بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیر کردووە کە لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، بە ماتۆڕسکیل گێچەڵی سێکسی بە ئافرەتێک کردبوو و گرتە ڤیدیۆییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی لێکەوتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە، پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ڕووداوەکە، تیمی تاوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەستی بە بەدواداچوونی ورد کرد و توانییان لە ماوەیەکی کورتدا ناسنامەی تۆمەتبارەکە بەناوی (ع. م. أ) ئاشکرا بکەن.
ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی یاسایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانیان تۆمەتباری ناوبراویان دەستگیر کردووە. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبار بەردەوامن و بڕیارە لە داهاتوودا زانیاریی زیاتر بۆ ڕای گشتی بڵاوبکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.