Erbil 21°C ھەینی 22 تشرینی دووەم 16:40

قادری سه‌یاحی.. ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ی گۆرانییه‌كانی له‌هەرێمی كوردستان به‌ناوی سه‌عیدی قه‌ندی بڵاوكرایه‌وه‌..؟!

 ( 4/6/1943_17/4/2022) 
کوردستان TV
100%

_گۆرانیبێژ ، ئاوازدانه‌ر و دابه‌شكاری مۆسیقا و مامۆستای مۆسیقا وسه‌رپه‌رشتیاری گرووپی مۆسیقا.
_ به‌كلارنێته‌كه‌ی هاوكاری هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك بووه‌، له‌گۆرانی ( ده‌چمه‌ سه‌ر ناڵه‌شكێنه‌) .

قادری سه‌یاحی هونه‌رمه‌ندێك ماوه‌ی نیوسه‌ده‌ خزمه‌تكردن و تێكۆشان و به‌خششی هونه‌ری و ، به‌رهه‌مێكی كه‌م به‌ڵام ناوازه‌ و كاریگه‌ر و هونه‌رێكی پوخت و پڕ چێژی هونه‌ری،
له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، ده‌نگێك به‌هه‌گبه‌یه‌كی پڕ هونه‌ری ،له‌ میلۆدی و تێكستی دڵنشین، له‌شاره‌كانی باشووری كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له‌ته‌واوی تۆمارگاكان و شوێنه‌ گشتییه‌كان ده‌بیسترا،
( ھەر ئەمنم ئەو کەسە ژینی بۆ تۆ ماوە
حەز لەکەس ناکەم قەت تاکوو دونیا ماوە
ھەر تۆی قسەی عیشقم تووخوا مەمخە لاوە
تووخوا مەمخە لاوە جەرگــــــم ســــــــووتاوە) 
 ئه‌و كاسێته‌، كۆمه‌ڵه‌ میلۆدییه‌كی خۆش و به‌ مۆسیقایه‌كی پڕه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی هۆگرانی هونه‌ری كوردی دانا و به‌ناوی  هونه‌رمه‌ند ( سه‌عیدی قه‌ندی) بڵاوكرایه‌وه‌و له‌تۆمارگاكان ده‌فرۆشرا،ده‌توانم بڵێم دوای چه‌ندین ساڵ هێشتا له‌هه‌ندێك تۆمارگا و له‌لای هه‌ندێك كه‌س ئه‌و ده‌نگه‌ خۆشه‌ به‌هونه‌رمه‌ند(سه‌عیدی قه‌ندی ) ده‌ناسرێت..؟!‌ .
ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ته‌نها به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی نه‌كراوه‌، به‌ڵكو به‌رامبه‌ر به‌ هونه‌رمه‌ند( نه‌جمه‌دینی غوڵامی) یش له‌ كۆتایی ساڵانی حه‌فتاكان ، یه‌كه‌م كاسێتی هونه‌رمه‌ند ( نه‌جمه‌دینی غوڵامی) به‌ناوی( نازدار و نازدار) له‌باشوور بڵاوبۆوه‌ به‌ناوی هونه‌رمه‌ند( ناسری ڕه‌زازی) یه‌وه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له‌ڕێی به‌رهه‌می( ئای چه‌نده‌م خۆش ئه‌وێ) وه‌ ناسرابوو، كاسێتی( نازدار و نازدار) به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ گروپێكی مۆسیقای ڕۆژئاوایی تۆماركرابوو به‌ناوی ڕه‌زازی بڵاوكرایه‌وه و له‌تۆمارگاكان ده‌فرۆشرا‌..!، تا ساڵی (1979) هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی هاته‌ باشووری كوردستان و له‌شاری سلێمانی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی ڕاستكرده‌وه‌ و وتی ( ئه‌و كاسێته‌  كه‌به‌نازدار و نازدار بڵاوبۆته‌وه‌ ئه‌و ده‌نگه‌ من نیم ، ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند نه‌جمه‌دینی غوڵامی یه‌و هاوڕێ و هاوشاریمه و ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشه‌‌) ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌ خودی هونه‌رمه‌ند قادر سه‌یاحی توانی ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ ڕاست بكاته‌وه‌ ، نه‌ دڵسۆزێكی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بڵێ ( گه‌لی براده‌رینه‌ ئه‌و ده‌نگ و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ سه‌رنج ڕاكێشه‌، ئه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند ( سه‌عیدی قه‌ندی نییه‌ و به‌ڵكو هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی) یه‌.
به‌پێویستی ده‌زانم بۆ خوێنه‌رانی ئازیزی ڕوون بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵێ هونه‌رمه‌ندێك هه‌یه‌ به‌ناوی ( سه‌عیدی قه‌ندی) و خه‌ڵكی شاره‌ دێرینه‌كه‌ی كوردان ، شاری ( كرماشان) ه‌، خاوه‌نی ده‌نگێكی ناسكی به‌سۆزه‌و هاوشانی كۆمه‌ڵه‌ هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشی به‌توانا، له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌ڕادیۆ كرماشانه‌وه‌ ده‌نگ وهونه‌ری به‌رزیان به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاوبۆته‌وه‌و یاده‌وه‌رییان له‌نێو هه‌ست وسۆزی هه‌واداران و هۆگرانی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی دا داناوه‌، هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك( حیشمه‌توڵڵا لوڕنه‌ژاد 1947_16/9/1995)،( ئیسماعیلی پیرخدری(،فیرووزی سابوور) ،(ئیسماعیلی سابوور1957_16/6/2019) ، (حوسێن ئه‌لبورزی) ، ( یه‌دوڵڵای ڕه‌حمانی1951_28/5/2011) و ( ئیسماعیل خانی مه‌سقه‌تی 1922_2008)، ( ڕه‌زای سه‌قایی) و ( عه‌تاخانی سه‌عید مه‌نسوور 1917_1981) و ....تاد) ، هونه‌رمه‌ند سه‌عیدی قه‌ندی دوای تۆماركردنی ده‌یان به‌رهه‌می وه‌ك ( ڕامشگه‌ر ، كوڵه‌نجه‌ ، سه‌میره‌ ، نه‌ورۆز، په‌پووسوله‌یمانی ، ئای له‌یلێ ، ئازیزم باوانم ، باران بارانه‌ ، شاری كرماشان، شه‌می شه‌بستان  و ،،،تاد) پێشكه‌شی گه‌نجینه‌ی هونه‌ری  مۆسیقا و گۆرانی كوردی كردووه‌، زێدو خاكی پیرۆزی كوردستان جێ دێڵێ و ڕووده‌كاته‌ هه‌نده‌ران، له‌ ( پاریس) ی پایته‌ختی ( فه‌ره‌نسا) نیشته‌جێ ده‌بێت، ئه‌وه‌نده‌ی من بزانم تا كۆتایی ساڵی (2016)  له‌ پاریس درێژه‌ی به‌ژیان داوه و له‌ژیاندا مابوو...!‌.
 با بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ربابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌‌ ، تایبه‌ت به‌هونه‌رمه‌ندێك خاوه‌نی چه‌ندین خه‌سڵه‌تی هونه‌رییه‌، به‌كۆمه‌ڵه‌ گۆرانییه‌كی به‌سۆز پانتاییه‌كی فراوانی له‌دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی جێگرتووه‌ و ، ده‌نگ هونه‌ره‌كه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر زۆرێك له‌هونه‌رمه‌ندان و ده‌نگبێژان له‌باشوور و باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان  داناوه‌و گۆرانییه‌كانی ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ فره‌ هونه‌ره‌یان خوێنده‌وه‌و له‌گۆڕه‌پانی  هونه‌ری گۆرانی و ئاوازی كوردی  دا ده‌ركه‌وتوون، هونه‌رمه‌ندان ( زیاد ئه‌سعه‌د ، هاوتا ئه‌سعه‌د ، له‌یلافه‌ریقی،  هۆزان سه‌رحه‌د ،جه‌لال سه‌عید ، عاره‌ب عوسمان  و نیزام شكور، شه‌هریبان،خێرۆ عه‌باس و سوهه‌یل فه‌سیحی) ،  هونه‌رمه‌ندی فارس( بیژه‌ن مرته‌زه‌وی) ئاوازی گۆرانی ( یاره‌كه‌م چاوی شینه‌ی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی خوێندووه‌ به‌بێ ئاماژه‌دان به‌ناوی هونه‌رمه‌ند و ناوی گۆرانییه‌كه‌شی گۆڕیوه‌ بۆ ( سه‌وزه‌ڵه‌).
له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا گۆرانییه‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌وه‌ دووباره‌‌ ده‌خوێندرانه‌وه‌، جێی داخه‌‌ ئاماژه‌ به‌ناوی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی نه‌دراوه‌، ئه‌وه‌ش زه‌وتكردنی مافی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی بووه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین ، یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی ناوه‌ دروسته‌كه‌ی  هونه‌رمه‌ند نه‌زانراوه‌و به‌ناوی هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌وه‌ ناسێندراوه‌، لایه‌نی دووه‌میش نه‌بوونی ده‌زگایه‌كی ڕاگه‌یاندنی گشتگیر تایبه‌ت بێت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندان و نه‌بوونی به‌رگ و كه‌ڤه‌ر بۆ ئه‌لبومی هونه‌رمه‌ندان و نووسینی ناوی هونه‌رمه‌ند ، شاعیر و ئاوازدانه‌رو هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیاری به‌رهه‌مه‌كه‌ تا له‌لای گوێگران و هۆگرانی ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ ڕۆشن بێت.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌نده‌ ده‌نگبێژانه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ئێستا گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی گوتۆته‌وه‌، هونه‌رمه‌ند( موراد كاوه‌) یه‌ ده‌رباره‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت (ئەو بەرهەمانەی هونەرمەند قادر سەیاحی پێشکەشی موزیکی کوردی کردوون، شتی جوان و دڵنشین و بە نرخن، بێجگە لە دەنگخۆشی و هونەری ئاوازدانان، لە لێدانی سازە بادییەکان شارەزاییەکی باشی هەبوو بە تایبەتی لە ژەنینی ئامێری کلارینێت دا. قەت ئەو شانسەم نەبوو لە نزیکەوە بەخزمەتی بگەم، بەڵام هەر لە منداڵییەو دەنگیم پێخۆش بووە و حەزم لە کارەکانی کردووە گوێم لە بەرهەمەکانی ڕاگرتووە. دواتر سێ دانە لە گۆرانیەکانیم گوتۆتەوە کە بریتین لە (گوڵی مەهابادی، یارەکەم مریەمی ناو بوو و یارەکەم چاوی شینە) (1). 
هونه‌رمه‌ند قادر سه‌یاحی :
له‌شاره‌ گرنگ و به‌ناوبانگه‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ، شاری ( مه‌هاباد)، له‌ڕێكه‌وتی ( 4/6/1943)  په‌روه‌ردگاری مه‌زن منداڵێك ده‌به‌خشێت به‌ ( محێدین 
  سه‌یاحی) و نێوی ده‌نێن ( قادر) ، دواتر به‌ ( قادری سه‌یاحی) ده‌ناسرێت و ناوبانگ ده‌رده‌كات.
 ڕۆژگاره‌كانی ته‌مه‌نی به‌ره‌و ئه‌و ئاسته‌ ده‌ڕوات كه‌ بخرێته‌ به‌رخوێندن ، قادری سه‌یاحی قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی  و تاوه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی دبلۆم له‌شاری مه‌هاباد ته‌واو ده‌كات.
به‌هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندی ناوچه‌ی موكریان و شاری مه‌هاباد به‌تایبه‌تی له‌بواری وێژه‌و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ر، قادری منداڵ له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه‌ كاریگه‌ری ژینگه‌ی زێده‌كه‌یی له‌سه‌ر بووه‌، له‌ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ حه‌زوو ئاره‌زووی بۆ مۆسیقا هه‌بووه‌، چونكه‌ هونه‌رمه‌ند زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی ئایینی و مه‌زهه‌بی بووه‌، ئامێری ده‌ف بوونی هه‌بووه‌ له‌ناو خانه‌واده‌كه‌یان، قادری منداڵ له‌ڕێی ژه‌نینی ئامێری ( ده‌ف) ه‌وه‌ زیكری كردووه‌ و هه‌م گۆرانی ئه‌ویندارانه‌شی خوێندووه‌، عه‌شق و خۆشه‌ویستی بۆ مۆسیقا ده‌ربڕیوه‌ ، به‌ڵام به‌هۆی داب و نه‌ریت و لایه‌نی دینداری بنه‌ماڵه‌كه‌ی زۆرجار كێشه‌ی بۆ دروست بووه‌ و ڕێگری لێكراوه‌ .
دوای به‌ده‌ستهێنانی دبلۆم، هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ (تاران) ی پایته‌ختی ئێران ، له‌ تیپی مۆسیقای سوپای ئێران وه‌رده‌گیرێت،بۆزانیاریی خوێنه‌ران له‌ڕۆژهه‌ڵات و له‌باشووری كوردستان، هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری كلارنێت و ئامێره‌كانی تری مۆسیقا مان هه‌یه‌ ئه‌وانیش له‌ڕێی تیپی مۆسیقای سوپاوه‌ فێری ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا بوون، وه‌ك ( حه‌سه‌ن كامگار 1923_1992)  ،( شه‌وكه‌ت ڕه‌شید1930_17/4/1991) ، ( عه‌باسی نیرومه‌ند 1931_ 27/9/2016) ، و مزه‌فه‌ركامگار).
 هونه‌رمه‌ندقادری سه‌یاحی مه‌به‌ستی بووه‌ له‌نێو ئه‌و تیپه‌ مۆسیقیه‌( مۆسیقای سوپا) زانیاریی ته‌واو به‌ده‌ستبهێنێ له‌سه‌ر ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقا تایبه‌ت فووداره‌كان وه‌ك( كلارنێت، ساكسیفۆن و فلوت) به‌هۆی زیره‌كی و لێهاتوویی و ئه‌و عه‌شقه‌ بێ وێنه‌یه‌ی بۆ مۆسیقا هه‌یبووه‌، به‌شێوه‌ی زانستی فێری ئه‌و ئامێره‌ مۆسیقیانه‌ی ناوم هێناون بووه‌،  دواتر ده‌بێ به‌مامۆستای مۆسیقا و سه‌رۆك و سه‌رپه‌رشتیاری تیپی مۆسیقا، ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری (ورمێ) له‌وێ ده‌بێت به‌سه‌رۆكی( ئۆركێسترای یانه‌ی ئه‌فسه‌رانی ورمێ) و له‌سه‌ر ئه‌و پیشه‌یه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت تا ساڵی ( 1978)ی زایینی(2) . 
هونه‌رمه‌ند دوای به‌ده‌ستهێنانی شاره‌زایی به‌شێوه‌یه‌كی زانستی له‌سه‌ر ئامێره‌ فوداره‌كان، ئامێری ( كلارنێت) ده‌بێته‌ ئامێری دڵخوازی بۆ هه‌میشه‌ له‌ئاهه‌نگ و كۆنسێرته‌كاندا تا دوارۆژه‌كانی ژیانی ئامێری ( قه‌ره‌نی یان كلارنێت) ی ژه‌نیوه‌.
دوای ئه‌وه‌ی له‌شاری ورمێ نیشته‌جێ ده‌بێت وسه‌رپه‌رشتی ئۆركێسترای سوپا ده‌كات، له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وكاتی ئێران بۆمه‌به‌ستی گه‌شه‌كردن و به‌ده‌ستهێنانی زیاتر له‌زانستی مۆسیقا هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی ڕه‌وانه‌ی شاری (باكۆ) ی ( ئازه‌ربایجان) ده‌كرێت و ، ماوه‌ی شه‌ش‌ مانگ به‌شداری خولی مۆسیقا ده‌كات، ( له‌به‌رئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا قادری سه‌یاحی یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ند بوو ژه‌نیاری كلارنێت بوو، زۆر كارامه‌ و لێهاتوو بوو له‌ژه‌نینی ئه‌و ئامێره‌، من كه‌ ماوه‌ی (9) ساڵ له شاری‌ ورمێ  له‌ناوه‌ندی بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاری ( سرووه‌) له‌خزمه‌تیدا بووم، له‌خودی هونه‌رمه‌ندم بیستووه‌،  ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌ئازه‌ربایجان به‌شداری خولی مۆسیقا بووه‌ ،له شاری ‌(تاران) یش بۆماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌لای مامۆستایه‌كی به‌ڕه‌گه‌ز ئه‌مریكی وانه‌ی مۆسیقای وه‌رگرتووه‌) (3). 
له‌شاری ورمێ هونه‌رمه‌ند به‌هۆی به‌هره‌ هونه‌رییه‌كه‌یه‌وه‌ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ به‌شه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و شاره‌( كۆشكی لاوان و یانه‌ی ئه‌فسه‌ران) په‌یداده‌كات ،ئاشنا ده‌بێت به‌ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ  و ، گروپێكی مۆسیقا بۆ هه‌ر سێ زمان و هونه‌ری ( كوردی ، توركی و فارسی) داده‌مه‌زرێنێ، ئه‌ركی سه‌ره‌كی وه‌ك سه‌رپه‌رشتیار ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ و به‌ر‌هه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی ئه‌و كاتی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ ده‌كه‌وێته ‌سه‌رشانی  هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی و هونه‌رمه‌ندانی گروپی مۆسیقاو كاره‌ هونه‌رییه‌كان تۆمارده‌كه‌ن، هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی ورمێ له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ پێكهاتووه‌ (  قادری سه‌یاحی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ و سه‌رپه‌رشتی گرووپی مۆسیقا، ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد، ئیسماعیلی شاهی، فاروقی مه‌تین ، ئیره‌ج شارۆخ، په‌ری نیكنه‌واز، هیدایه‌ت قانعی و ئه‌سغه‌ر سادقی، گۆرانیبێژانی گرووپ : (مه‌لیحه‌ ئابادی ، ئیران موجه‌ڕه‌د و فه‌ره‌یدون وه‌رده‌)(4).
كارو تێكۆشانه‌ هونه‌رییه‌كانی  هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی و گرووپی مۆسیقا به‌شێوه‌یه‌ك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌ناسرێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت و كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ندین شاری ئێران كۆنسێرت و ئاهه‌نگ ئه‌نجام بده‌ن و پێشوازی گه‌رمییان لێبكرێت.
هونه‌رمه‌ند له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند جارێك ڕوو ده‌كاته‌ ڕادیۆی كرماشان به‌مه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی و هه‌روه‌ها چه‌ندجارێكیش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زێده‌كه‌ی شاری مه‌هاباد، له‌نزیكه‌وه‌ ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌كه‌ی په‌یداده‌كات.
هونه‌رمه‌ند قادر سه‌یاحی جیا له‌ژه‌نینی ئامێری كلارنێت، هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش ، ئاوازدانه‌ر و شاعیر ، ئاماده‌كارو دابه‌شكارێكی شاره‌زای مۆسیقا‌، هه‌روه‌ها خاوه‌ن زه‌وق و سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌رییه‌ له‌دانانی هۆنراوه‌و  ڕێكخستنی به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ریی له‌گه‌ڵ میلۆدییه‌كانی.
له‌وماوه‌یه‌ی سه‌ردانی شاری مه‌هابادی كردووه‌، به‌هاوكاری كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی ده‌ست و په‌نجه‌ زێڕین به‌رهه‌مێكی (12) تراكی له‌ساڵی (1972) له‌ڕادیۆی مه‌هابادتۆماربكات، كه‌ تائێستا ئه‌و گۆرانییانه‌ بۆن و به‌رامه‌ی هونه‌رێكی پڕچێژ و ڕه‌سه‌نایه‌تی لێده‌چۆڕێ و هه‌ركات گوێ بیستی ده‌بین ، په‌لكێشمان ده‌كاته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاكان له‌كوچه‌ و شه‌قام و چایخانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان گوێمان له‌ده‌نگه‌ به‌سۆزه‌كه‌ی قادری سه‌یاحی بوو، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌ سه‌ركه‌وتووه ‌به‌هاوكاری كۆمه‌ڵه‌ ژه‌نیارێكی به‌توانا تۆماری كردووه‌:
( یاره‌كه‌م مریه‌می ناوبوو 
فایده‌ی چی وه‌فای بۆم نه‌بوو
سه‌د حه‌یف له‌ده‌ستم ده‌رچوو
ئای برینانم  مه‌كولێنه‌وه‌
یادم كه‌ فریادم كه‌
توخوا چاوجوان تۆنازمه‌كه‌
هه‌رچه‌ند جارێ نازان ده‌كه‌ی 
ئای ماڵێ له‌من وێران ده‌كه‌ی ....).
له‌وئه‌لبوومه‌دا چه‌ند ده‌نگی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی به‌سۆز و ئارامبه‌خشه‌،  هێنده‌ش مۆسیقای گۆرانییه‌كان چێژبه‌خش و ڕۆح ئارام ده‌كاته‌وه‌، به‌پێویستی ده‌زانم وه‌ك ڕێزو وه‌فایه‌ك ناوی گرووپی مۆسیقا بنووسم و سوپاسی هه‌ستی هونه‌رییان بكرێت :
( ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد _ ڤیۆلۆن ) ، ( ئه‌حمه‌د ئه‌حمه‌د زاده‌ _ فلوت ) ،( محه‌مه‌د دانش_ عوود) ،( ئه‌حمه‌د ناوڵوو_ عوود)، ( یوسف ڕه‌بیعی_ سه‌نتوور) ، ( فاروق مه‌تین_ سه‌نتوور) ،( به‌همه‌ن مه‌تڵوب _ تار) ،( حوسێن ڕه‌هبه‌ر _ زه‌ڕب) و (  قادری سه‌یاحی ژه‌نیاری كلارنێت و سه‌رپه‌رشتایاری گرووپی مۆسیقا و خوێندنی گۆرانی ).
هه‌روه‌ها به‌پێویستی ده‌زانم ئاماژه‌ به‌ناوی ئه‌و هونه‌ردۆست و خه‌مخۆرانه‌ بده‌م كه‌ زه‌حمه‌تیان كێشاوه‌ له‌ تۆماركردنی ئه‌و ئه‌لبومه‌ ئێستا بۆته‌ ئه‌رشیفێكی به‌نرخ و به‌پێز و ناوازه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی  ( مه‌ناف ئێران په‌نا ، سه‌یدمحه‌مه‌د جه‌عفه‌ری و محه‌مه‌د كه‌ریمی) (5).
  گۆرانیه‌ ناوازه‌كانی ئه‌لبوومه‌ هونه‌رییه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی  بریتین له‌ :
1/ ئامین ئامین ئامینێ
2/ تۆی نازەنینم
3/ یارەکەم مریەمی ناو بوو
4/ هەر تۆی قسەی ئیشقم
5/ خۆشم دەوێی ئەی یاری جوان
6/ گوڵی مەهابادی
7/ یاری بێوەفاکەم
8/ مەقام و غەزاڵ غەزاڵێ
9/ پاییزی دووریت
10/ قیبلەکەی ئیشقم جەمیلە
11/ دوعا دەکەم شەوو ڕۆژ ئەمن
   12/ یارەکەم چاوی شینە.
سه‌باره‌ت به‌ تێكست و ئاوازی ئه‌و ئه‌لبومه‌ هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت ( من هه‌موو گۆرانییه‌كانی خۆم كه‌ گوتوومن، هه‌م شیعره‌كه‌ ، هه‌م ئاوازه‌كه‌ هی خۆم بوون و خۆم دامناون و دابه‌شكردن و ئاماده‌كردنیشیان هه‌رخۆم كارم له‌سه‌ر كردوون) (6). هونه‌رمه‌ند ئه‌گه‌ر ئاوازی هونه‌رمه‌ندێكی دیكه‌ی خوێندبێ ، بێ شك زۆر لێزان و شاره‌زایانه‌ ده‌سكاری میلۆدییه‌كه‌ی كردووه‌، به‌شێوازی ده‌نگی خۆی خوێندوویه‌تی كردوویه‌تی به‌هی خۆی.
دوای تۆماركردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ هونه‌ریه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمییه‌ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ لێیكراوه‌، ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌تر بۆ  هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی  زیاتر تێبكۆشێت ، له‌شاری مه‌هاباد وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شاره‌زا له‌مۆسیقا به‌شێوه‌ی زانستی و سه‌رپه‌رشتیار ، ژه‌نیار، دابه‌شكار و ئاماده‌كاری مۆسیقا  هاوكاری چه‌ند هونه‌رمه‌ندێك ده‌كات بۆ سه‌رخستنی كاره‌ هونه‌رییه‌كانیان،  هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌حمه‌دی ئیسلامی ، (محه‌مه‌د دانش1945_12/9/2015) ، ئه‌حمه‌د لاوه‌ ، (شه‌هید جه‌مالی مفتی1956_19/7/1981) و به‌رهه‌می( تۆده‌ریامی) ی هونه‌رمه‌ند عه‌زیزشارۆخ و عه‌لی زه‌ندی ).
له‌ودیداره‌ی هونه‌رمه‌ند له‌ به‌رنامه‌ی فه‌ڕاشین ، باسی ژه‌نینی ئامێری كلارنێتی كرد له‌یه‌كێك له‌گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مر( حه‌سه‌ن زیره‌ك 1921_ 26/6/1972) .
بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ پێوه‌ندیم كرد به‌ ڕۆشنبیر و شاعیر ( عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف) و سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی خۆیی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی و هه‌روه‌ها  دیداری نێوان هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك و قادری سه‌یاحی ، بێلاف له‌وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندم ( هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی به‌ڕه‌حمه‌ت بێ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌مێژینه‌ی له‌گه‌ڵ بابم و بنه‌ماڵه‌كه‌مان هه‌یه‌، خۆی له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌ساداتی به‌رزنجه‌ن و له‌باشووره‌وه‌ كۆچیان كردووه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و نیشته‌جێ بوون، ئه‌وه‌نده‌ی بیرم بێت  هونه‌رمه‌ند تائێستا سێ جار به‌سه‌ردان هاتۆته‌ باشوور ، جاری یه‌كه‌م ساڵی (1983) له‌سه‌ر بانگهێشتی جه‌نابی بابم ته‌شریفی هێنا ، جاری دووه‌م ساڵێك دوای ڕاپه‌ڕین هات  و جاری سێیه‌م ساڵی (2006) بوو ، ئه‌و دووجاره‌ی دوایی میوانی من بوو له‌ماڵی ئێمه‌ مایه‌وه‌ و دواتر له‌سه‌ر داوای خۆی ژوورێكم له‌میوانخانه‌ بۆ گرت تا ئازادانه‌ پشوو بدات ، تا له‌شاری هه‌ولێر مایه‌وه‌  به‌رده‌وام له‌خزمه‌تیدا بووم، زۆربیره‌وه‌ی خۆشی له‌لاباسكردووم ، هه‌روه‌ها چه‌ند ئاوازێكی نوێی هه‌بوو ، مه‌به‌ستی بوو كه‌ تۆماریان بكات ، به‌ڕه‌حمه‌ت بێت كاك ( عیرفان زه‌نگه‌نه‌) خاوه‌نی میوانخانه‌وكۆمپانیای( چوارچرا) ئاماده‌یی نیشاندا كه‌ هاوكاربێت بۆتۆماركردنی ئه‌و كاره‌ نوێیانه‌ ، هونه‌رمه‌ند قادر سه‌یاحی داوای لێكردم هۆنراوه‌یه‌كی بۆبنووسم بۆ سروودێك ، به‌ناوی كوردستان ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ نه‌هاته‌ دی و گه‌ڕایه‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵات و نازانم ئه‌و ئاوازانه‌ چییان به‌سه‌رهات؟!، سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك ، ده‌یگێڕایه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر خۆش و برایانه‌ له‌نێوانیاندا هه‌بووه‌، ئه‌و كاته‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك له‌گه‌ڵ ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان كاری ده‌كرد، قادری سه‌یاحی ئه‌ویش ناوه‌ ناوه‌ ده‌چێته‌ ڕادیۆی كرماشان مه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی و خۆشی ژه‌نیارێكی باش و به‌توانای كلارنێته‌، جارێك ده‌چێته‌ ڕادیۆ هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌دی عه‌بدالصمدی) ژه‌نیاری كلارنێت و سه‌رپه‌رشتی ئۆركێسترای ڕادیۆی كرماشان ، ئه‌و ڕۆژه‌ نه‌هاتۆته‌ ڕادیۆ و حه‌سه‌ن زیره‌ك یش نۆره‌ی تۆماركردنی گۆرانی یه‌تی ، داوا له‌ قادری سه‌یاحی ده‌كه‌ن هاوكاریان بێت ، هه‌رچه‌نده‌ كاك قادر باسی یه‌ك دوو گۆرانی كرد كه‌به‌كلارنێت هاوكاری گرووپی مۆسیقا و حه‌سه‌ن زیره‌ك بووه‌ ، به‌ڵام زۆر به‌ڕاشكاوانه‌ گۆرانی( ده‌چمه‌ سه‌ر ناڵه‌شكێنه‌) یه‌كێكه‌ له‌و گۆرانییه‌ نه‌مرانه‌ی هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ك كه‌ هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی به‌كلارنێت به‌شداره‌)(7) .  
به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و گه‌ڕان به‌دوای زانیاری ووردتر سه‌باره‌ت به‌و كۆمه‌ڵه‌ ئاوازه‌ نوێیانه‌ی  هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی ، مه‌به‌ستی بووه‌ تۆماریان بكات ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك بووبێ ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام نه‌درا؟! هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌د لاوه‌) ده‌ڵێت : ( من له‌منداڵییه‌وه‌ حه‌زم به‌ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی كردووه‌، سوپاس بۆ په‌روه‌ردگار ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ شاری ورمێ له‌خزمه‌تیدا بووم و كارمان پێكه‌وه‌ كردووه‌ له‌زۆربه‌ی ئاهه‌نگ و كۆنسێرت و یاد و بۆنه‌دا به‌شداربووین، هونه‌رمه‌ند قادر سه‌یاحی خه‌ونێكی هه‌بوو ، ئه‌ویش كۆمه‌ڵه‌ ئاوازێكی هه‌بوو زۆری حه‌ز ده‌كرد تۆماریان بكات به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌توانرا ئه‌و خه‌ونه‌ی بهێنێته‌دی و له‌م چه‌ند ساڵی دوایش به‌ هۆی نه‌خۆشیی و گوێی گران بوون ژیانی سه‌خت بوو و كاری هونه‌ریی پێنه‌ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ لای تۆ ده‌یڵێم بۆمێژوو، ئه‌وه‌نده‌ نزیك بووین له‌یه‌ك و ئه‌و ئاوازانه‌ی بۆ خوێندبووم، هه‌موویانم له‌به‌ركردووه‌ و هه‌موو ئه‌و ئاوازانه‌ له‌لای من هه‌یه‌‌) (8).
هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی له‌هه‌ڕه‌تی پێشه‌نگی و پڕ ووزه‌و سه‌رحاڵی و سه‌ركه‌وتنی كاری هونه‌ریدا ده‌بێت، له‌ساڵی (1977) له‌ نزیك ده‌ریاچه‌ی ورمێ دووچاری ڕووداوی پێكدادانی ئۆتۆمبێل ده‌بێت و زۆر سه‌ختی بریندارده‌بێت، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌وكاته‌ به‌ (هه‌لیكۆپته‌ر) له‌ژێر چاودێری تیمی پزیشكی به‌په‌له‌ ده‌یگه‌یه‌ننه‌ تاران به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن، ماوه‌ی (40) ڕۆژ له‌چاودێری چڕی پزیشكی پسپۆردا ده‌مێنێته‌وه‌، ماوه‌ی شه‌ش مانگ له‌نێوان تاران و ورمێ دا چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌موو ددانه‌كانی له‌ده‌ست ده‌دا به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روونی داده‌نێ، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند به‌حاڵه‌شه‌وه‌ له‌ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر دوورناكه‌وێته‌وه‌و  به‌گوڕو تینێكی زیاتر له‌جاران سه‌رقاڵی تێكۆشانی هونه‌ری ده‌بێته‌وه‌، 
دوای سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی هونه‌ره‌كه‌ی ده‌خاته‌ خزمه‌تی به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ( كاك قادر سه‌یاحی دوای ئینقیلابی (1357) ی هه‌تاوی ( 1978) ی زاینی پێوه‌ندی به‌حیزبی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ گرتبوو، وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌ڕیزه‌كانی حیزبدا خه‌باتی ده‌كرد ، كاك قادر هونه‌ره‌كه‌ی بۆ خزمه‌ت به‌ئازادی و ڕزگاریی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌كارهێنا ، ده‌نگی و كلارنێته‌كه‌ی هه‌میشه‌ ده‌گه‌ڵمان بوو، له‌شاری مه‌هاباد، بۆكان ، دێهاته‌كانی مه‌نڤوڕایه‌تی چ كاری هونه‌ریمان بووبێ له‌به‌رنامه‌كاندا به‌شداری هه‌بوو، ساڵی (1359) ی هه‌تاوی (1980) ی زاینی به‌هۆی ئاسته‌م تربوونی خه‌بات و پێشمه‌رگایه‌تی هونه‌رمه‌ند قادر سه‌یاحی گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌هاباد)(9) . 
 دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆشاری مه‌هاباد و ماوه‌ی دووساڵ له‌ زێده‌كه‌ی نیشته‌جێ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ته‌وه‌ ده‌خرێته‌ ژێر فشاره‌وه‌ ، ئه‌ویش ناچار ده‌بێت خۆی خانه‌نشین بكات، بۆئه‌وه‌ی له‌ هونه‌ره‌كه‌ی دانه‌بڕێت ده‌بێته‌ ئه‌ندامی كارای گروپی مۆسیقای سروه‌، وه‌ك ژه‌نیار و ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژ و دابه‌شكاری مۆسیقا، له‌گه‌ڵ گروپی ناوبراو له‌شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان  و هه‌نده‌ران ، كۆنسێرت وئاهه‌نگ و چالاكی هونه‌ری ئه‌نجام داوه‌ ، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هه‌میشه‌یی تیپی مۆسیقای سروه‌ ( هۆشه‌نگ هیربوود_ عوود) ،( ئه‌سغه‌ر سادقی _تار) ،( هیدایه‌ت قانعی _ ڤیۆلۆن) ،( محه‌مه‌د سه‌فایی_ زه‌ڕب) ، ( ئیسماعیلی شاهی ، ڕه‌شید فه‌یزی نه‌ژاد ، محه‌مه‌د به‌رزین ، كه‌ریم سه‌فه‌ری سه‌رای ، ئه‌حمه‌د لاوه‌ ، عه‌لی زه‌ندی  و ئیره‌جی شاهرۆخ) .
یه‌كێك له‌ كاره‌ گرنگه‌كانی  هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی و گروپی مۆسیقای سروه‌، هاوسۆزی بووه‌ بۆ ساڵیادی كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ، له‌ساڵی (1990) وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی مۆسیقی و دانانی پارچه‌ مۆسیقا به‌شداری كردووه‌ له‌فیلمی ( بووكی هه‌ڵه‌بجه‌) .
له‌هه‌مان ساڵدا (1990) له‌ شاری ( بۆن) ی ئه‌ڵمانیا ، له‌ گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی گروپی مۆسیقای سروه‌، به‌شداری فیستڤاڵی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌شید فه‌یزنه‌ژاد، به‌همه‌ن فه‌رامه‌رزی و ئیسماعیلی شاهی)  دا ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی ، دوای  په‌نجا ساڵ خزمه‌تكردن  له‌ڕێی گۆرانی خوێندن ، ئاوازدانان ، دانانی هۆنراوه‌  و ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی مۆسیقا بۆ گۆرانیه‌كانی خۆیی و هونه‌رمه‌ندان، توانی ناو  و نازناوێك له‌دنیا جوانه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی بۆ خۆی  بنیات بنێ و ناوی بچێته‌ ڕیز به‌ندی هونه‌رمه‌ندانی  به‌رزی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، ئه‌گه‌ر به‌وردی له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ندین ساڵه‌ی ژیانی هونه‌رمه‌ند له‌ناو  ئاواز و گۆرانی دا واته‌ له‌ساڵی (1961) ی زاینی یه‌وه‌ بڕوانین ، به‌رهه‌می هونه‌ریی وه‌ك گۆرانی كه‌من ، به‌ڵام ئه‌لبومێكی خستۆته‌ سه‌رخه‌مان و گه‌نجینه‌ی ئاواز و گۆرانی ، ده‌هێنێ زۆر به‌ووردی خوێندنه‌وه‌ و شیكاری زانستی مۆسیقای له‌سه‌ربكرێت، چونكه‌ له‌ڕووی ئه‌داو میلۆدی و تێكستی گۆرانییه‌وه ‌سه‌رنج بده‌ین هونه‌ره‌كه‌ی تاقانه‌یه‌، هونه‌رمه‌ند ڕاسته‌ له‌شاره‌ جوان و قه‌شه‌نگه‌كه‌ی مه‌هاباد له‌دایكبووه‌ ، له‌وشاره‌وه‌ ده‌ستی پێنووسی گرتووه‌ و چرۆی هونه‌ر له‌ناخیدا پشكوتووه‌، به‌ڵام له‌تاران گه‌شه‌ی كردووه‌ و فێربووه‌ ، له‌ ورمێ زیاتر قاڵبۆته‌وه‌ له‌نێو میلۆدی و گۆرانی ، به‌ڵام له‌مه‌هاباده‌كه‌ی قازی و هێمن و هه‌ژار و ماملێ و وه‌فایی و سه‌یدڕه‌حیمی قوڕه‌یشی دا به‌رهه‌مێكی (12) گۆرانی خوڵقاند بۆهه‌میشه‌ له‌ناو هه‌ست و نه‌ستی هۆگرانی مۆسیقا و گۆرانیدا بوونی هه‌یه‌، كه‌واته‌ هونه‌رمه‌ند بۆماوه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌شارێك به‌ته‌واوی جێگیر نه‌بووه‌، به‌ڵكو له‌نێوان مه‌هاباد و ورمێ و دواهه‌واری بردۆته‌ شاری ( خۆی) له‌باكووری ‌پارێزگای ورمێ، تا دواساته‌كانی ژیانی ، به‌نه‌خۆشیی و هه‌ستی كه‌م بیستن( گوێ گرانی) ژیاوه‌،له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند چوارجار ژیانی هاوبه‌شی پێكهێناوه‌ و خاوه‌نی (6) منداڵه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كانی .
 به‌داخه‌وه‌  قادری سه‌یاحی خۆشخوان و ژه‌نیار و خۆش مه‌شره‌ب و شادی به‌خش، له‌ڕێكه‌وتی  (17/4/2022) خۆری ته‌مه‌نی له‌ (79) ساڵیدا ئاوا ده‌بێت و ، چاوه‌ گه‌شه‌كانی، دڵ پڕ له‌هیوا و هه‌سته‌ هونه‌رییه‌كانی  به‌هۆی ( جه‌ڵته‌ی دڵ) ه‌وه‌ده‌پێچیته‌وه‌ و ژیانئاوایی له‌هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات، شاری مه‌هاباد ئه‌مجاره‌ پێشوازی له‌جه‌سته‌یه‌كی ساردو سڕی بێ گیان ده‌كات، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی، له‌ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (18/4/2022)  له‌گۆڕستانی هونه‌رمه‌ندان و شاعیران و ناودارانی مه‌هاباد ئه‌سپه‌رده‌ ده‌كرێت، ئاماده‌بووانی مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی هونه‌رمه‌ندی فره‌ هونه‌ر( قادری سه‌یاحی)  هه‌موو تێكڕا به‌وتنه‌وه‌ی ‌یه‌كێك شاكاره‌كانی خۆیی، سسڕێزگرتن له‌مێژووی به‌خشش و تێكۆشانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند گۆرانی: 
(ھەر ئەمنم ئەو کەسە ژینی بۆ تۆ ماوە
حەز لەکەس ناکەم قەت تاکوو دوونیاماوە
ھەر تۆی قسەی عیشقم تووخوا مەمخە لاوە
تووخوا مەمخە لاوە جەرگم سووتاوە
ئەتۆی خۆشەویسیتم بەدڵ دەتپەرستم
ھەر ئەتۆی تەکیەگاھی شێعر و ھەڵبەستم
بەیادی دوو چاوت بەخوودای بێ مەی مەستم
وەڵڵا بێ مەی مەستم تۆی قسەی عیشقم
ڕەنگ زەرد و چاو بەگریانم بە خودای بێ تۆ
بێ دەنگ و مات و غەمبارم وەڵڵا بێ تۆ
جا بۆچیمە ئەمن ئەو ژیانە بێ تۆ
ئەو ژیانە بێ تۆ ئەی قسەی عیشقم) 
 ده‌خوێنن وبه‌و گۆرانییه‌ ماڵئاواییان له‌ هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی كردووه‌، یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی به‌رزو به‌ڕێزبێ ، كاره‌ هونه‌رییه‌كانی هه‌میشه‌ به‌دره‌وشاوه‌یی و زیندویی له‌ناو دڵ و ده‌روونی عاشقانی مۆسیقا و گۆرانی دا ده‌مێنێته‌وه‌.
 جه‌مالی  ده‌لاك 4/4/2023 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه‌ :
(1)    قادر سه‌یاحی ، كوردلاند ، پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی سه‌ربه‌خۆی كوردییه‌.
( 4 و 5) قادر سه‌یاحی ، له‌ئینسایكلۆپیدیای ئارزادی ویكیپیدیاوه‌.
(3 و8)هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ( ئه‌حمه‌د لاوه‌) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ( 2/4/2023) ( هه‌ولێر _ شاری شنۆی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان) .
(6) به‌رنامه‌ی ( فه‌ڕاشین) هونه‌رمه‌ند قادری سه‌یاحی  له‌گه‌ڵ ( عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف و هه‌ڵكه‌وت زاهیر ) پێشكه‌شكردنی ( ئیبراهیم ده‌روێش ئاڵی) كه‌ناڵی ئاسمانی ( كوردستان تی ڤی ) ،  یوتوب
 ( 23/8/2020).
(7) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ شاعیر و ڕۆشنبیر و دۆستی هونه‌رمه‌ندان ( عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف) ڕۆژی شه‌ممه‌ (1/4/2023) .
(9) وه‌فایه‌ك بۆ وه‌فادارێ ، نووسینی  تاهیر قاسمی ، 20/4/2022 .
سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌ریه‌ك له‌به‌ڕێزان كاك ( عه‌بدولڕه‌حمان بێلافی شاعیر ) و ( ئه‌حمه‌د لاوه‌ی هونه‌رمه‌ند) به‌زانیارییه‌كانیان هاوكارم بوون(ج،د).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.