Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 02:53

جه‌لال سه‌عید.. خاوه‌ن گه‌رووه‌ ڕه‌سه‌ن و خۆشه‌كه‌ی قه‌ڵاو مناره‌ ..!

( 1953 _9/12/2013)
کوردستان TV
100%

چاوی ڕەشی جوانە پیاو دەکا بەدێوانە

چین چینە زوڵفی ئاڵی داهاتووە بێ شانە

سنگی سپی کوێستانە جێڕاوگەی عاشقانە.

 یه‌كێكه‌ له‌ سه‌ربه‌ندی گۆرانیه‌ خۆشه‌كانی هونه‌رمه‌ند ( جه‌لال سه‌عید)

 له‌كوچه‌ و كۆڵان و گه‌ڕه‌كه‌ دێرینه‌كانی شاری هه‌ولێره‌وه‌ تێیچریكاند و به‌ده‌نگه‌ به‌سۆزو خۆشه‌كه‌ی پانتاییه‌كی بۆخۆی داگیركرد، ڕاسته‌ له‌م شاره‌‌ دێرینه‌ی كوردستان ( هه‌ولێر) گه‌وره‌ بوو ، گه‌شه‌ی دا به‌هونه‌ره‌كه‌ی ، به‌ڵام ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی بۆ هه‌موو كورد و كوردستان بوو،

هونه‌رمه‌ند ( جه‌لال سه‌عید) گه‌نجێكی خوێن گه‌رمی باڵابه‌رزی جوان و قه‌شه‌نگ و شیكپۆشی جل و به‌رگی كوردیی، كه‌سێكی هێمن و دڵساف و هه‌ست ناسك و خاوه‌ن  نه‌فسێكی به‌رز ،  ماوه‌ی زیاتر له‌ (40) ساڵ خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی ، هونه‌ره‌كه‌ی بۆ هونه‌ر پێشكه‌ش كرد ، نه‌ك هونه‌ره‌كه‌ی بخاته‌ خزمه‌تی سه‌ر‌وه‌ت و سامان.

له‌وماوه‌ دوور و درێژه‌ی ژیانی هونه‌ریدا جه‌لال سه‌عید، به‌سه‌دان گۆرانی به‌ده‌نگ و گه‌رووه‌ پاراوه‌ كوردییه‌كه‌ی تۆماركردوه  له‌ ئاهه‌نگ و بۆنه‌كان و ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا‌،  ڕۆلێكی گرنگ ودیاری هه‌بووه‌  له‌ بوژاندنه‌وه‌ و پاراستنی گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌كان، هه‌روه‌هاخاوه‌نی ده‌یان شه‌وئاهه‌نگ و دانیشتنی ئازیزان و كۆڕی باده‌نۆشاناندا به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی به‌هونه‌ره‌ جوان و دڵنشینه‌كه‌ی ئاماده‌بوانی سه‌رمه‌ست وسه‌رحاڵ و كه‌یفخۆش كردووه‌.

جه‌لال سه‌عیدی هونه‌رمه‌ند ، هونه‌ره‌كه‌ی ته‌نها وابه‌سته‌ نه‌كردووه‌ به‌شاره‌ جوانه‌كه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ به‌ڵكو هه‌موو شارو شارۆچكه‌یه‌كی وڵاته‌كه‌ی به‌ هی خۆیی و خۆی به‌خانه‌خوێ زانیوه‌.

 هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید له‌شاره‌كه‌ی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و هه‌ژار و هێمن و محه‌مه‌دی ماملێ وه‌  بۆ هه‌ولێری شاری حه‌یران و مه‌قامات و ئه‌كله‌نجه‌ و قۆریات ..!

باوكی هونه‌رمه‌ند ( سه‌عید ڕه‌مه‌زان حسێن) پیاوێكی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت و نه‌دار ، ده‌فژه‌نێكی به‌توانا، گه‌ڕیده‌ بووه‌ و نان و بژێوی ژیانی له‌ڕێی هونه‌ری ده‌فژه‌نینه‌وه‌ په‌یداكردووه‌، ئه‌م پیاوه‌ ده‌فژه‌نه‌ گه‌ڕۆكه‌ له‌سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌شاره‌ جوان و مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ی كوردایه‌تی و هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی شاری ( مه‌هاباد) نیشته‌جێ ده‌بێت ، له‌شاری مه‌هاباد و له‌ساڵی (1953) په‌روه‌ردگار كوڕێك به‌ سه‌عید ڕه‌مه‌زانی ده‌فژه‌ن ده‌به‌خشێت ونێوی ده‌نێن ( جه‌لال) .

(جه‌لال سه‌عید ڕه‌مه‌زان حسێن) له‌نێوه‌ندی هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ ( جه‌لال سه‌عید) نێوبراوه‌ و ناسراوه‌.

دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی جه‌لالی منداڵ ده‌بێته‌ (3) ساڵ، خانه‌واده‌كه‌ی بنه‌ و بارگه‌ ده‌پێچنه‌وه‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ باشووری كوردستان و ماوه‌ی چه‌ند مانگێك له‌شاره‌كه‌ی ( پاشای كۆره‌و وه‌ستا ڕه‌جه‌ب) شاری ( ڕواندز) جێگیر ده‌بن ، له‌ساڵی (1956) ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری هه‌ولێر .

له‌ساڵی (1959) جه‌لال وه‌ك هه‌رمنداڵێكی دیكه‌ی كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و شاره‌كه‌ی ده‌یخه‌نه‌ به‌رخوێندن له‌قوتابخانه‌ی ( ئیبن خه‌له‌كان) ناوی تۆمارده‌كه‌ن و ده‌خرێته‌ به‌رخوێندن.

ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌ حورمه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌ به‌ڕۆڵ و دڵسۆزیی مامۆستای هونه‌ر بده‌ین له‌ قوتابخانه‌كاندا، چونكه‌ له‌ڕێی وانه‌ی هونه‌ره‌وه‌ ، به‌هره‌مه‌ند و قوتابیه‌ ده‌نگخۆشه‌كان ده‌ست نیشان كراون و دۆزراونه‌ته‌وه‌،  له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌كان به‌رله‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ وانه‌كانی خوێندن ، قوتابیان ڕیزكراون و سرووده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان یان خوێندووه‌، جه‌لال سه‌عیدی هونه‌رمه‌ند یه‌كێك بووه‌ له‌و به‌هره‌مه‌نده‌ ده‌نگخۆشانه‌ كه‌له‌قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ئه‌وبه‌هره‌یان تێدا دۆزیوه‌ته‌وه‌و له‌لایه‌ن مامۆستاكان و هاوڕێ قوتابیه‌كانیه‌وه‌ ده‌ستخۆشیی لێده‌كه‌ن و زیاتر هانی ده‌ده‌ن كه‌ به‌رده‌وام بێت، ده‌نگخۆشییه‌كه‌ی جه‌لال سه‌عید له‌ته‌واوی قوتابخانه‌كه‌ی پێی ئاشنا ده‌بن و  ڕێز له‌خۆیی و به‌هره‌كه‌ی ده‌گرن ( ئه‌و ڕێزگرتنه‌م له‌لایه‌ن مامۆستاكانم ، زۆر زۆر هانیدام كه‌ڕێی گۆرانی ووتن فه‌رامۆش نه‌كه‌م و به‌رده‌وام بم ) (1)  

هونه‌رمه‌ند به‌سه‌ركه‌وتوویی له‌ساڵی (1966) خوێندنی سه‌ره‌تایی ته‌واوده‌كات و هه‌نگاو بۆ قۆناغی ناوه‌ندی هه‌ڵده‌گرێت، له‌گه‌ڵ خوێندنه‌كه‌ی سۆزو هه‌ست و خۆشه‌ویستی بۆهونه‌ر و گۆرانی درێژه‌ پێده‌دات و تاكه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك كه‌ له‌هونه‌ر و  سۆزی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندان چێژ وه‌رده‌گرێت و ئاشنا ده‌بێت به‌ گۆرانی ، ڕادیۆی كوردی به‌غدایه‌، ڕۆژانه‌ كات ته‌رخان ده‌كات بۆ بیستنی گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ( عه‌لی مه‌ردان ، حه‌سه‌ن زیره‌ك ، محه‌مه‌دی ماملێ ، تایه‌ر تۆفیق و برایانی زێ زێ) ده‌نگ و هونه‌ری ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ نه‌مرانه‌ ده‌بنه‌ هه‌وێنی ، هونه‌رێكی خۆڕسك و بێخه‌وش له‌هه‌ست و ناخی جه‌لال سه‌عید دا ، له‌گه‌ڵ گوێگرتن له‌و گۆرانیانه‌ هه‌ست و ڕۆحی جه‌لال سه‌عید په‌لكێشی تێكست و میلۆدی ئه‌و گۆرانیانه‌ ده‌بێت و له‌به‌رخۆیه‌وه‌ ده‌یانڵێته‌وه‌و هێدی هێدی له‌سینه‌یدا تۆماریان ده‌كات و وه‌ك ئه‌رشیفێك له‌هه‌ستیدا ده‌یانهێڵیته‌وه‌ و پێیان ده‌ژی.

به‌داخه‌وه‌ نه‌داری و كه‌مده‌راتی خانه‌واده‌كان هه‌میشه‌ بۆته‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رامبه‌ر منداڵه‌كانیان كه‌نه‌توانن درێژه‌ به‌خوێندن بده‌ن، جه‌لال سه‌عیدی هونه‌رمه‌ند ، تا پۆلی دووه‌می ناوه‌ندی ده‌خوێنێ( گه‌ر باسی قۆناغی منداڵیم بكه‌م ، ده‌توانم بڵێم له‌ناخۆشیی زیاتر هیچم نه‌دیوه‌، به‌هۆی ئه‌م سه‌ختییه‌وه‌ خوێندنیشم بۆته‌واو نه‌كرا..؟!) (2) .

 به‌نائومێدییه‌وه‌ ڕووده‌كاته‌ بازاڕو شان ده‌داته‌ به‌ركاسبی كردن له‌پێناو دابینكردنی بژێوی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی ، ماوه‌یه‌ك شاگرد چایچی و ماوه‌یه‌ك كرێكاری و دواتر ده‌بێته‌ ده‌ستگێڕی فرۆشتنی پۆشاكی منداڵانه‌ له‌ناو بازاڕه‌كانی شاری هه‌ولێر ، سه‌ره‌ڕای فرۆشتنی هێزی جه‌سته‌ی له‌پێناو نان دا ، به‌ڵام هونه‌ر ژیانی داگیركردووه‌ و ماندووبوونه‌كه‌ی ڕۆژانه‌ی له‌بیرده‌باته‌وه‌ ، ڕۆژ به‌ڕۆژ حه‌زو خولیاو ئاره‌زووی بۆ كڕینی ( ته‌سجیلێك ) بووه‌ تا شه‌وانه‌ له‌كاتی پشوودانیدا به‌ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ندان  ڕۆحی ئارام بكاته‌وه‌، دوای ماوه‌یه‌ك تێكۆشان و كاسبی كردن بڕه‌ پاره‌یه‌ك كۆده‌كاته‌وه‌ و ئاواته‌كه‌ی دێنێته‌دی و ته‌سجیلێك له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كاسێتی هونه‌رمه‌ندانی باوی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌كڕێت و به‌هه‌ست و سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌رییه‌وه‌ گوێ ڕاده‌دێرێ بۆ ده‌نگ و تێكست و میلۆدییه‌كان. وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، كه‌ باوكی هونه‌رمه‌ند ده‌فژه‌نێكی به‌توانا بووه‌ ، ئه‌و شێوازو هونه‌ری باوكی كاریگه‌ر له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند داده‌نێت و خۆی فێری هه‌ردوو ئامێری ( ده‌ف و زه‌ڕب) ده‌كات.

كاتێك ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێ و پێ ده‌نێته‌ ته‌مه‌نی (16) ساڵییه‌وه‌(1969) هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ناخیدا چرۆ ده‌كات و چه‌كی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تی ده‌كاته‌ شانی و ده‌بێته‌ پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول،تا به‌یانی (11ی ئاداری 1970) .

له‌وكه‌شه‌ ئارامه‌ی دوای به‌یانی 11ی ئاداری 1970، هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید، له‌ساڵی (1970)  له‌گه‌ڵ

( فازیلی دێوانه‌) ی سازژه‌ن یه‌كه‌م كاسێت تۆمارده‌كات   و ئه‌م كاسێته‌ له‌نێو خه‌ڵكیدا بڵاوده‌بێته‌وه‌، ده‌نگ و هونه‌ری جه‌لال سه‌عید ناوبانگ ده‌رده‌كات و ،  ئه‌م ناساندنه‌ ڕێگه‌ خۆش ده‌كات بۆ ده‌نگه‌ به‌سۆزو هه‌ست بزوێنه‌كه‌ی جه‌لال سه‌عیدو بانگهێشت بكرێت بۆ زه‌ماوه‌ند و بوك گواستنه‌وه‌، ( ده‌توانم بڵێم نیوه‌ی شاری هه‌ولێرم به‌بووك و زاوا كردووه‌، ئه‌وان ئێستا یاده‌وه‌رییه‌كانیان له‌یاد ماوه‌ و هه‌مووشیان نه‌وه‌یان هه‌یه‌  ) (3) .

 ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ڕۆژ به‌ڕۆژ هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ناسرێت و ده‌بێته‌ جێی ستایش و ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵكی و پێشوازی گه‌رم له‌كه‌سایه‌تی و هونه‌ره‌كه‌ی كراوه‌.

له‌به‌هاری ساڵی (1974) به‌هۆی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی حیزبی به‌عس له‌ به‌ڵێنه‌كان و بڕیاره‌كانی 11ی ئاداری 1970 ، شۆڕش ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌ و جه‌لال سه‌عیدی هونه‌رمه‌ند وه‌ك هه‌ستێكی نه‌ته‌وه‌یی جارێكی دیكه‌ خۆی له‌به‌ره‌ی گه‌له‌كه‌یدا ده‌بینێته‌وه‌ و ده‌بێته‌وه‌ به‌پێشمه‌رگه‌  تا نسكۆی ( به‌هاری 1975) وه‌ك زۆرینه‌ی هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانی ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان  و وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئاواره‌ له‌شاری (مه‌هاباد) نیشته‌جێ ده‌بێت، له‌شاری مه‌هابادیش كاسێتێك تۆمارده‌كات له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكی ژه‌نیاری تار، ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ ژه‌نیاره‌ پێشتر كاری هونه‌ری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند و بلیمه‌تی نه‌مری گه‌له‌كه‌مان (حه‌سه‌ن زیره‌ك) كردووه‌.

   جه‌لال سه‌عید له‌ساڵی (1975) له‌شاری مه‌هاباد، له‌گه‌ڵ خاتوو ( خه‌دیجه‌ مه‌جید) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێ و دوای چه‌ند مانگێك خۆیی و هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ شاری هه‌ولێر ، به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌( 8) منداڵه‌ ، (2) كوڕو (6) كچ ، كوڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی ناوی ( شه‌ماڵ) ه‌ و ئه‌ویش ده‌نگی خۆشه‌و ڕێبوارێكی دڵسۆزی ڕێگا پیرۆزه‌كه‌ی باوكیه‌تی .

ئه‌م ده‌نگه‌ ڕه‌سه‌نه‌ چیاییه‌ دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ شاری هه‌ولێر و سه‌رقاڵی كارو كه‌سابه‌ت ده‌بێت ، له‌پاڵیشیدا هونه‌ركه‌شی فه‌رامۆش ناكات و تێكه‌ڵاو به‌دنیای هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی شاری هه‌ولێر ده‌بێت ، قۆناغێكی نوێ له‌ژیانی هونه‌ری جه‌لال سه‌عید ده‌ست پێده‌كات ، ( كه‌ گه‌ڕاینه‌وه ‌كه‌وتمه‌ نێو دنیای ئه‌گله‌نجه‌ و ئاهه‌نگه‌كانی هه‌ولێرییان ئه‌وكات باوبوو، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان تاهیر تۆفیق ، مشكۆ ، محه‌مه‌د ئه‌ربیلی ، حه‌یده‌ر به‌قاڵ ، فوئادئه‌حمه‌د و محه‌مه‌د جه‌زا به‌شداریم ده‌كرد) (4).

هونه‌رمه‌ند یه‌كه‌م كاری هونه‌ری بۆ ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ، گۆرانییه‌ك بووه‌ به‌ناوی ( كاڵی وه‌ی كاڵی) له‌ئاواز و هۆنراوه‌ی فۆلكلۆر بووه‌، ( ئه‌م گۆرانییه‌ ته‌نها یه‌ك جار له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك په‌خشكراوه‌، دواتر ڕاگیراوه‌ هۆكاره‌كه‌ی نادیاربووه‌ ) (5) .

دواتر له‌ساڵی (1978) له‌گه‌ڵ تیپی هونه‌ری هه‌ولێر چه‌ند گۆرانییه‌ك تۆمارده‌كات، ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاو بۆوه‌ و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆرباشی هه‌بوو له‌نێو جه‌ماوه‌ردا ، هه‌مان ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا به‌شێوه‌ی ( ڕه‌نگاو ڕه‌نگ) تۆماركرا و بڵابۆوه‌ ، هونه‌رمه‌ندانی ئه‌وبه‌رهه‌مه‌ی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ( سه‌لاح محه‌مه‌د ، محه‌مه‌د جه‌زا ، ئیبراهیم سابیر ، عاره‌ب عوسمان ، قادر زیره‌ك و جه‌لال سه‌عید و ....تاد)

دواتر به‌هاوكاری و پشتیوانی هه‌ردوو مۆسیقاژه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ( وریا ئه‌حمه‌د و ڕزگار خۆشناو ) گۆرانی ( دڵ سوتاو) ی بۆتۆمارده‌كه‌ن.

له‌شاری هه‌ولێر له‌سه‌ر پێشنیاری چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دڵسۆ زو خه‌مخۆری هونه‌ر ، بۆمه‌به‌ستی به‌رزڕاگرتن و پاراستنی هونه‌ری میللی و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی و بوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌ره‌ به‌رزه‌و ناساندنی  ئه‌و سامانه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌، له‌ڕێكه‌وتی ( 5/2/1979) (تیپی هونه‌ری میللی هه‌ولێر ) داده‌مه‌زرێت، ئه‌م تیپه‌ هونه‌رییه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ به‌گوڕو تینێكی هونه‌ری میللی جوانه‌وه‌ ده‌ستیان به‌كارو چالاكییه‌ هونه‌رییه‌كانیان كردووه‌، جیا له‌ئه‌ندامه‌ دڵسۆزه‌كانی ئه‌و تیپه‌ ، به‌هاوكاری و پشتیوانی چه‌ندین هونه‌رمه‌ندی موزیكژه‌ن و هه‌روه‌ها چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆش كه‌ یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ به‌ده‌نگه‌ خۆش و ڕه‌سه‌نه‌ كوردییه‌كه‌ی تابلۆ هونه‌رییه‌كانی جوانتر كردووه‌ و شه‌وق و زه‌وقێكی پڕجۆشی هونه‌ری به‌نمایشی تابلۆكان داوه و هه‌میشه‌ له‌و نمایشه‌ هونه‌رییانه‌ ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی دیار و به‌رچاو بووه‌ ، ‌ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید ه‌‌، له‌گه‌ڵ هاوڕێ  هونه‌رمه‌نده‌كانی وه‌ك( سابیر عه‌بدولڕه‌حمان ، قادر زیره‌ك ، نیزام شكور  و زیاد ئه‌سعه‌د و ...تاد) ،یه‌كێك له‌هاوڕێ دێرینه‌كانی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید ، هونه‌رمه‌ند ( ئازاد سه‌عید)  ئاماژه‌ به‌ڕۆڵ و توانای هونه‌ری جه‌لال سه‌عید ده‌دات كاتێك كه‌ له‌تیپی هونه‌ری میللی هه‌ولێر دابووه‌ ( زۆربه‌ی تابلۆكانی سه‌ماو هه‌ڵپه‌ڕكێ له‌تیپی هونه‌ری میللی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ولێر ، به‌ده‌نگی جه‌لال سه‌عید تۆماركراوه‌، لێزانانه‌و شاره‌زاییانه‌ تابلۆكانی پڕجۆش و خرۆشتر ده‌كرد، وای لێهاتبوو ئه‌گه‌ر تابلۆ هونه‌رییه‌كان به‌ده‌نگی ئه‌و تۆمارنه‌كرابا ، هه‌ستت ده‌كرد كه‌م و كوڕی تیایه‌ و تام و چێژی لێ نه‌ده‌بینرا، خزمه‌تی گه‌وره و به‌رچاوی به‌گۆرانی و تیپی هونه‌ری میللی  نه‌ته‌وه‌یی هه‌ولێر كردووه‌، جێ په‌نجه‌ی جه‌لال سه‌عید دیاره‌ له‌ڕه‌وتی پێشووه‌چون و سه‌ركه‌وتنی تیپه‌كه‌، هه‌رله‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ده‌نگه‌ زوڵاڵه‌كه‌ی به‌شداری له‌زۆربه‌ی تابلۆكاندا كردووه‌ و ، ده‌وری كاریگه‌ری هه‌بووه‌ ته‌نانه‌ت زۆرجار تیپه‌كه‌ به‌تیپی جه‌لال سه‌عید ده‌ناسرا ، واته‌ خه‌ڵك ده‌یانگوت  تیپه‌كه‌ی جه‌لال سه‌عید، هونه‌رمه‌ندێكی تابڵێی قسه‌خۆش و كه‌سایه‌تییه‌كی دیار و پڕ هه‌ڵوێستی  جوان و سه‌نگین بوو)  (6).

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1981) چه‌ند به‌رهه‌مێكی هونه‌ری تۆمارده‌كات ، دیارترینیان گۆرانی ( تۆی نازه‌نین ) بووه‌ ، له‌ساڵی (1983) كاسێتێك كه‌ پێهاتووه‌ له‌ (10) تراك، به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و ده‌نگخۆش ( قادری سه‌یاحی ) تۆمارده‌كات.

جه‌لال سه‌عیدی هونه‌رمه‌ند ، به‌رده‌وام بووه‌ له‌كار و چالاكی هونه‌ری ، له‌نێو ئاهه‌نگ و بۆنه‌كان و شه‌و دانیشته‌كاندا  به‌ده‌نگه‌ خۆشه‌كه‌ی چه‌ندین به‌رهه‌می تۆماركردووه‌ و ئه‌مڕۆ له‌خانه‌ی ئه‌رشیفی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانیدا وه‌ك سامانێكی به‌رز و لێوان لێو له‌هونه‌ری ڕه‌سه‌نی میللی چاوی لێده‌كرێت، ئه‌و ده‌نگ و هونه‌ره‌یه‌  به‌شێوازی گه‌رووی جه‌لال سه‌عید، كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌وادارێكی زۆر به‌تاسه‌وه‌ گوێ له‌به‌رهه‌مه‌كانی ده‌گرن.

 له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا جه‌لال سه‌عید له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ له‌شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان پێكه‌وه‌ ده‌نگیان ئاوێته‌ی یه‌كتری كردووه‌ و له‌وبواره‌شدا جه‌لال سه‌عید خاوه‌نی ده‌یان له‌و دانیشتن و ئاهه‌نگانه‌یه‌ ،

هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ پێكه‌وه‌ گۆرانییان خوێندووه‌( كه‌ریم خه‌مزه‌یی ، ئاوات ئامه‌ قه‌ره‌ج ، فه‌رهاد زیره‌ك و مه‌حمود محه‌مه‌د و ...تاد)   بۆئه‌و مه‌به‌سته‌ پێوه‌ندیم كرد به‌هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ ( مه‌حمود محه‌مه‌د) سه‌باره‌ت به‌كه‌سایه‌تی و هونه‌ری جه‌لال سه‌عید ، پێی ڕاگه‌یاندم ( هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو جه‌لال سه‌عید ، براو هاوڕێی دێرینم ڕۆحی شاد بێت، تابڵیی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیه‌كی جوان و ڕۆح شیرین و گونجاو  و دڵسۆز بۆ هاوڕێ و براده‌كانی و هونه‌ره‌كه‌ی ، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ئاهه‌نگ و شه‌ودانیشتن و تۆماركردنی كاسێتدا پێكه‌وه‌ گۆرانیمان تۆماركردووه‌، هه‌میشه‌ به‌حورمه‌ته‌وه‌ له‌هونه‌ره‌كه‌ی ده‌ڕوانی ، خاوه‌نی نه‌فسیه‌تێكی زۆربه‌رزبوو، زۆر شاره‌زا بوو له‌چڕینی مه‌قامه‌كاندا ، هیچ كات له‌كاتی گۆرانی گوتندا دانه‌ده‌ما بۆ وشه‌ ، به‌رده‌وام ده‌تووت كانییه‌كی سازگاره‌و  وشه‌ی لێهه‌ڵئه‌ێنجێ ، من وه‌ك خۆم زۆر خۆش حاڵ ده‌بووم كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ گۆرانیمان ده‌گووت ، ده‌نگی خۆش و شێوازی چڕینه‌كه‌ی نه‌شئه‌ی زیاتری ده‌دا به‌من) (7) .

هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1992) هاوژینه‌كه‌ی كۆچی دوایی ده‌كات ، به‌وڕووداوه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و هونه‌ره‌كه‌ی داده‌نێت ، دوای دووساڵ ، (1994) له‌گه‌ڵ خاتوو ( شلێر فه‌تاح ) ژیانی هاوسه‌ری پێكدێنێته‌وه‌ و ، ده‌بنه‌ خاوه‌نی  دوو منداڵی تر ،

جیا له‌و به‌رهه‌مه‌ تۆماركراوانه‌ی له‌ ته‌له‌فزیۆن و ئاهه‌نگ و دانیشتنه‌ هونه‌ره‌ میللییه‌كان ، جه‌لال سه‌عید له‌ساڵی (1980) له‌گه‌ڵ تیپی هونه‌ره‌ میللییه‌كان گه‌شتی بۆده‌ره‌وه‌ی وڵات كردووه‌ و به‌شداری فیستڤاڵه‌كانی كردووه‌ له‌ وڵاتانی ( ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا ، ڕوسیا ، چیكۆسلۆڤاكیا ، پۆڵۆنیا و یۆنان )، له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ به‌هه‌موو توانا و هونه‌ره‌ دڵگیره‌كه‌یه‌وه‌ به‌شداری ئاهه‌نگ و بۆنه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كردووه‌ و هه‌روه‌ها له‌چه‌ندین به‌رنامه‌ی ته‌له‌فزیۆنی بۆكه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان و لۆكاڵییه‌كان به‌هونه‌ره‌كه‌ی بوونی خۆی سه‌لماندووه‌.

 جه‌لال سه‌عید زیاتر  به‌ به‌سته‌ خۆشه‌كانی ناسراوه‌ به‌ڵام زۆر خولیاو ئاشنای مه‌قام بووه‌ و له‌به‌رهه‌مه‌كانیدا مه‌قامی چڕیوه‌، به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی كه‌له‌نێوه‌ندی هونه‌ریدا دیارن و هه‌واداران و بیسه‌رانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی به‌په‌رۆشه‌وه‌ گوێی لێده‌گرن، هونه‌رمه‌ند زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی فۆلكلۆرن و خاوه‌نی زیاتر له‌ (100) ئاوازه‌ كه‌بۆبه‌رهه‌مه‌كانی خۆی داناوه‌ ، به‌ڵام سوودی له‌هۆنراوه‌ی شاعیرانی وه‌ك ( هه‌ژار ، هێمن ، خه‌یام ، نالی ، وه‌فایی ،  وه‌لی دێوانه‌ ،عه‌بدوڵڵا په‌شێو ، عه‌بدولڕه‌حمان بێلاف ، ڕۆسته‌م باجه‌لان، ئه‌كره‌م خامۆش ، جه‌بار حه‌بیب و حه‌مه‌ سه‌عید ئیبراهیم  ) به‌شێك له‌گۆرانی و مه‌قامه‌كانی هونه‌رمه‌ند ،

1/ ساقی له‌باده‌

2/ چاوجوان

3/ بۆچی ده‌ڕۆیی به‌جێم دێڵی

4/ ئه‌ی وه‌ی گه‌وره‌ كچ

5/ په‌روانه‌ ( په‌روانه‌ی سووتاو په‌شێو حاڵ منم

وه‌ك قه‌قنه‌س سووتاو كۆی زوخاڵ منم )

6/ چاوی ڕه‌شی جوانه‌

7/ بڕوات بێ نازداره‌كه‌م

8/ بۆچی ده‌گری ده‌ناڵێنی

9 / من به‌دێوانه‌

10/ گه‌رده‌لوولی ناخی دڵ

11/ زه‌وی و ئاسمان  ( مه‌قام)

12/ له‌داخی مه‌ینه‌تی ( مه‌قام)

13/ ساقی وه‌ره‌ ( مه‌قام)

14/ شێخی سه‌نعان ( مه‌قام)

15/ قه‌تاره‌ی ژان

16/ لانه‌ی شێواو

17/ نه‌مزانی

18/ شه‌و له‌گریانم ده‌كا

19/ كیژی لادێ

20/ ته‌مه‌ن به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌

( ته‌مه‌ن به‌ره‌و هه‌ڵكشانه‌ ، هه‌رئاخ و خه‌فه‌ت و ژانه‌

چی تیا ماوه‌ ئه‌م ژیانه‌ ، جگه‌ له‌باده‌ی شه‌وانه‌ ) هۆنراوه‌ی ( حه‌مه‌سه‌عید ئیبراهیم  و ئاوازی ڕه‌مه‌زان حسێن) .

21/ ڕێگای قیامه‌ت ( ئایینی) .

نووسه‌ر و پێشكه‌شكار و بێژه‌ری ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك ( هاشم جه‌باری) له‌كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ به‌ ( 13) گۆرانی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عیدی داوه‌ كه‌له‌ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك په‌خشكراون (8).

ئه‌م ئه‌ستێره‌ گه‌شاوه‌ی ئاسمانی هونه‌ری گۆرانی میللی جه‌لال سه‌عید ، دووچاری نه‌خۆشیی ( شێرپه‌نجه‌ی پرۆستات) ده‌بێت و ماوه‌ی (5) ساڵ به‌و نه‌خۆشییه‌ كوشنده‌یه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ و دووجار نه‌شته‌رگه‌ری  له‌شاری هه‌ولێر و له‌وڵاتی توركیا بۆئه‌نجام ده‌درێت، مه‌خابن ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ باڵابه‌رزه‌ ده‌نگخۆشه‌ ڕه‌سه‌نه‌ له‌ته‌مه‌نی (60) ساڵیدا ، له‌شه‌وی (9 له‌سه‌ر 10/12/2013) خۆری ته‌مه‌نی ئاواده‌بێت و بۆهه‌میشه‌ چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و ماڵئاوایی ، له‌قه‌ڵاو مناره‌ و گه‌ڕه‌كه‌كانی ته‌یراوا و سه‌یداو ، خانه‌واده‌و هونه‌رمه‌ندان ده‌كات ، له‌ڕێكه‌وتی (10/12/2013) به‌ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌رێكی زۆری شاری هه‌ولێر له‌مه‌راسیمێكی شایسته‌ به‌ مێژووی هونه‌ر و كه‌سایه‌تی جه‌لال سه‌عید له‌ گۆڕستانی ( شێخ ئه‌حمه‌د) ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌كه‌ن ، یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌موو كات به‌رزو به‌ڕێز بێت ، ده‌نگ و هونه‌ری جه‌لال سه‌عید هه‌میشه‌ به‌شكۆداری و پیرۆزی ده‌مێنێته‌وه‌.

جه‌مالی ده‌لاك  8/2/2022 هه‌ولێر .

سه‌رچاوه‌ :

(1 و 5)  كتێبی ژیان و هونه‌ر ، كۆكردنه‌وه‌و ئاماده‌كردن و ساغكردنه‌وه‌ی  ، تاهیر كرمانج ، هه‌ولێر 2017 ، لاپه‌ڕه‌ ( 312).

(2 و 3 و 4) گۆڤاری هه‌رێمی كوردستان ، دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید ، ژماره‌ ( 544) له‌ 16/2/2010

(6) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ( ئازاد سه‌عید) پسپۆرو ڕاهێنه‌ری تیپی هونه‌ری میللی سلێمانی  ، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (7/2/2022)

 (7) پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند مه‌حمود محه‌مه‌د ، ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی (7/2/2022)

(8) كتێبی مێژووی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك (1967_ 1999) هاشم جه‌باری ، لاپه‌ڕه‌ (71).

به‌پێویستی ده‌زانم كه‌ سوپاسێكی بێ پایان ئاراسته‌ی هاوڕێی هونه‌رمه‌ند ، نوسه‌ر و هونه‌ردۆست ( تاهیر  كرمانج ) بكه‌م ، له‌ڕێی  په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌، به‌زانیارییه‌كانی هاوكاری كردووم ( ج،د) .

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.