پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە ئەمنییەکانی ههرێمی كوردستان دەستی پێکرد
لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی تایبەت و ئاوارەکان و بەندییەکان و بەشێک لە نەخۆشخانەکان کرانەوە و پڕۆسەکە تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ ھەینی ھەشتی تشرینی یەکەم، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی تایبەتی ھێزەکانی ناوخۆ، ئاسایش و ئاوارەکان و بەندییەکان و بەشێک لە نەخۆشخانەکان کرانەوە و پڕۆسەکە تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و لە هەرێمی کوردستانیش هاوکات پڕۆسەکە دەستی پێکرد.
لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا لە سەرانسەری عێراق 595 بنکەی دەنگدان کراوەتەوە و 121 بنکەیان لە ھەرێمی کوردستانە لەو ژمارەیەش، 52 بنکەیان لە ھەولێر، 41 بنکە لە سلێمانی و 28 بنکەش لە دھۆکە.
لە ھەولێر دوو بنکە بۆ رووماڵی راگەیاندنەکان دەستنیشانکراوە کە ھەریەک لە قوتابخانەی پزداندوخت لە شارۆچکەی عەنکاوە بۆ ھێزە ئەمنییەکان و قوتابخانەی 11ی ئەیلوول لە گەڕەکی شۆڕش بۆ ئاوارەکان.
لە قوتابخانەی پزاداندوخت کاتژمێر حەوتی بەیانی یەکەم لەگەڵ گەیشتنی یەکەم دەنگدەری ھێزە ئەمنییەکان بۆ ناو بنکەی دەنگدانەکە، پڕۆسەکە دەستی پێکرد.
پرۆسەکە ئەمڕۆ تەنیا بۆ کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، پێشمەرگە و دەزگاکانی دژەتیرۆر و ئەندامانی ھێزە ئەمنییەکان لە پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و ھەموو کارمەندەکانی سەرجەرم ھێزە ئەمنییەکان و ئەو کەسانە دەبێت کە لە رۆژی دەنگدانی گشتی ئەرکی پاریزگاری ھاووڵاتیان و بەرێوەچوونی پرۆسەکەیان لەسەر شان دەبێت.
لە سەرانسەری عێراقدا یەک ملیۆن و 75 ھەزار و 727 کەس لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی بەشداریکردنیان ھەیە، 120 ھەزار و 126 ئاوارەش ئەمڕۆ مافی دەنگدانیان ھەیە، لە گرتووخانەکانیش 671کەس مافی دەنگدانیان ھەیە.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی ھەڵبژاردنەکان، لە عێراقدا 24 ملیۆن و 907 ھەزار و 679 کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە 14 ملیۆن و 316 ھەزار و 237 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
لە ھەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و486 ھەزار و 787 کەس مافی دەنگدانی ھەیە، لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و 941 ھەزار و 306 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە و بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی و دھۆک دابەش بووە.
لە ھەولێر یەک ملیۆن و 238 ھەزار و 379 کەس مافی دەنگدانی ھەیە و 577 ھەزار و 597 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە سلێمانی یەک ملیۆن و 425ھەزار و 705 کەس مافی دەنگدانی ھەیە و 842 ھەزار و 980 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە، لە پارێزگای دھۆکیش 822 ھەزار و703کەس مافی دەنگدانی ھەیە و 520 ھەزار و 729 کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانی وەرگرتووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.