Erbil 6°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 22:48

بایدن : چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان نه‌ده‌کرد سوپای ئه‌فغانستان له‌و ماوه‌ که‌مه‌دا به‌رامبه‌ر تاڵیبان چۆک دابدات

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، جۆ بایدن به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیاری كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستان بڕیارێكی دروست بووه‌، داكۆكی له‌وه‌ كرد كه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد سوپای ئه‌فغانستان له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا به‌رامبه‌ر تاڵیبان چۆك دابدات.

جۆ بایدن دوای پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌ ئه‌فغانستان له‌ میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له‌ كۆشكی سپی رایگه‌یاند کە چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد له‌ پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان به‌رگریی سوپای ئه‌فغانستان هێنده‌ زوو بشكێت و گوتی: " شه‌ڕی 20 ساڵه‌ی ئه‌مریكا له‌ ئه‌فغانستان كۆتایی پێ هات. ئه‌مه‌ درێژترین شه‌ڕ بووه‌ له‌ مێژووی ئه‌مریكا. ئه‌مریكا به‌ گواستنه‌وه‌ی زیاتر له‌ 120 هه‌زار كه‌س گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی گواستنه‌وه‌ی له‌ رێگای هێڵی ئاسمانییه‌وه‌ له‌ مێژوودا ئه‌نجام دا، هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ سه‌ركه‌وتنێكی نائاسایی بوو. سوپاسی ئه‌و كارمه‌نده‌ دیپلۆماتكار و سه‌ربازییانه‌مان ده‌كه‌م كه‌ له‌ ئه‌فغانستان ئه‌ركدار كرابوون".

سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ دا كه‌ له‌ مانگی نیسانی رابردوودا، بڕیاری كشانه‌وه‌یان داوه‌ له‌ ئه‌فغانستان و 31ی ئابیشیان وه‌ك دوا رۆژی كشانه‌وه‌كه‌ ده‌ستنیشان كردووه‌ و گوتی: "چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان ده‌كرد هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌فغانستان كه‌ 20 ساڵه‌ راهێنانیان پێ ده‌كه‌ین و زیاتر له‌ 300 هه‌زار كارمه‌ندن له‌ شه‌ڕی ناوخۆ به‌رامبه‌ر تاڵیبان به‌هێز بێت، به‌ڵام چاوه‌ڕوانییه‌كه‌مان بۆ به‌رگریی له‌خۆكردنی حكوومه‌تی ئه‌فغانستان تا ماوه‌یه‌ك، راست ده‌رنه‌چوو".

بایدن به‌ سه‌رنج خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێنج هه‌زار و 500 هاووڵاتیی ئه‌مریكییان له‌ ئه‌فغانستانه‌وه‌ گواستووه‌ته‌وه‌ و 100-200 هاووڵاتییه‌كیشیان له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌، گوتی: "له‌ سه‌دا 90ی ئه‌مریكییه‌كانمان له‌ ئه‌فغانستان گواستووه‌ته‌وه‌. رێككه‌وتی كۆتایی دیاریی نه‌كراوه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی له‌وێ ماونه‌ته‌وه‌. ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له‌وێ نه‌مێنن، یارمه‌تییان ده‌ده‌ین. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، ئه‌نتۆنی بلینكه‌ن له‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماتییه‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌موو هاووڵاتییه‌كی ئه‌مریكی و هاوپه‌یمانه‌ ئه‌فغانستانییه‌كانمان".

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.