Erbil 13°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 12:13

84 هەزار و775 دەنگدەری تایبەت لە پارێزگای سلێمانی مافی دەنگدانیان هەیە

کوردستان TV
100%


لەسلێمانی، هاوشێوەی هەموو پارێزگاکان عێراق، دەنگدانی تایبەت بە ھێزەئەمنیەکان دەستی پێکرد.

ئەمڕۆ ھەینی 8ی تشرینی یەکەمی 2021 پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت لەشاری سلێمانی بۆ کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و ھێزەکانی پێشمەرگە و سەرجەم ھێزە سەربازییەکانی سنوور پارێزگای سلێمانی و دەوورووبەری دەستی پێکرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە رۆژی8ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 و 48 كاتژمێر پێش بەڕێوەچوونی دەنگدانی گشتی دەستپێدەکات، ھەروەھا لەو رۆژەدا تەنیا دەنگدەری ھێزە ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان ھەیە و لەکاتی دەنگدانیان کارتە بایۆمەترییەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە بۆ رێگرتن لە ساختەکاری.

لە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، 84 هەزار و 775 دەنگدەری تایبەت لە پاریزگای سلێمانی مافی دەنگدانیان هەیە.

لە کاتژمێر حەوتی بەیانی دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان کرانەوە و تاوەکو شەشی ئێوارە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، لە سەرانسەری عێراق یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەکەن، 120 هەزار و 126 ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان هەیە، لە گرتووخانەکانیش 671 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

سێ ملیۆن و 486 هەزار و 787 کەس مافی دەنگدانی هەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 941 هەزار و 306 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش بووە.
لە هەولێر یەک ملیۆن و 238 هەزار و379 کەس مافی دەنگدانی هەیە و 577 هەزار و 597کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و 425 هەزار و705  کەس مافی دەنگدانی هەیە و 842 هەزار و 980کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای دهۆکیش822 هەزار و 703 کەس مافی دەنگدانی هەیە و 520هەزار و 729 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
بە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، هەولێر و سلێمانی و دهۆک 44 کورسی پەرلەمانی عێراقیان بەردەکەوێت، 18 کورسی سلێمانی کە بەسەر پێنج بازنەی هەڵبژاردن دابەش بووە، 15 کورسی هەولێر بەسەر چوار بازنە دابەشبوون و 11 کورسی دهۆکیش بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەشبوون، لەگەڵ دوو کورسی کۆتای مەسیحییەکان کە یەکێکیان لە هەولێر و ئەوی دیکەشیان لە دهۆکە.
لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق 595 بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و 121 بنکەیان لە هەرێمی کوردستانە، 52 بنکەیان لە هەولێر، 41بنکە لە سلێمانی و 28 بنکەش لە دهۆک.
ئاوارەکان لە هەمان رۆژی دەنگدانی تایبەت دەتوانن دەنگ بدەن، بەپێی داتای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لە عێراقدا ئەوانەی وەک ئاوارە لای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران تۆمارکراون، ژمارەیان 120 هەزار و 126 ئاوارەیە کە مافی دەنگدانیان هەیە لە شوێنی مانەوەیان، لەوانە زیاتر لە 117 هەزاریان لە کەمپەکاندا دەمێننەوە کە لە سەرانسەری عێراق 28 کەمپی ئاوارەکان هەن و 26یان لە هەرێمی کوردستاندان، بەڵام نزیکەی 540 هەزار ئاوارەی دیکەش هەن لە شارەکاندا دەژین و وەک ئاوارە تۆمارنەکراون و دەبێت بگەڕێنەوە شار و ناوچەکانی خۆیان دەنگ بدەن.
بۆ ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن 60 بنکەی دەنگدان کراونەتەوە، 31 بنکەیان لە دهۆک، 20 بنکە لە هەولێر و نۆ بنکەشیان لە سلێمانییە.
سزادراوانی گرتووخانەکانیش کە ژمارەیان 671 کەسن، شەش وێستگەی دەنگدانیان بۆ تەرخانکراوە لە پارێزگاکانی دهۆک، سلێمانی، واست، موسەننا و میسان.

لەم هەڵبژاردنەدا لە سەرانسەری عێراق، سێ هەزار و 240 بەربژێر بەشدارن، لە چوارچێوەی 21 هاوپەیمانی و 109 لیستی پارت و لایەنی سیاسیدا و بەشێک لە کاندیدەکانیش سەربەخۆن، سەرجەمیان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق.
پێشتر ژمارەی کاندیدەکان سێ هەزار و ٢٤٩ کەس بوون بەڵام یەکێکیان گیانه لەدەستدا و کۆمسیۆنیش بە تۆمەتەکانی سەرپێچیی رێساکانی بانگەشەکردن، پێشکەشکردنی بڕوانامەی ساختە و کڕینی کارتی دەنگدان ژمارەیەکیانی دورخستەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.