له‌سه‌ره‌تای سه‌ده بیسته‌وه تا سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو، هۆكاره‌كانی ڕاگه‌یاندنی بیسراو بینراو ، وه‌ك ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن له‌ته‌واوی كوردستاندا نه‌بووه، خه‌ڵكی ئاوایی و گونده‌كان له‌هه‌موو دهڤهرهجوانهكانی كوردستان، ڕۆژانه سه‌رقاڵی كار‌و فه‌رمانه‌كانیان بوون له مه‌زرا و كێڵگه‌كاندا، شه‌وانه‌ش له‌كاتی پشوودا و لهدیوهخانهكان یان ماڵی به‌گ و ئاغا و كوێخای گوند كۆبوونه‌ته‌وه و جیا له یارییه فۆلكلۆرییه‌كان و شه‌وچه‌ره ، ئه‌وانه‌ی به‌هره‌ی ده‌نگخۆشییان هه‌بووه ، به ستران و مه‌قام و لاوك و حه‌یران و هۆره و سیاچه‌مانه، به‌ده‌نگه خۆشه‌كانیان ئاماده‌بووانیان سه‌رمه‌ست و سه‌رسام كردووه، ژینگه و سروشتی جوانی كوردستان و، چیرۆك و داستانانه ئه‌وینداریی و جوامێرییهكان هه‌میشه پاڵنه‌رێكی به‌هێز بووه بۆ جۆشدانی هه‌ستی ئه‌و به‌هره‌مه‌نده ده‌نگخۆشانه تالهڕێی ده‌نگیانه‌وه به‌شێوازێكی خۆش و به‌سۆز بیده‌ن به‌گوێی خه‌ڵكی ئاوایی، یه‌كێك له‌و ده‌ڤه‌رانه كه به‌سرووشته جوان و دڵفڕین و زهنوێرهكانی كوردستان ناسراوه‌و خاوه‌نی چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی ده‌نگخۆشه ئه‌ویش ده‌ڤه‌ری ئامێدی یه.
یه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه له‌ژێر كاریگه‌ری سرووشته پاك و بێگه‌ردو ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌ی ئه‌و ده‌ڤه‌ره په‌روه‌رده بووه و گه‌شه‌ی كرد تا گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی مه‌دالیای ( باڵوێزی سترانی كوردی ) بكرێته گه‌ردنی ئه‌ویش هونه‌رمه‌ند ( عیسی به‌رواری ) یه.
له‌ژینگه‌و ئاو هه‌وای خاكی باب و باپیرییه‌وه بێته دنیاوه‌و گه‌شه بكات و گه‌وره‌بێت له‌ته‌ك ژیانی لادێ و سروشتی جوان و كاری كشتوكاڵیی و به‌خێوكردنی مه‌ڕو ماڵاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هه‌شته جوانه سرووشته‌ی په‌روه‌ردگار پێی به‌خشیون ، نه‌ش و نما بكات و هه‌میشه گوێی ئاودرابێت به ده‌نگی خۆشی سترانبێژ و لاوكبێژانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی. ئه‌م كاریگه‌رییانه هه‌موویان ڕه‌نگدانه‌وه‌یان له‌سه‌ر سرووشتی كه‌سایه‌تی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری دا هه‌بووه.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ، سترانبێژ و لاوكبێژی ده‌ڤه‌ری ئامێدی و ههمووكوردستان ، كێومالێك به قۆناغه‌كانی ژیانی كه‌سایه‌تی و هونه‌ریدا بكه‌ین...
هونه‌رمه‌ند ناوی ته‌واوی (عیسی حوسێن یونس ئه‌حمه‌د به‌رواری) یه، نازناوی ( به‌رواری) ئه‌و ناوه شیرین و جوانه‌ی كردۆته پاشناوی هونه‌ری به عیسی به‌رواری ، ناسراوه.
له‌ساڵی (1933) له گوندی ( گاراڤا) ی سه‌ر به ( به‌رواری ژێری) ی شارۆچكه‌ی ( ئامێدی) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری هونه‌ر و ئه‌ده‌ب دۆست هاتۆته دنیاوه، هێشتا هونه‌رمه‌ند منداڵێكه و تازه چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه، كه‌باوكی به‌هۆی هه‌ركێشه‌یه‌ك و بارودۆخێكه‌وه له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆی هاتۆته پێش ، بنه‌و بارگه‌ی ده‌پێچێته‌وه و گونده‌كه‌یان به‌جێدێڵێ و به‌خۆیی و ماڵباتهكهیهوه له‌شاری ( موصڵ ) له‌گه‌ڕه‌كی (شار سوق ) نیشته‌جێ ده‌بن ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1939) ده‌خرێته به‌رخوێندن و پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌ی(الفلاح) له‌ساڵی (1945) له موصڵ ته‌واو ده‌كات.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ، ئهوبههرهی ده‌نگخۆشیی و خولیای ستران و لاوك چڕینی له‌كوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌و ده‌بێت كێ هانده‌ری بووبێت ..؟
هونه‌رمه‌ند بۆمان باس ده‌كات و ده‌ڵێت ( له‌منداڵییه‌وه حه‌زو خۆشیی و كه‌یفم چۆته ستران ، ده‌چوومه داوه‌ت و گوێم هه‌ڵده‌خست بۆ ئه‌و سترانانه‌ی له دیوه‌خانه‌كان به‌ده‌نگی سترانبێژان ده‌خوێندران و له‌به‌رم ده‌كرد و دواتر بۆ هه‌ڤاڵه‌كانم ده‌ووت) (1)
(محه‌مه‌د یونس ئه‌حمه‌د به‌رواری) مامی هونه‌رمه‌ند، كه‌سایه‌تیه‌كی ڕۆشنبیر و شاعیری ده‌ڤه‌ری بادینان بووه، برازاكه‌ی زۆر خۆشویستووه‌و له‌بۆنه‌و یاد و جه‌ژنه‌كاندا هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ نێو سرووشته جوان و سازگارو لێوان لێو له‌هونه‌ری ستران و لاوك ده‌ڤه‌ری ئامێدی و گونده‌كه‌یان ، له‌هه‌مان كاتیش‌دا هه‌ستی به‌توانای به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی برازاكه‌ی كردووه ، مامی په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی هه‌بووه له‌گه‌ڵ ئه‌دیبان و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ندی لاوك و سترانبێژی ده‌نگخۆش ( سه‌عید ئاغای جزیری ، 1910_1957) ، له‌ڕێی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌وه، له‌ساڵی (1947) هونه‌رمه‌ند سه‌عید ئاغای جزیری له‌گه‌ڵ مامی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ، سه‌ردانی ماڵی باوكی هونه‌رمه‌ند ده‌كات، له‌و سه‌ردانه‌دا مامی به هونه‌رمه‌ند سه‌عیدئاغا ده‌ڵێ ئه‌و برازایه‌م عیسی ده‌نگی گه‌له‌ك خۆشه ..! سه‌عید ئاغا ڕووده‌كاته هونه‌رمه‌ند و پێی ده‌ڵێ كا سترانه‌كێ بێژه..! ، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری باسی ئه‌و چركه ساتهدهكات كه ڕوویان لێناوه ستران بخوێنێ ( كه من سترانهكهم گۆت،، سه‌عدی ئاغا ده‌ستی له‌پشتم دا و لێم ڕازی بوو، پێشنبینی ئه‌وه‌ی كرد كه ده‌بمه سترانبێژ، پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستم به‌ستران و لاوك گوتن كرد ، له‌گه‌ڵ سه‌عید ئاغا و مه‌ریه‌م خان، 1904 دێرگول _ 1949 به‌غداد) ده‌چوومه چایخانه‌ی ( بابان) له‌وێ سه‌عید ئاغا و مه‌ریه‌م خان سترانیان ده‌گوت، له‌وێوه‌و چاوی من كرایه‌وه‌و ئاشنا بووم به‌ڕێگای هونه‌ر بۆ خوێندنی سترانی كوردی و بوومه گۆرانیبێژ) (2)
لێره‌وه هه‌نگاوه‌كانی بۆ دنیای هونه‌ری ستران و لاوك و موزیكی كوردی ھه‌ڵده‌گرێت، به‌په‌رۆشییه‌وه له‌كۆتاییه‌كانی ساڵی (1950) ڕووده‌كاته به‌غدا، بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی گۆرانی له‌ڕادیۆ، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ، له‌ڕێكه‌وتی ( 2/12/1950) یه‌كه‌م گۆرانی خۆی به‌ناوی ( مهدینایێ) تۆمارده‌كات ، به‌ڵام به‌ناوێكی دیكه‌وه له ترسی باوكی نه‌یوێراوه ناوی خۆی ئاشكرا بكات ، دوای تۆماركردنی ئه‌و گۆرانییه ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری موصڵ.
له‌ساڵی (1952) وه‌ك فه‌رمانبه‌ر له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌وار ، مۆزه‌خانه‌ی موصڵ داده‌مه‌زرێت،له‌گه‌ڵ كاری فه‌رمانبه‌ریدا لایه‌نی هونه‌ریشی فه‌رامۆش نه‌كردووه،
له‌نزیك مۆزه‌خانه چایخانه‌یه‌ك ده‌بێت به‌ناوی چایخانه‌ی (قادر به‌رواری) ڕۆژانه هونه‌رمه‌ند سه‌ردانی ئه‌و چایخانه‌یه ده‌كات، له‌وڕێگه‌یه‌وه به‌دیداری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ( محه‌مه‌د عارف جزیری) شاد ده‌بێت و پێوه‌ندییان درووست ده‌بێـت، كاتێك هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری ده‌زانێ كه ستران و لاوكبێژه، زۆر به‌ده‌نگی سه‌رسام ده‌بێت و پاڵپشت و هانی ده‌دا كه به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر ئه‌و ڕێبازه هونه‌رییه، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌وه‌نده عه‌شق و خولیای بۆ لاوك و سترانی كوردی بووه، ئه‌م ده‌نگه چیاییه، گه‌رووه پاراو و ڕه‌سه‌نه كوردییه عاشقی سرووشت و جوانییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی بووه و په‌روه‌ردگار ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ی به‌خشیووه تا فۆلكلۆر و چیرۆك و داستانه ئه‌وینداری و قاره‌مانێتی وڵاتی كوردان زیندووبكاته‌وه‌و لهفهوتاندن ڕزگارییان بكات، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌ویش سه‌رسام بووه به‌ده‌نگی خۆش و ته‌مبوور ژه‌نینه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری ، چونكه خۆی ته‌نها ستران و لاوكی خوێندووه‌و شاره‌زایی له‌ژه‌نینی ئامێره‌كانی مۆسیقادا نه‌بووه، كه‌ریم كوڕه گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند له‌دیدارێكدا ده‌ڵێت ( زیاتر له‌په‌نجا سترانی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری، ته‌مبووری بۆ ژه‌نیوه ، دواتر پێی وتووه : ده‌بێـت خۆت فێره ژه‌نینی ئامێری ته‌مبوور بكه‌یت ، هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری زۆر هانی داوه‌و هاوكاری بووه ، تا فێری ژه‌نینی ته‌مبوور بووه) (3)
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند پێكه‌وه ڕێبوارێكی دڵسۆزی ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌رن و به‌عه‌شقێكی پاكه‌وه خزمه‌ت به‌هونه‌ری ستران و لاوك و موزیكی كوردی ده‌كه‌ن، هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند دوو قه‌وان، لهلاوك و ستران تۆمارده‌كه‌ن له‌كۆمپانیای (بهشیرفۆن) له شاری به‌غدا.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ئه‌و گه‌نجه شۆخ و شه‌نگ و شیكپۆشه پۆشاكه كوردییه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی خۆی ، له‌ته‌مه‌نی (24) ساڵیدا ، واته ساڵی (1957) له‌گه‌ڵ كچه خاڵی خۆی ژیانی هاوسه‌رگیری پێك دێنێت و ده‌بنه خاوه‌نی (11) منداڵ، دووكوڕ به‌ناوه‌كانی ( كه‌ریم و حوسێن) و (9) كیژ.
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ ، لهههركۆڕو كۆبوونه‌و یاد و بۆنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، به خۆیی تهمبوورهكهیهوه ئاماده‌بووه و ، به‌رده‌وام به‌و پۆشاكه كوردییه ڕه‌سه‌نه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات چۆته سه‌رشانۆ و ، ستران و لاوكه فۆلكلۆرییه‌كانی خوێندووه، هه‌ركاتێك گوێبیستی ده‌نگ و ستران و لاوكه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌بێت، وا دێته به‌رگوێمان كه گروپێكی مۆسیقی ته‌واوی له‌گه‌ڵدایه، به‌ڵام هه‌رخۆیی و تهمبوورهكهیهتی ئه‌گه‌ر جار جاره ئامێرێكی ئیقاعی له‌گه‌ڵدا بووبێت، ئه‌وه‌ش ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه چه‌ند به تامه‌زرۆییه‌وه ڕۆچۆته نێو هه‌ست و سۆزی چڕینی لاوك و ستران و په‌نجه‌كانی له‌گه‌ڵ ژێكانی تهمبوورهكهی ئاوێته‌بوون.
دوای ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی یانزه‌ی ئاداری ساڵی 1970، كه‌ش و هه‌وایه‌كی له‌بار هاتۆته پێش و ئازادی بۆ هونه‌رمه‌ندان و ئه‌دیبان و ڕۆشنبیران زیاتر ڕه‌خساوه، به‌وبۆنه پیرۆزه‌وه له‌شارو شارۆچكه‌كان، ئاهه‌نگ و شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێ سازده‌كران، هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری به‌ده‌نگ و تهمبوورهكهی خۆشیی و شادی به‌خشیوه به ئاهه‌نگێڕان ، به‌وبۆنه‌یه‌وه هونه‌رمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب له‌ڕادیۆی كوردی به‌غداوه گه‌شتێكی هونه‌ری بۆ شاره‌كان ده‌ست پێده‌كه‌ن، مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر (باكووری) سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته‌ی هونه‌رمه‌ندان نوسیویه‌تی ( شه‌وی یه‌كه‌م 15 ی نیسان له‌سینه‌ما ئه‌تڵه‌س، شه‌وی دووه‌م 16ی نیسان له یاریگای كه‌ركوك ئاهه‌نگ سازكرا، رۆژی سێه‌م 17ی نیسان هه‌موو هونه‌رمه‌ندان به‌ڕێ كه‌وتین به‌ره‌و شاری سلێمانی ، به‌هارێك بوو قه‌ت واخۆش و به‌به‌ره‌كه‌ت و به‌گیا و گۆڵ نه‌بوو، سێ پاصی گه‌وره پڕبوون، ئه‌وانه‌ی له‌به‌غداوه هاتبوون، مائده نه‌زهه‌ت، عه‌فیفه ئه‌سكه‌نده‌ر ، ئه‌حمه‌د خه‌لیل ، ساس خچر ، فاچل عه‌واد ، جه‌لال كۆچه‌ر ،شه‌وكه‌ت ڕه‌شید، داود القیسی ، نازم نه‌عیم ، خچر الیاس ، سامی عبدالاحد، ئیبراهیم خه‌لیل ، له‌موسڵه‌وه هونه‌رمه‌ندان محه‌مه‌د عارف جزیری و عیسا به‌رواری ، لهههولێریشهوه من وتایهر تۆفیق و ڕه‌سوڵ گه‌ردی و فوئاد ئهحمهدهاتبوون، سێ شه‌و له‌شاری سلێمانی ماینه‌وه له‌شه‌وی 17ی نیسان له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران ، له 19ی نیسان له‌سینه‌ما ڕه‌شید و ڕۆژی 20/4/1970 هاتینه‌وه شاری هه‌ولێر و له‌هۆڵی گه‌ل ئاهه‌نگ گێڕا) (4)
هونه‌رمه‌ند دوای (18) ساڵ به‌رده‌وامی له‌كاری فه‌رمانبه‌رێتی ، له‌ساڵی (1970) خۆی خانه‌شین ده‌كات و ڕێدهگرێتهبهر به‌ره‌و ڕادیۆی كوردی به‌غدا، بۆمه‌به‌ستی زیاتر خزمه‌تكردن به‌هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری رۆژ به‌ڕۆژ ناو و كاره هونه‌رییه‌كانی زیاتر به‌گوێگران و هه‌وادارانی ده‌گات و زیاتر ده‌ناسرێت ته‌نانه‌ت له‌نێوه‌ندی هونه‌ریدا و په‌یوه‌ندییه‌كی فراوانی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی سه‌رده‌می خۆیدا په‌یداده‌كات و، به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عارف جزیری له‌گه‌ڕانی به‌رده‌مدان له شایی و گۆڤه‌ند و بووك گواستنه‌وه له گوند و شارۆچكه‌كان ، به‌ده‌نگی خۆشیان و سۆزی تهمبوورهكانیان بهلاوك و سترانهكانیان دڵی خه‌ڵكیان خۆش كردووه،
ده‌نگ و سۆزی سترانه‌كانی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له ناوخوی وڵات و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان و سازدانی ئاهه‌نگ، له‌ساڵی (1973) بۆیه‌كه‌مجار هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری به‌یاوه‌ری هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزیری 1912_ 17/12/1986 و خانمه هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار 1932_ 23/2/2010) گه‌شتێكى هونه‌رى بۆ ڕۆژئاوای كوردستان ، شاری (قامیشلۆ) و ( حه‌له‌ب) به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه وه ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و دواتر به‌ره‌و وڵاتى ( لوبنان) له‌گه‌ڵ وهفدى هونه‌رى عێراقى ،له هۆڵى ( ڕیڤۆڵى به‌یروت) ئاهه‌نگ بۆكوردهكانى لوبنان ده‌گێڕن وپێشوازییهكی گه‌رمییان لێده‌كرێت و ئه‌وانیش بهبهستهو لاوكه خۆشه‌كانیان دڵخۆشیی ده‌به‌خشنه گوێگر‌و ئاماده‌بوانی ئاهه‌نگه‌كه، دواتر میوانى ( سه‌عید یوسفى ) ده‌بن .
، له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له وڵاتی لوبنان، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 1974) ده‌بێته ئه‌ندامی سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی عێراق، هه‌روه‌ها له‌ساڵی (1975) هونه‌رمه‌ند ده‌بێته به‌رپرسی به‌شی ستران و موزیكی ڕادیۆی كوردی، له‌و پۆسته‌دا هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی خۆی ده‌دا.
جارێكی دیكه هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری به یاوه‌ری خانمه هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار ، له‌ساڵی (1976) ده‌چنه وڵاتی به‌ریتانیا، به‌پۆشاكی كوردییه‌وه ، له‌فیستڤاڵی كولتووری جیهانی له‌له‌نده‌ن به‌شداری ده‌كه‌ن، دواتر له‌ساڵی (1978) هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ خانمه هونه‌رمه‌ند گوڵبه‌هار، له‌گه‌ڵ شاندێكی كولتووری عێراقی به‌سه‌رۆكایه‌تی هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (مونیر به‌شیر ) بۆمه‌به‌ستی سازدانی ئاهه‌نگ ده‌چنه ( پاریس و ڤییه‌ننا) له‌م گه‌شته‌یدا هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له‌لایه‌ن پارێزگاری پاریس ه‌وه خه‌ڵات ده‌كرێت و وه‌ك باڵوێزی سترانی كوردی جیهانی ده‌ناسرێت،دوای ئه‌و گه‌شته هونه‌رییانه، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1979) له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی یۆنانی له (ئه‌سینا) ی پایته‌خت (6) شه‌ش كاسێت تۆمارده‌كات و دواتر وه‌ك یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندی كورد ده‌چێته ڕادیۆی (مۆنتی كارلۆ) ستران و لاوكی كوردی ده‌خوێنی .
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری باس له‌و ئاهه‌نگه ده‌كات له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه هیچ كات ناتوانێ له‌یادی بكات و ده‌ڵێت ( له‌شاری (نیس) ی فه‌ره‌نسا هه‌رگیز له‌یادم ناچێت جه‌ماوه‌ر زۆر كهیفییان بهمن هات و به‌ڕێوه‌به‌ری شاری نیس، خه‌ڵاتی كردم و مه‌دالیای زێڕو كاسێكی دا بهمن ) (5)
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ، له‌ساڵی (1980) وه كاره هونه‌رییه‌كانی به‌رده‌وامی پێده‌دا تاساڵی (1998) ستران و لاوكی خوێندووه و ، بۆمه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی تۆمارگایهك له‌گه‌ڕه‌كی ( جه‌زایر ) داده‌نێت، حوسێنی كوڕی له‌سه‌ری كارده‌كات به‌ناوی ( تۆمارگای عیسی به‌رواری) .
هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (2000) ده‌چێته ماڵی خوا و ده‌بێت به‌حاجی عیسی به‌رواری.
هونه‌رمه‌ند جیا لهلاوك و سترانی فۆلكلۆریی و ئه‌وینداریی، ستران و لاوكی شۆڕشگێڕیشی خوێندووه‌و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عسه‌وه ڕووبه‌ڕووی زیندان و هه‌ڕه‌شه‌و ئه‌شكه‌نجه بۆته‌وه، كه‌ریم كوڕه گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێت ( باوكم ده‌یگوت: من گوڵێك ده‌نێژم یان گوڵێك بۆن ده‌كه‌م ، یان گوڵێكی گه‌ش لهستران و لاوكهكانمدا باسی لێده‌كه‌م ، دوای (10) ساڵی داهاتوو ، بڵێم مه‌به‌ستم ئه‌و گوڵه كوردستانه...؟! نه‌خێر من مه‌به‌ستم باسی كوردستان و پێشمه‌رگه بكه‌م ، به‌ئاشكرا لهستران و لاوكهكانم ده‌ڵێم كوردستان ئاوایه‌و پێشمه‌رگه ئاوایه، باوكم به‌ده‌می خۆی ئه‌وه‌ی گوت، بابم گه‌لێك كاسێتی تۆماركردووه ، ئهوكاسێتانه ده‌گه‌یشتنه ناو ده‌زگاكانی ڕژێم لهموصڵ، جوابیان بۆ ده‌نارد و پێیان وتووه ئه‌وه ده‌نگی تۆیه باسی شۆڕشی كورد ده‌كه‌یت، ئه‌ویش وتوویه‌تی به‌ڵێ ، دوای ئه‌وه باوكم گیرا و زۆر ئه‌شكه‌نجه‌یان دا ، له‌وكاته‌دا ته‌مه‌نی (40) ساڵ بووه ، لهوئازار و ئهشكهنجهیهدا ددانهكانییان شكاندووه ) (6)
هونه‌رمه‌ند زۆر حه‌زی به‌ده‌نگ و سترانه‌كانی هونه‌رمه‌ندان ( مه‌ریه‌م خان و سهعیدئاغای جزیری و محه‌مه‌د عارف جزیری ) كردووه، له‌درێژه‌ی كاره هونه‌رییه‌كانی گۆرانی له‌گه‌ڵ زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان خوێندووه، له‌سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتاكان له‌لایه‌ن خاوه‌نی یه‌كه‌م تۆمارگای شاری هه‌ولێر ( عه‌بدولله‌تیف چهقماچی) میوانداری له‌هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند ( محه‌مه‌د عارف جزیری و عیسی به‌رواری و حه‌سه‌نی جزیری) كردووه، هه‌رسێ هونه‌رمه‌ند له‌ماڵی عه‌بدولله‌تیف ئاهه‌نگێكی چه‌ند كاتژمێریان لهلاوك و سترانه فۆلكلۆرییه‌كان تۆماركردووه ، له‌گه‌ڵ ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه له‌دانیشتن و ئاهه‌نگی ماڵان و بۆنه و فیستڤاڵهكاندا سترانی خوێندووه هونه‌رمه‌ندان ( نه‌سرین شیروان ، گوڵبه‌هار ، ئایشه‌شان، سه‌عید گاباری و عه‌بدو عهلانه)
هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه هونه‌رییه كانی هونه‌رمه‌ند ستران و لاوك ( گه‌نج خه‌لیل ، زه‌مبیل فرۆش ، خه‌ج و سیامه‌ند ، یار گوزه‌ل ، ده‌شتانی ، سه‌یرانی ، دهخالۆ ، عهمیانۆ ، چوومه دهۆكێ ، دیلۆ مه‌ریه‌می ، ده‌لال ، جهتو ، دونیا ، جیرانی ، عه‌ردێ مه ، لاندك ، شاهینو، یار گجلۆكێ ، ده‌ردو ، له‌یلای مه چه‌ن شیرینه و ئه‌سمه‌رێ ... تاد)
به‌پێی ئاماری لاوك و سترانه‌كانی ، خودی هونه‌رمه‌ند ئاماژه‌ی پێداوه ،له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا (300) ستران و ، بۆتهلهفزیۆن نزیكه‌ی (50) به‌رهه‌می تۆماركردووه، خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت.
هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ، هونه‌رمه‌ندێكی كراوه‌و نه‌فس به‌رز و خاوه‌ن هه‌ڵوێستی جوامێرانه بووه بۆ خانه‌واده‌و ده‌وروبه‌رو هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانی، ده‌ست و دڵ پاك و خاوه‌ن دیوه‌خان بووه، باوكێكی دڵسۆز‌و میهره‌بان و زمان شیرین بووه و هه‌موو كات به چاوی ڕێزه‌وه له‌ده‌وروبه‌ری ڕوانیوه ،یه‌كێك له‌خه‌سڵه‌ته به‌رزه‌كانی و ڕووحی هاوكاری و یارمه‌تی بووه، ئه‌رشیف دۆست و دۆستی هونه‌رمه‌ندان ( جیهان به‌خش كۆیی ) له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك له‌ئه‌كاونتی خۆی نوسیویه‌تی(به یانی دووشه ممه (11/7/1977 ) مام تایه ر تۆفیق ،هاته تۆمارگه و فه رمووی جیهان بابچینه موسڵێ..سه رێکی مام ڕسووڵ گه‌ردی بده‌ین نه خۆشه له نه خۆشخانه یە ناوی خوامان لێهێناو ڕۆیشتین مام تایه ر فه رمووی بابچینه لای عیسی به رواری ، ئه و له حه ی جه‌زائیر تۆمارگه ی هه بوو ..چوینه لای وله گه ڵمان هات لۆ نه‌خۆشخانه چوینه لای مام ڕسووڵ دوای چاک و چۆنی و مانه وه مان عیسی به رواری سه فته یه ک پاره ی له بن سه ری مام ڕه‌سوڵ دانا به مه زه نده ی من ..هه زار دیناری ئه‌و كاته ده بوو که سه یاره کی پێدە هات، به ڵام مام ڕسووڵ قبووڵی نە کرد وزۆر سوپاسی کرد و گوتی سه فین ی کوڕم هه موو شتێکی لۆکردیمه ..زۆرمه‌منون بوو دوای گه ڕانه وە مان له ماڵی کاک عیسی نانمان
خوارد وگوتی جیهان هه ردووکمان تۆمارگه مان هه یه و وە زعمان باشه دە بێت ئێمە لە خزمه ت ئه و زاته گە ورانه دا بین و خواحافیزیمان لێکرد و گه‌ڕاینه‌وه هه‌ولێر ، ئا ئه‌وه‌یه شه‌هامه‌ت و جوامێری هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری) (7)
له‌دوای ئه‌وه‌ی فه‌ریزه‌ی حه‌ج به‌جێ دێنێ ، لهستران و لاوك خوێندن دوور ده‌كه‌وێته‌وه و ، ڕووده‌كاته مزگه‌وت و له‌بڵندگۆی مزگه‌وته‌وه بانگ ده‌خوێنێ و ته‌مه‌نی هه‌ڵده‌كشێ و شه‌كه‌ت و ماندوو و نه‌خۆشیی دهبێتهمیوانی ، له‌ئێواره‌ی ( 19/7/2002) له‌ماڵه‌وه له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌یدا ده‌بێت ، هه‌ست به‌ئازاری سه‌رسینگ و دڵی ده‌كات، داوا له‌كوڕه‌كانی ده‌كات كه بیگه‌یه‌ننه نه‌خۆشخانه‌و باری ته‌ندروستی باش نییه، هونه‌رمه‌ند له‌كاتژمێری (2) ی به‌ره‌به‌یانی (20/7/2002) بۆهه‌میشه چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و به‌ره‌و دنیای فانی كۆچ ده‌كات و ژیانئاوایی له ته‌مبووره هاوڕێی شیرینهكهیی و لاوك و ستران و هونه‌رمه‌ندان و ئازیزان و خانه‌واده‌كه‌ی ده‌كات، ته‌رمی هونه‌رمه‌ند له‌گۆڕستانی شاری موصڵ به‌خاك ده‌سپێردرێت، هونه‌رمه‌ند له‌دوای خۆی چهندكهل و په‌لێكی به‌نرخی له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا به‌ده‌ستی هێناوه‌و له‌گه‌ڵ سێ ئامێری ته‌مبوور به‌جێ دێڵێ و ده‌بێته ئه‌رشیفی هونه‌رمه‌ند و به‌هایه‌كی پیرۆز بۆ خانه‌واده‌و منداڵه‌كانی ، به‌داخه‌وه له‌ساڵی (2014) كه بای ڕه‌ش و شوومی داعش ههڵیكردو شاری موصڵی داگیر كرد، ئه‌و شه‌مشه‌مه كوێرانه‌ی دژ به‌ڕووناكی و هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی، هه‌ڵئه‌كوتنه سه‌ر ماڵی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو عیسی به‌رواری، دوای تاڵان و وێرانكردن هه‌موو كه‌ل و په‌له به‌نرخه‌كانی هونه‌رمه‌ند ده‌به‌ن.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری و گڵكۆی پیرۆزی هه‌موو كات چراخان و لێوان لێو بێت لهلاوك و سترانه ڕه‌سه‌نه كوردییه‌كان.
جه‌مالی ده‌لاك 12/7/2021
سه‌رچاوه : (1 و 5) گۆڤاری ڕه‌نگین ، ژماره (9)ی ته‌مموزی 1988، دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ، دیمانه‌ی ئیحسان صدیق ئامێدی .
( 2) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ، باكووری ، به‌شی سێییه‌م ، لاپه‌ڕه ( 177)
(3 و 6) ساڵیادی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری ،، كه‌ناڵی ئاسمانی( وار تی ڤی ) دیدار له‌گه‌ڵ كه‌ریم كوڕی هونه‌رمه‌ند عیسی به‌رواری،، 19/7/2020.
(4) كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ، باكووری ، به‌شی دووه‌م ، لاپه‌ڕه ( 205)
(7) جیهانبه‌خش كۆیی ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك .. 10/7/2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.