Erbil 28°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 20:40

وەزیری دەرەوەی کەنەدا: خۆشحاڵین بە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا

کوردستان TV
100%

مارک گارنۆ،وەزیری دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، خۆشحاڵن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و ھاوتا کەنەدییەکەی، مارک گارنۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، مارک گارنۆ دووپاتیکردووەتەوە کە حکوومەتی کەنەدا لەچوارچێوەی پەیمانی ناتۆ و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی حکوومەتی عێراق.

باس لەوەشکراوە کە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، باس لە گرنگی ئەو کۆبوونەوەیە کراوە کە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش لە رۆما ئەنجام بدرێت و ھاتووە:

"ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جەختکراوەتەوە لە پاڵپشتیکردن لە ھەوڵەکانی عێراق بۆ ریشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش و دەستەبەرکردنی ئاسایش بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان".

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری دەرەوەی کەنەدا، مارک گارنۆ ستایشی ئەو رۆڵەی حکوومەتی عێراقی کردووە کە بە ئامانجی نزیکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە دەگێرێت لەوانە ئێران و سعوودیە و راشیگەیاندووە کە حکوومەتی عێراق رۆڵی گرنگ لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان و بەدیھێنانی سەقامگیری لە ناوچەکە دەگێرێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە ھەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا مارک گارنۆ خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ناردنی تیمی چاودێری بە ئامانجی چاودێریکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و گوتی:

"کەنەدا ئامادەییە تیمی چاودێری بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەختە رەوانەی عێراق بکات".ئاماژە بەوەیشدراوە کە ھەر لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، فوئاد حوسێن رایگەیاندووە کە دەڕواننەوە ئەوەی ھاریکاریی ھاوبەشەکانیان لەگەڵ کەنەدا پتەوتر بکەن.

باس لەوەشکراوە کە لە کۆتاییدا وەزیری دەرەوەی کەنەدا، مارۆک گارنۆ خۆشحاڵی نیشانداوە سەبارەت بەو چاکسازییە ئابوورییەی کە حکوومەتی عێراق ئەنجام دەدات و گوتی: "ھەروەھا سەبارەت بە ھەوڵەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆشحاڵین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.