۆسیقا له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی عه‌ره‌ب دا كردووه‌، له‌ساڵی (1987) له‌ یانه‌ی ( ئاوێزه‌) ی ئێستا له‌سه‌ر شه‌قامی شه‌ست مه‌تری له‌شاری هه‌ولێر ، له‌گه‌ڵ گروپێكی مۆسیقا به‌شداری ئاهه‌نگێك بووم ، دوای ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كه‌مان ، ئه‌و شه‌وه‌ هونه‌رمه‌ندی عه‌ره‌ب ( كازم الساهر) ئه‌ویش له‌وێ بوو، دوای نمایشه‌كه‌ی ئێمه‌ هاته‌ سه‌رشانۆ تا به‌رهه‌مه‌كانی  پێشكه‌ش بكات، به‌رله‌ده‌ستپێك بانگی كردم  و وتی : ده‌ستخۆشیت لێده‌كه‌م و سه‌رسامم به‌ عه‌زف و ئامێره‌كه‌تان، ده‌توانی ئه‌مشه‌و له‌گه‌ڵمدا عه‌زف بكه‌یت، گۆرانییه‌كانی منت له‌به‌ره‌، منیش ڕه‌زامه‌ندیم داو ئه‌و شه‌وه‌ تاكۆتایی ئاهه‌نگه‌كه‌ سازم بۆ ژه‌نی، له‌كۆتاییدا پێی وتم : به‌ڕاستی سه‌رسامم و زۆر خۆشحاڵت كردم ، بۆنایه‌یت له‌گه‌ڵمدا بۆ به‌غدا و ببیه‌ ژه‌نیاری هه‌میشه‌یم ،ڕه‌زامه‌ند نه‌بووم و به‌ڵێنم پێ نه‌دا و نه‌متوانی شاره‌كه‌م  به‌جێ بهێڵم.

جگه‌ له‌كازم الساهر ، مۆسیقام له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( صلاح عبدالغفور و یاس خضر) ژه‌نیوه‌ .

پرسیار : به‌ڕێزتان باسی كاری هونه‌ریتان له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند( محه‌مه‌دی ماملێ 1925_23/1/1999)  كرد ئایا كه‌ی و له‌كوێ ؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

ناتوانم بڵێم چه‌ند كارێكم له‌گه‌ڵ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌دا كردووه‌، به‌ڵكو له‌ كۆڕه‌وی ساڵی (1991) چوومه‌ شاری مه‌هابادی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان،  چوومه‌ خزمه‌تی هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ محه‌مه‌دی ماملێ، بۆیه‌كه‌م جار بوو له‌نزیكه‌وه‌ به‌دیداری شادبووم، زۆرخۆش حاڵبووم و خۆم پێ ناساند، زۆر به‌لوتفه‌وه‌ فه‌رمووی حه‌زده‌كه‌م گوێم له‌ مۆسیقای گۆرانییه‌ك بێ ،  منیش سازه‌كه‌م گرته‌ ده‌ست و به‌بێ به‌رنامه‌ی پێشوه‌خته‌ مۆسیقای گۆرانی ( به‌هه‌وران پایزه‌)م لێدا، ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ زۆر سه‌رنجی ده‌ست و په‌نجه‌می ده‌داو هه‌ستم به‌سه‌رسامی ده‌كردله‌ڕوخساریدا كه‌ ته‌واوبووم ، فه‌رمووی ئه‌مجاره‌ش دووباره‌ی بكه‌ره‌وه‌، مۆسیقاكه‌م دووباره‌ ژه‌نییه‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ هونه‌رمه‌ندی مه‌زن محه‌مه‌دی ماملێ یادی به‌خێر  تێیچریكاند و ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی ئاوێته‌ی ژه‌نینه‌كه‌ی من كرد ، كه‌ش و هه‌وایه‌كی هونه‌ریی پڕ سۆزو خۆشه‌ویستی له‌و ژووره‌دا به‌رجه‌سته‌ بوو، كاتێكم زانی ، ژووره‌كه‌ لێوان لێوبوو له‌خه‌ڵك و هه‌موو چێژیان وه‌رده‌گرت، كه‌ته‌واوبووم ماملێی گه‌وره‌ هونه‌رمه‌ند فه‌رمووی ( هه‌ربژیت ، ئافه‌رین بۆ ده‌ست و په‌نجه‌تان به‌ڕاستی ئه‌منت گه‌نج كرده‌وه‌ ، من زۆر پێویستیم به‌تۆیه‌ و لێر بمێنه‌ره‌وه‌ و له‌گه‌ڵمدا به‌ ، مه‌ڕۆره‌وه‌ بۆ عێراقێ) منیش زۆر به‌حورمه‌ته‌وه‌ پێم ڕاگه‌یاند، به‌ڕاستی منیش خۆش حاڵ و زۆری پێ شادمان بووم له‌خزمه‌تی به‌ڕێزتاندا مۆسیقام ژه‌نی ئه‌وه‌ مێژوویه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆمن ، به‌ڵام ده‌بێت بمبه‌خشی كه‌ناتوانم بمێنمه‌وه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه‌.

من بۆ یه‌ك ڕۆژ چوومه‌ شاری مه‌هاباد، ته‌نها بۆدیداری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره‌ محه‌مه‌دی ماملێ ، كه‌چی ماوه‌ی هه‌شت ڕۆژ له‌و شاره‌ ئازیزو هونه‌ردۆسته‌ مامه‌وه‌، هه‌رله‌و ماوه‌یه‌دا له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیار،كاسێتێكمان بۆ هونه‌رمه‌ندی شاری مه‌هاباد ( كامه‌ران مه‌ته‌ری 1945_2/9/2021) تۆماركرد.

پرسیار : له‌دوای ساڵی (1991) زۆر له‌ هونه‌رمه‌ندان  ڕێی هه‌نده‌رانیان گرته‌به‌ر و ژیانی غوربه‌تیان هه‌ڵبژارد، ئایا به‌ڕێزتان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌تان بۆ نه‌ڕه‌خسا،  ڕوو له‌هه‌نده‌ران بكه‌ن؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

 به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان بده‌مه‌وه‌ ، وه‌ك خۆم زۆر حه‌زوو ئاره‌زووی گه‌شتكردنم هه‌یه‌ بۆ وڵاتان ، به‌سرووشت و ژینگه‌ و كه‌لتووره‌كه‌یان و حه‌زیشم لێیه‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌یان ئاشنا بم ، گه‌شتم بۆ  چه‌ند وڵاتێك كردووه‌ وه‌ك ( توركیا ، جۆرجیا ، مصر ، ئارزه‌ربایجان  ، مالیزیا  و ئێران و ..تاد) ، وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌تان به‌ڵێ ده‌رفه‌تم بۆ ڕه‌خساوه‌و  زۆر له‌ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانم به‌تایبه‌ت هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست  ( ئه‌رده‌ڵان به‌كر 1967_10/10/2009) به‌ڕه‌حمه‌ت بێت،  هونه‌رمه‌ند زیاد ئه‌سعه‌د) هه‌وڵیان له‌گه‌ڵ دام كه‌ ڕووبكه‌مه‌ هه‌نده‌ران و له‌وێ درێژه‌ به‌هونه‌ره‌كه‌م بده‌م ، به‌ڵام من ئه‌و كاره‌م نه‌كرد، ژیانی ناو  وڵاتم له‌لاپه‌سه‌ندتر بوو، پێم شه‌رم بوو وڵات به‌جێبهیڵم، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌مزانی ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین له‌ئێمه‌ به‌ قه‌درترن؟!

پرسیار : هاوڕێیه‌تیتان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌رده‌ڵان به‌كر هه‌بووه‌، ئایا هیچ كارێكی هونه‌ریتان پێكه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

به‌داخه‌وه‌ بۆ هاوڕێی هونه‌رمه‌ندم ، ده‌نگخۆش و هونه‌رمه‌ندی به‌توانا ( ئه‌رده‌ڵان به‌كر) زۆر زوو بوو بۆ ئه‌و كۆچه‌ ناوه‌خته‌ی ، هونه‌رمه‌ندێكی به‌تواناو  ڕه‌چاوی هونه‌رێكی زۆر به‌رزی لێ به‌دی ده‌كرا، یادی به‌خێر  ساڵی (1993) گه‌ڕایه‌وه‌ كوردستان و زێده‌كه‌ی خۆی شاری هه‌ولێر ، له‌وساڵه‌دا به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند ( زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵلا) كاسێتێكمان به‌ناوی ( دێمه‌وه‌) بۆتۆماركرد، دیوێكی كاسێته‌كه‌ گۆرانی ئه‌وینداری بوو، دیوه‌كه‌ی تر گۆرانی شاد و خێرابوو.

پرسیار: ماوه‌ی چل ساڵ زیاتر له‌گه‌ڵ ئامێره‌ شیرینه‌كه‌تدا ئاوێزانی یه‌كدی بوون، هه‌رهه‌مان ئامێر و شێوازی ژه‌نینه‌كه‌ چه‌ند وه‌خته‌ كاری هونه‌ریی ئه‌نجام ده‌ده‌یت ، ئایا جگه‌ له‌خۆت هونه‌رمه‌ندی دیكه‌ هه‌ن پێیان سه‌رسام بیت؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

پێش من له‌شاری هه‌ولێر چه‌ند ژه‌نیارێكی ئامێری ساز هه‌بوون هه‌ریه‌كه‌ به‌پێی توانای خۆی خزمه‌تیان كردووه‌ وه‌ك ( ئه‌بوزێد، دێوانه‌ ، شه‌ریف كوردستانی ) ئه‌وانه‌ ته‌نها به‌شێویه‌كی ساده‌ سازیان ژه‌نیوه‌، منیش به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ درێژه‌م به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانم داوه‌،  هونه‌رمه‌ند ( ته‌لعه‌ت عارف)  ژه‌نیاری ئامێری (عود) له‌ساڵی (1986)  هاتوچۆی توركیای ده‌كرد، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆژێك له‌خزمه‌تیدا بووم و پێی وتم : بۆهه‌ربه‌وشێوه‌یه‌ سازده‌ژه‌نی، ژه‌نینه‌كانت ته‌حویلاتی تێدانییه‌ ، منیش به‌وته‌كه‌ی سه‌رم سوڕماو وتم چۆن ؟

وتی: با له‌توركیا سازژه‌نه‌كان له‌كاتی ژه‌نیندا ته‌حویلاتی تێدا ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن ( باغڵه‌مه‌) ، منیش وتم به‌ڕێزتان ده‌زانن چۆن ئه‌كاره‌ بكه‌م ، سوپاستان ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر زانیاریم پێ بده‌ی ، به‌جوانی بۆی ڕوونكردمه‌وه‌و زانیاری پێدام ، منیش له‌سه‌ر زانیارییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ته‌لعه‌ت عارف كه‌وتمه‌ پرۆڤه‌كردن، به‌ڵێ هه‌ستم كرد چێژی زیاتره ‌و له‌سه‌ر ئه‌وشێوازه‌ به‌رده‌وام بووم، ده‌توانم بڵێم من یه‌كه‌م كه‌سم له‌هه‌ولێر ئه‌و شێوازی ژه‌نینه‌م هێنایه‌ كایه‌وه‌.

به‌ڵێ چه‌ند ژه‌نیارێكی سازژه‌ن هه‌یه‌  كه‌ من به‌كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان سه‌رسامم و هیوای سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم، له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ی خۆمدا ( شیروان سه‌عدی و عارف چۆپان) له‌ناو توركیشدا ( عارف ساغ ) به‌ڕاستی قوتابخانه‌یه‌ له‌ ژه‌نینی ساز ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ئیبراهیم تاتڵیس) ژه‌نیارێكی ساز هه‌یه‌ ناوی ( كه‌مال) ه‌، ته‌نها ئه‌و چه‌ند ناوه‌م له‌یاده‌.

پرسیار : ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌بواری ژه‌نینی ئامێری ساز له‌ناو هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا، ڕۆڵێكی به‌رچاوتان بینیوه‌و جێ ده‌ستان ڕۆشنه‌، له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا گۆرانیشتان خوێندووه‌، ئایا چۆن بڕیارتان دا گۆرانی بخوێنن؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

هه‌رچه‌نده‌ من بۆخۆم گۆرانیبێژ نیم . به‌ڵام چه‌ند براده‌رێكم دركی ئه‌وه‌یان كردبوو كه‌ ده‌نگم خۆشه‌و توانای گۆرانی خوێندنیشم هه‌یه‌ ، به‌ڵام من زیاتر بواری ژه‌نینی مۆسیقاكه‌م له‌لا گرنگتر بوو، تائێستا چه‌ندین هونه‌رمه‌ند و گۆرانیبێژم پێگه‌یاندووه‌و  ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ناو  مۆسیقا و گۆرانی دا، كه‌وته‌ بیرم و هه‌وڵمدا له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه‌ خزمه‌ت به‌میلله‌ته‌كه‌م بكه‌م  گۆرانی بخوێنم ، هۆنراوه‌یه‌ك هه‌ڵبژێرم بۆ خۆشم و بۆ گوێگر گونجاوبێت، كه‌ گوێ بیستی ده‌بین خۆمان له‌ناو  چیرۆكه‌كه‌دا ببینین، گۆرانییه‌كه‌ ناوی ( ته‌مه‌ن) ه‌  په‌یوه‌سته‌ به‌ژیانی هه‌موومانه‌وه‌، تێسكتی هۆنراوه‌ی ته‌مه‌ن هه‌ڵقوڵاوی ناخی جوانی ( نازم دڵبه‌ند) ی شاعیره‌، خۆم ئاوازم كرده‌ گه‌ردنی هۆنراوه‌ به‌رزه‌كه‌ی ته‌مه‌ن ، ده‌بێت وه‌ك وه‌فایه‌ك ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ئازیزانه‌ له‌گه‌ڵمدا به‌شداربوون :  هونه‌رمه‌ندان

(  سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی و سه‌نارمحه‌مه‌د ، ئامێری كه‌مانچه‌ ) ،( سه‌رهه‌نگ ئاكره‌یی ، ئامێری ئۆرگ) ،( ئازاد خه‌یلانی ، ئامێری نای ) خۆشم سازم ژه‌نیوه‌و  گۆرانیه‌كه‌شم خوێندووه‌.

پرسیار : مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( زرار محه‌مه‌د مسته‌فا) ، وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی مه‌زن و هاوشاریتان ده‌توانی خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ن ؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

 جیا له‌وه‌ی كوڕی ئامۆزای باوكمه‌ ، یه‌كێكه‌ له‌هونه‌رمه‌نده‌ مه‌زن و نه‌مره‌كانی گه‌له‌كه‌م ، ڕاسته‌ من له‌ژێر سایه‌و قوتابخانه‌كه‌ی ئه‌ودا فێری مۆسیقا نه‌بووم ، به‌ڵام به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی دڵسۆزانه‌ی چه‌ند نه‌وه‌یه‌كی پێگه‌یاند ئه‌مڕۆ جێی شانازین، مامۆستا زرار زۆرمه‌به‌ستی بوو خزمه‌ت به‌ ڕواندز و كوردستان و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی بكات ، به‌ڵێ زۆر تێكۆشا و به‌كرده‌وه‌ش سه‌لماندی ، كاتێك بووم به‌ژه‌نیاری ئامێری ساز و توانای ژه‌نینم هه‌بوو، له‌ شاری هه‌ولێر ناسراو بووم ، مامۆستا زرار یادی به‌خێر ده‌ینارد به‌دوامدا، منیش به‌خۆم و سازه‌كه‌مه‌وه‌ ئاماده‌ ده‌بووم و له‌خزمه‌تیدا بووم ، له‌زۆر كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵیاندا هاوكار و به‌شداربووم .

پرسیار : ڕۆژانه‌ خۆتان به‌چییه‌وه‌ سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن ؟

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر :

وه‌ك پێشتر ئاماژه‌م پێدا من فه‌رمانبه‌رم له‌ به‌شی هونه‌ره‌كانی موزیك له‌هه‌ولێ ، ڕۆژانه‌ ده‌چمه‌ سه‌ركار و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم خۆمان سه‌رقاڵی پرۆڤه‌كردن ده‌كه‌ین ، ئه‌وه‌ له‌ فه‌رمانگه‌كه‌م  ، له‌ماڵیشه‌وه‌ هه‌تا ده‌رفه‌تم هه‌بێت خۆم زیاتر به‌ ژه‌نینی مۆسیقا له‌گه‌ڵ‌ئامێره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م  به‌سه‌ر ده‌به‌م .

هونه‌رمه‌ند جه‌لال شاكر ، له‌ساڵی (1993) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌، وێڕای سڵاو بۆ ئه‌و مێژووه‌ دوور و درێژ و پڕ خزمه‌ته‌ی به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، ده‌خوازم پڕ ته‌ندروست و به‌رده‌وام بێت له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر.

جه‌مالی ده‌لاك 15/5/2023 هه‌ولێر.

سوپاس و پێزانین بۆ هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار جه‌لال شاكر ، ئه‌و كاته‌ی پێ به‌خشین تا زانیاریی له‌سه‌ر ژیان و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی وه‌ربگرین.

 

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.