دەستەی دەستپاکیی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، بڕیاری دادگا دەرچووە بە سزادانی بەڕێوەبەرێک لە کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست بە زیندانیكردن بۆ ماوەی سێ ساڵ و هەروەها گەڕانەوەی ملیارەها دینار و دۆلار و خانوو و زەوی، بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی گەندەڵی و دەوڵەمەندبوون بەشێوەی ناڕەوا.
لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاندووە: دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی بڕیاری زیندانیكردنی بۆ ماوەی سێ ساڵ بۆ بەڕێوەبەری بەشی کاروباری دارایی لە کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست دەرکرد.
راشیگەیاند: جگە لە زیندانی، دادگا هەروەها ئەو بەڕیوەبەرەی پابەند كرد بە گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو پارانەی بە گەندەڵی و بەشێوەی ناڕەوا دەستی كەوتووە كە بڕەكەی بە زیاتر لە 1 ملیار و 170 ملیۆن دیناری عێراقی خەملێنراوە لەگەڵ 203 هەزار دۆلاری ئەمریکی.
ڕوونیشی کردەوە: دادگا هەر بەوەندەش نەوەستاوە، هەروەها بڕیاری داوە دەست بەسەر هەموو ئەو خانوو و زەوی و موڵكانەدا بگیرێت کە لە شاری بەغدا بە ناوی هاوسەری تۆمەتبار تۆماركراوە کە بەهاكەیان بە زیاتر لە 1 ملیار و 100 ملیۆن دینار خەملێنراوە، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی دوو ئۆتۆمبێلی گرانبەها بە بەهای 223 هەزار دۆلار.
دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستەڕوو كە دادگا بڕیاری داوە تۆمەتبارەکە ئازاد نەکرێت دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی، تاوەکو تەواوی ئەو پارانە نەگەڕێنێتەوە و سزای داراییەکە نەدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.