ئەمڕۆ چوارشەممە 15-6-2022 نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد (عەبدولڕەزاق بیمار) لە شاری کۆیە کۆچی دوایی کرد.
عەبدولڕەزاق بیمار..شاعیر و ڕۆژنامەنووس و توێژەر و ڕەخنەگر و مامۆستای زانکۆ بووە ..یەکێک بووە لە شاعیرە ڕۆمانتیکییە ھەرە ناسکەکانی قوتابخانەی گۆران..لە ساڵی 1936 لە شاری کۆیە لەدایک بووە ، قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی ھەر لە کۆیە تەواو کردووە..لەساڵی 1963لە یەکەم خولی یەکەم بەشی کوردیی زانکۆی بەغداد ، بە یەکەمی دەرچووە..
یەکەم شیعری لە ساڵی 1954لە ڕۆژنامەی (ژین) ی گۆراندا بڵاوکردۆتەوە.ھەڵبەستی شاعیرانی نوێی عەرەب و ئەورۆپایی کاریان تێکردووە و یێکێکە لەوانەی دەورێکی باڵایان گێڕا لە چەسپاندنی ڕێبازی شیعریی گۆران.
لە وەزارەتی پەروەردە و بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی و دەزگای ڕۆشنبیریی کوردی لە بەغداد فەرمانبەر بووە.
لە ساڵی 1984 بە مامۆستای زانکۆ ، وەک وانەبێژێ لە بەشی کوردیی زانکۆی بەغداد دامەزراوە ..
ئەندامی دەستەی نووسەران بووە لە گۆڤاری ھیوا و پاشکۆی (الادیب العراقی) و گۆڤاری ڕەنگین و گۆڤاری ڕۆشنبیریی نوێ و نووسەری کورد و هاوکارى و ...
مامۆستا عبدالرزاق بیمار نووسەرێکی بە پیتە..بە سەدان وتار و لێکۆڵینەوە و باسی ھەمەچەشنەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە.
لە بەرھەمە چاپکراوەکانی کە من ئاگادارم :
– بووکی پەردە(شانۆ) 1960
– شانۆی کوردستان 1961
- دیوانی وەنەوشەکان (ھەڵبەست) 1981
- دڵداریی ئێمە (ھەڵبەست) 1982
– کانیلە و خۆشەویستی 1984
- نانی دەریا ( ھەڵبەستی بابلۆ نیرۆدا) 1987
- کیش و مۆسیقای ھەڵبەستی کوردی 1992
– سەلاحەددین (لە عەرەبییەوە) 1993
- پەخشانی کوردی ( لێکۆڵینەوە) 1998
– ناوچەوان (شیعر) 2000
– خوێندنەوەیێکی تازەی ھەڵبەستی نوێی کوردی (لێکۆڵینەوە) 2006
– ڕۆژانێک بوو(ھەڵبەست) 2006
– پەنجە گوڵی مێخەک(شانۆ لەعەرەبییەوە) 2007
- لۆرکا ( وەڕگێڕاو) 2012
- لە سێبەرى ڕەخنە و لێکۆڵینەوەدا 2019
لە ساڵی ( 1983)لە بەشی کوردی كۆلێژی ئاداب زانكۆی بەغداد بووەتە وانەبێژ تا ساڵی ( 1990) بەردەوام بووە.
عەبدولڕەزاق بیمار مرۆڤێکی ھێمن و پاک و دەروون ڕوونە. شارەزا و قسەخۆش و لێزانە. سینەی بە دەنگوباسی ئەدەبی پونگاوەتەوە. زمانێکی شیعریی ڕەوان و پاراو و ناسکی ھەیە. کەم قسە دەکات و دەزانێ چۆن وشەکانی ھەڵببژێرێ...ڕا و بۆچوونەکانی لەبارەی زۆر لە کێشە ئەدەبی و زمانییەکان ورد و بە جێ و سەرنجدارن...قوتابییەکان خۆشیان دەویست و ڕیزیان لێ دەگرت..
چاڵاکانە بەشداریی کرد لە پتەو کردن و پەرەسەندنی بەرنامەکانی خوێندنی بەشی کوردی. وانەی ئەدەب و ئەدەبی بەراوردی و پەخشانی بە پێی تازەترین ڕێبازەکان دەوتەوە. تەنانەت بە شێوەیێکی فەرمی و بەناوی لیژنەی زانستیی بەش داوام لێکرد کە موحازەرەکانی بکات بە کتێب. وابوو ئەوەکەی (پەخشان) ی وەک کتێب چاپکرد. (خۆشی لە پێشەکیی کتێبەکەدا ئەم ڕاستییە دەردەخا). کتێبەکە تا ئیستاش وەک سەرچاوەیێکی ڕەسەن و گرنگ قوتابییان و توێژەران و مامۆستایان سوودی لێ وەردەگرن.
بە بۆنەی تێپەڕینى 50پەنجا ساڵ بە سەر دامەزراندنی یەکەم بەشی کوردی لە مێژوودا ، لە ڕۆژی یەکشەممەی ڕێکەوتی 14-2-2010 دا کە بۆنەی جەژنی ڤەلەنتاین و خۆشەویستییە.. ئاھەنگی یۆبیلی زێڕینمان لە بەشی کوردیدا گێڕا...لەم ئاھەنگەدا ڕێز لە مامۆستا عەبدولڕەزاق بیمار نرا وەک دەرچووی یەکەمی یەکەم خ مامۆستا دوای خزمەتێکی زۆری بواری زانستی و پەروەردەیی پێشکەش کردوە.
مامۆستا عبدالرزاق زیاتر لە نیو سەدە لە بەغداد نیشتەجێ بوو..بەم دواییە گەڕایەوە مەڵبەندی لە دایکبوونی شاری کۆیە..
ئەمڕۆ لە تەمەنی 86ساڵیدا چووە بەر دلۆڤانی خوای گەورە .
ئا- كامران
شاعیری ناسراوی کورد (عەبدولڕەزاق بیمار) کۆچی دوایی کرد
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.