Erbil 17°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 20:25

 لە یادی کۆچی دوایی گەورە رۆماننووسی کورد (یەشار کەمال) دا

چه‌ندین خه‌ڵاتی مه‌زن و دكتۆرای فه‌خری له‌ زانكۆكانی ئه‌وروپا وه‌رگرتووه‌
کوردستان TV
100%

یه‌شار كه‌مال له‌ساڵی 1923 له‌گوندی گۆكچه‌لی باكووری كوردستان له‌دایكبوو.
په‌رتووك و نووسینه‌كانی یه‌شار كه‌مال وه‌رگێڕاونه‌ته‌ سه‌ر چل زمانی جیاواز. رۆمانی ئینجه‌ مه‌مه‌د ( به‌كوردی حه‌مه‌دۆك) و له‌ساڵی 1955بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، نێوبانگێكی وه‌ها جیهانی په‌یداكرد كه‌ ساڵی 1973بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی بپاڵێورێت بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵ.
یه‌شار كه‌مال له‌سه‌ره‌تای لاوێتیدا ئه‌ندام و چالاكڤانی پارتی ماركسی لینینی بوو له‌ توركیا.
زۆربه‌ی نووسینه‌كانی باسی ژیانی سه‌خت و پڕ له‌نه‌هامه‌تی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات له‌ژێر ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایی چه‌وسێنه‌ردا.
له‌ساڵی 1995یه‌شار كه‌مال له‌لایه‌ن ناسیونالیسته‌ تووندڕه‌وه‌كانی توركیاوه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێ به‌ بانگه‌شه‌كردن بۆ جوداخوازیی كورد و سه‌رئه‌نجام دادگایی ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌.
له‌كاتی دادگاییكردنه‌كه‌یدا، یه‌شار كه‌مال تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: "هه‌موو ته‌مه‌نی من ته‌رخانبووه‌ بۆ زمان و كولتوری توركی. من ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی ناخوازم. كه‌س ئه‌وه‌ ناخوازێت. هه‌موو كورد ته‌نیا داوای مافه‌ مرۆڤییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. مافی پاراستنی زمان و كولتوورو ناسنامه‌ی خۆیان."
یه‌شار كه‌مال له‌ته‌منی منداڵیدا به‌هۆی رووداوێكه‌وه‌ به‌چه‌قۆ چاوی راستی له‌ده‌ستده‌دات. دواتر له‌ته‌منی پێنج ساڵیدا باوكی له‌لایه‌ن كوڕێكی خۆیه‌وه‌ له‌كاتی نوێژكردندا له‌مزگه‌وت به‌رچه‌قۆ ده‌درێت و ده‌كوژرێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ ژیانی منداڵی یه‌شار كه‌مال ژیانێكی ئاسان نابێت.

یه‌شار كه‌مال له‌ته‌مه‌نی 29 ساڵیدا له‌ساڵی   1952 له‌گه‌ڵ سیلدا سێرێرۆ، كچی ماڵێكی نێوداری جووله‌كه‌ی توركیا هاوسه‌رگیری ده‌كات. باپیری هاوسه‌ره‌كه‌ی پزیشكی تایبه‌تی سوڵتانی عوسمانی بوو. سیلدای هاوسه‌ری 17 دانه‌ له‌په‌رتووكه‌كانی یه‌شار كه‌مال وه‌رده‌گێڕێته‌ سه‌ر زمانی ئینگلیزی. له‌ساڵی 2001و له‌ته‌مه‌نی 78ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
یه‌شار كه‌مال بۆ دووه‌مجار له‌ساڵی 2002 له‌گه‌ڵ عایشه‌ بابان كه‌ مامۆستای زانكۆی بیلگییه‌ له‌ئیسته‌نبول هاوسه‌رگیری ده‌كات.
یه‌شار كه‌مال چه‌ندین خه‌ڵاتی مه‌زن و دكتۆرای فه‌خری له‌ زانكۆكانی ئه‌وروپا وه‌رگرتووه‌. له‌وانه‌ش خه‌ڵاتی ئاشتی په‌رتووكی ئه‌ڵـمانیا له‌ساڵی 1997 و میدالیای نارێگاتسی وڵاتی ئه‌رمینیا و چه‌ندین خه‌ڵاتی رێزلێنان له‌فه‌ره‌نسا، نه‌رویج ، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیاو سوید.
رۆمانی (ته‌نه‌كه‌)ی ساڵی 1955 له‌ وڵاتی سوێد كرا به‌ شانۆگه‌ری و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌و وڵاته‌ نمایشكرا. یه‌شار كه‌مال خۆی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌كۆتایی ساڵانی 1970 كان له‌ وڵاتی سوێد ژیا.
مۆزیكڤانی ئیتاڵی فابیۆ ڤاچی هه‌مان رۆمانی له‌سێ پارچه‌ی جیاوازدا گۆڕی بۆ مۆزیكی ئۆپێراو ساڵی 2007 له‌شاری میلانۆ پیشكێشكرا.
ئه‌فسانه‌ی‌ چیای‌ ئاگر ، كاریته‌ی‌ ئه‌و دیووی‌ چیا ، حه‌مه‌دۆك، ماره‌که‌یان بکوشتایه‌ و یاخی و ئاغاكانی ئاقچه‌ساز، كوێر ئۆغڵو، خوێندنی كه‌ڵه‌شێر، ده‌ریا تۆرا، ته‌نه‌كه ‌و به‌رهه‌مه‌کانی تریشی ئه‌وانه‌ن که ده‌چنه‌ خانه‌ی نوسینه‌وه‌ی ژان و مه‌ینه‌تیه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه‌.
شایانی باسه‌ زۆرێك له‌ ڕۆمانه‌کانی یه‌شار که‌مال وه‌رگێڕدراونه‌ته‌ سه‌ر زمانه‌ زیندووه‌کانی جیهان و ده‌شێت بگوترێت ڕۆمانی (حه‌مه‌ دۆک)کرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی به‌ جیهان ناساندنی ئه‌م نوسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ بووه‌. ئه‌م ڕۆمانه‌ی عه‌بدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌ وه‌ریگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی کوردی.

نوسه‌رو ئه‌دیبی ناسراوی گه‌وره‌ی کورد یه‌شار که‌مال له‌ 28-2 -2015له‌ ئه‌سته‌نبوڵ کۆچی دوایی کرد.

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.