ئەمڕۆ هەینی 28ی ئابی 2026، فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە بەتەواوی گەرووی هورمزیان لە مینە دەریاییەکان پاک کردووەتەوە و ڕێڕەوەکانی دەریاوانی پارێزراون، هاوکات گەمارۆیەکی توندی دەریاییان خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران و ڕێگە نادەن هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی ئەوان نەوت هەناردە بکات، ئەمەش ئابووریی ئەو وڵاتەی بەرەو داڕمان بردووە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەدمیراڵ براد کووپەر فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگهیاند، هێزەکانی ئەمەریکا سەرکەوتوو بوون لە لابردنی ئەو مینە دەریاییانەی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە لە ناو ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی دەریاوانی لە گەرووی هورمز دانرابوون.
ئەو دووپاتی کردەوە کە ئێستە ئەو ڕێڕەوانە بەتەواوی پاک کراونەتەوە و بەڕووی دەریاوانیدا کراوەن.
کووپەر ئاماژەی بەوەشدا، کە هێزەکانی ئەمەریکا لە چەند مانگی ڕابردوودا یارمەتیی 1500 کەشتیی بازرگانییان داوە بۆ تێپەڕین لە گەرووی هورمز، کە نزیکەی 750 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان بۆ بازاڕەکانی جیهان گواستووەتەوە.
فەرماندەکەی سێنتکۆم ڕوونیشی کردەوە، کە ئێران لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ڕابردووەوە هیچ بڕە نەوتێکی لە کەناراوەکانییەوە هەناردە نەکردووە. هەروەها گوتی، ڕێگەیان بە تێپەڕینی هیچ کەشتییەک نەداوە لە بەندەرەکانی ئێرانەوە مەگەر تەنیا بۆ مەبەست و ڕێکاری مرۆیی بێت.
لەلایەکی ترەوە ئاماژەی بەوە دا کە زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی و سەدان فڕۆکە بەشداری لە جێبەجێکردنی گەمارۆ دەریاییەکەی سەر ئێران دەکەن و دووپاتی کردەوە، هیچ کەشتییەک بەبێ مۆڵەتی ئەمەریکا ناچێتە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەرناچێت.
هەروەها 75 کەشتییان ناچار بە گەڕانەوە کردووە کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکەیان داوە.
لەسەر هەمان پرس، سکۆت بێسنت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا 130 ملیۆن بەرمیل نەوتیان بە ناو گەرووی هورمزدا گواستووەتەوە لە کاتێکدا ئێران هیچ بڕێکی نەگواستووەتەوە.
بێسنت دووپاتی کردەوە کە گەمارۆ دەریاییەکان و پرۆسەی دابڕانی ئابووری، له كۆتاییدا ئابوورییە لاوازەکەی ئێران لەناو دەبەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.