Erbil 21°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 14:02

شانۆی ره‌ش

کوردستان TV
100%


كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
شانۆی ره‌ش یاخود( شانۆی رووناكی ره‌ش) ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ئه‌م جۆره‌ شانۆییه‌ ، بۆ ئه‌فسانه‌یه‌كی وڵاتی چین ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێ یه‌كێك له‌ ئیمپراتۆرییه‌كانی چین كوڕه‌كه‌ی ده‌مرێت ،زۆر خه‌فه‌ت بار ده‌ بێت، به‌جۆرێك ناتوانێ كۆستی كوڕه‌كه‌ی له‌بیر بكات ، بۆیه‌ یه‌كێك له‌ جادووكه‌ره‌كان كه‌ نزیك  بوو له‌ ئیمپراتۆر پێشنیاز ده‌كات چه‌ند نمایشێكی خه‌نده‌ ئامێر ئاماده‌ بكرێت وپێشكه‌ش به‌ ئیمپرتۆر بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆستی كوڕه‌كه‌ی له‌بیر بچێته‌وه‌ ،نمایشه‌كان به‌ به‌كارهێنانی سێبه‌ری جوڵاو له‌ دواوه‌ی په‌رده‌یه‌كی سپی له‌ رێگه‌ی به‌كارهێنانی مۆم بووه‌ واته‌( نمایشی خه‌یاڵی سێبه‌ر) به‌م شێوه‌یه‌ به‌پێی تێپه‌ر بوونی كات نمایشی سێبه‌ر گه‌یشته‌ وڵاتانی ئه‌وروپا وه‌كو چیكۆسلۆفاكیا، به‌ڵام ئه‌و نمایشه‌ی ئه‌مرۆ به‌ناوی شانۆی ره‌ش پێكه‌ش ده‌كرێت، زۆر جیاوازه‌ خاوه‌ن شێواز و فۆرمی خۆیه‌تی له‌ شانۆی سێبه‌ر ئه‌و كات ناچێت ، به‌ڵام هه‌موو بۆ چوونه‌كان ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ شانۆی ره‌ش پشت به‌ شانۆی سێبه‌ر ده‌به‌ستێت . 
شانۆی ره‌ش نوێ له‌ په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌سه‌رده‌ستی داهێنه‌ری فه‌رنسی (جۆرج لانیی) خاوه‌ن رووناكی سه‌رووی بنه‌وشه‌یی سه‌ری هه‌ڵداوه‌ ، ئه‌م رووناكییه‌ سیفه‌تێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ ،جگه‌ له‌ره‌نگی سپی و ره‌نگه‌كانی فسفۆری،هیچ ره‌نگێكی تر ده‌رناكه‌وێت . 
شانۆی ره‌ش،شانۆی داهێنانه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی شانۆیه‌كه‌ سه‌رتاپای به‌ره‌ش داده‌پۆشێت،به‌جۆرێك هه‌موو شتێك ره‌شه‌ هه‌ر له‌جل وبه‌رگی ئه‌كته‌ره‌كان هه‌موو په‌رده‌كان هه‌روه‌ها هۆڵی نمایشیش ره‌ش ده‌بێت ،به‌جۆرێك هیچ شتێك ده‌رناكه‌وێت ،جگه‌ له‌ روخساری ئه‌كته‌راه‌كان یاخود جه‌سته‌كانیان ده‌رده‌كه‌وێت، بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ پشت به‌ سینۆگرافیایه‌كی به‌رچاو وگونجاو ده‌به‌ستێت ،هچ شتێك له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ و بینمیچی شانۆ ده‌رناكه‌وێت ، ته‌نیا ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ ئه‌كته‌ر مه‌به‌ستییه‌یه‌تی ده‌رده‌كه‌وێت، رێگا به‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی رووناكی نادرێت به‌كار بێت، جگه‌ له‌ تیشكی سه‌روی بنه‌وشه‌یی نه‌بێت .
شانۆی ره‌ش یاخود رووناكی ره‌ش بریتییه‌ له‌و نمایشه‌ شانۆییه‌ی ،كه‌ هه‌موو شانۆییه‌كه‌ به‌ په‌رده‌ی ره‌ش داپۆشراو بێت ، هه‌روها سه‌رجه‌م ئه‌كته‌ره‌كان جل وبه‌رگی ره‌ش له‌به‌ر ده‌كه‌ن و هه‌موو ده‌ورپشتیان ره‌ش ده‌بێت ، هیچ رووناكییه‌كیش به‌كار ناهێندرێت ، بۆ ئه‌وه‌ی نمایشه‌كه‌ تێك نه‌چێت ،ته‌نیا پشت به‌ رووناكی سه‌روی بنه‌وشه‌یی ده‌به‌ستێت ،كه‌ له‌رێگه‌ی لولویی رووناكییه‌وه‌ ده‌بێت ،وه‌ بۆ ته‌واو كردنی دیمه‌نی شانۆیی ره‌نگدانه‌وه‌ی ره‌نگی فسفۆری بۆ سه‌ر جل وبه‌رگی ئه‌كته‌ره‌كان یان بۆ سه‌ر دیكۆر ده‌بێت ، له‌گه‌ڵ بوونی موزیك،كه‌ گوزراشت له‌ چه‌مكی شانۆگه‌رییه‌كه‌ ده‌كات . 
شانۆی ره‌ش پشت ده‌به‌ستێت به‌ده‌رخستنی كه‌ساییه‌تییه‌كان ، فۆرمه‌كان ، نیگاره‌كان ، دیالۆگه‌كان له‌رێگه‌ی رووناكی بنه‌وشه‌یی ،شانۆی ره‌ش هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌تدا  له‌رێگه‌ی زمانی هێما و ئاماژه‌كان و دیالۆگه‌ به‌هێزه‌كان.. وتووێژ له‌ گه‌ڵ چاوی بینه‌ر ده‌كات ،له‌گه‌ڵ پشت به‌ستن به‌ ده‌قی وورد و موزیك و كاریگه‌ریه‌ ده‌نگه‌ییه‌كان به‌ جۆرێك هه‌موو شتێك له‌سه‌ر پانتایی شانۆ زۆر به‌ئازادانه‌ ده‌جوڵێن و لێك جیا ده‌بنه‌وه‌و یه‌ك ده‌گه‌رنه‌وه‌،ده‌رده‌كه‌ون و ونده‌به‌ن له‌ هه‌مان كاتدا دووباره‌ ده‌رده‌كه‌ونه‌وه‌ .
ئه‌كته‌ره‌كان جل وبه‌رگی فسفۆری له‌به‌رده‌كه‌ن ، یاخود به‌شێكی جه‌سته‌یان داده‌پۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێكی تری جه‌سته‌یان ده‌ربكه‌وێت وه‌كو پێیه‌كان و ده‌سته‌كان به‌جۆرێك ئه‌كته‌ر لێره‌دا ده‌توانێنێت به‌شێكی له‌ جه‌سته‌ی خۆی ده‌ربخات، وای نیشانی بینه‌ر بدات كه‌له‌جه‌سته‌ی خۆی جیاییه‌ به‌هۆی داپۆشینی جه‌سته‌ی له‌رێگه‌ی قوماش یاخود له‌رێگه‌ی په‌مۆ یاخود له‌رێگه‌ی ئیسفه‌نج كه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ جێگر ده‌كرێت  نمایشی شانۆی ره‌ش ،له‌چه‌ندین شێوه‌ی وه‌كو  سه‌ر ، شانه‌كان ، ده‌سته‌كان ، پێییه‌كان پێك ده‌هێنێت ره‌نگه‌كه‌شی سپی یاخود فسفۆری ده‌بێت .فۆرمی ئه‌ندازایی ئاژه‌ڵان وه‌كو باڵنده‌ یاخود گۆی زه‌وی یاخود نیگاره‌كان ..ئه‌وانیش به‌ره‌نگی سپی یان فسفۆری ده‌بێت به‌ڵام ده‌بێت ره‌چاوی گونجادنی قه‌باره‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كترییدا بكرێت . 
 جیاوازی شانۆی ره‌ش له‌گه‌ڵ شانۆی ئاسایی ،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چێژ به‌ چاوی بینه‌ر ده‌به‌خشێت ، خه‌یاڵی بینه‌ر ده‌جوڵێنێت ،چونكه‌ ئه‌وه‌ی بینه‌ر ده‌بینێت له‌ نێو قوڵایی تاریكیدا،جا چ جێگیر بێت یاخود جوڵه‌یی بێت ته‌نیا به‌ ره‌نگی فسفۆری ده‌بینرێت،ئه‌ویش له‌رێگه‌ی سه‌رچاوه‌ی تیشكی سه‌ره‌وه‌ی بنه‌وشه‌یی ده‌بێت . 
 ئه‌م جۆره‌ شانۆییه‌ ده‌بێ ده‌رهێنه‌ر تێرامان و خوێندنه‌وه‌ی تایبه‌تی بۆ فۆرمه‌كان هه‌بێت ،به‌جۆرێك له‌هیچ له‌ جۆره‌كانی تری شانۆدا بوونی نیه‌.جیاوازی شانۆی ره‌ش له‌گه‌ڵ شانۆیی ئاسایی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ره‌هایه‌كی گوزارشتێكی ئیستاتیكی زۆر جیاواز ده‌به‌خشێت .
یه‌كێك له‌ سیفه‌ته‌كانی ئه‌م شانۆیه‌ش بریتییه‌ له‌ خێرایی جوڵه‌ی هه‌مه‌چه‌شن  له‌ نمایشه‌كه‌دا ،بۆیه‌ ده‌بێت ده‌رهێنه‌ر توانستێكی باشی هه‌بێت  له‌ داهێنان له‌ هه‌مان كاتدا هه‌موو جۆره‌ پێداویستیه‌ هونه‌رییه‌كانی بۆ دابین بكرێت چونكه‌ شانۆی ره‌ش شانۆیه‌كی داهێنانه‌یه‌ .
ئه‌كته‌ر له‌ شانۆی ره‌ش دا به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌موو جه‌سته‌ی نغرۆی ره‌ش بووه‌ و جل وبه‌ره‌گی ره‌شی له‌به‌ر كردوه‌ ده‌رناكه‌وێت ، به‌ڵام هه‌موو جوڵه‌كانی ئه‌كته‌ر له‌گه‌ڵ ریتمی موزیك و كاریگه‌رییه‌ ده‌نگییه‌كان و ئه‌كته‌ره‌كانی تر هاوته‌ریب ده‌بێت بۆ گه‌یاندنی چه‌مكی شانۆییه‌كه‌.ده‌بێ شانۆ به‌گشتی به‌په‌رده‌ی ره‌ش دابپۆشرێت، له‌ هه‌موو لایه‌ك  وه‌كو سندوقێكی ره‌ش ده‌رده‌كه‌وێت،ده‌بێ هه‌موو ده‌روازه‌كان و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كان،به‌ ره‌نگی ره‌ش داپۆشراوبێت . 
له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆدا، له‌ لێواره‌كانی په‌رده‌كان و له‌ته‌نیشته‌كان چه‌ند فسفۆرێك داده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگا بۆ ئه‌كته‌ره‌كان له‌ كاتی هامووشۆ كردنیان رۆشن و ڕوون بێت . 

بۆ ئه‌م باسه‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگرتووه‌ :
-المسرح الاسود / محسن النصار
-المرسرح الاسود /جمال الشاتی

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.