Erbil 16°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 04:31

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌سه‌ر تۆپبارانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سنووری زاخۆ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ڕاگه‌یه‌نراوێكی له‌باره‌ی تۆپبارانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌می سنووری زاخۆ بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ی به‌ ئه‌نجامده‌ری ڕووداوه‌كه‌‌ تۆمه‌تبار كرد، هه‌روه‌ها بانگهێشتی كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی عێراقیشی كرد هاریكار بن بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌رانی رووداوه‌كه‌‌ ئاشكرا بكرێن.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ده‌ڵێت: دڵگرانین بە گیانلەدەستدانی 8 هاووڵاتیی عێراقی و برینداربوونی 23 کەسی دیکە لە ئەنجامی ئەو هێرشەی ئەمڕۆ چوارشه‌م لە ناوچەیەکی گەشتیاری سەر بە شارۆچکەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆک لە عێراق کەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سه‌ره‌خۆشی له‌ كه‌سوكاری قوربانیان و گه‌ل و حكوومه‌تی عێراق كرد و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌شی بۆ برینداره‌كان خواست.

ڕایگه‌یاند: توركیا دژی هه‌موو جۆره‌ هێرشێكه‌ كه‌ سڤیله‌كان بكاته‌ ئامانج.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ توركیا به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له‌ چوارچێوه‌ی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا و له‌ رێگه‌ی نیشاندانی ئه‌وپه‌ڕی هه‌ستیاری سه‌باره‌ت به‌ سڤیله‌كان، ژێرخانی مه‌ده‌نی، مێژوویی و كولتووریی و پارێزگاریكردن له‌ سروشت، به‌ڕێوه ‌ده‌بات.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: له‌ڕێگه‌ی ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌وه‌ كه‌ مرۆڤگه‌لی بێتاوان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و وا لێك ده‌درێته‌وه‌ كه‌ له‌ رێکخراوی تیرۆریستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتبێت، هه‌ڵوێستی ره‌وا و مكوڕی وڵاته‌كه‌مان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا به‌ ئامانج گیراوه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌یان له‌پێناو ده‌رخستنی راستییه‌كان ئاماده‌یه‌ بۆ هاویشتنی هه‌موو جۆره‌ هه‌نگاوێك.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: بانگهێشتی كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین له‌ژێر كاریگه‌ریی گوتار و پڕوپاگه‌نده‌ی په‌كه‌كه‌ لێدوان نه‌ده‌ن و هاریكار بن بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌رانی ئه‌م رووداوه‌ دڵته‌زێنه‌ ئاشكرا بكرێن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.