Erbil 8°C چوارشەممە 27 تشرینی دووەم 13:38

یۆنان بۆ ڕێگریکردن له‌ کۆچبه‌ران دیوارێک له‌سه‌ر سنووریی تورکیا دروست ده‌کات

کوردستان TV
100%

حكومه‌تی یۆنان ئاشكرای كردووه‌، پلانی درێژكردنه‌وه‌ی دیواره‌ سنورییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا قۆناغی ئاماده‌كارییه‌كانی ته‌واو كردووه‌ و به‌مزوانه‌ ده‌ست به‌ كاركردن ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش له‌پێناو ڕێگری له‌ شه‌پۆلی كۆچبه‌ران له‌ باكوری ئه‌و وڵاته‌وه‌.

ستیلیۆس پێتاساس، وته‌بێژی حكومه‌تی یۆنان به‌ ئاژانسی ئاسۆشییه‌تد پرێسی وت، "26 كیلۆمه‌تری تر بۆ ئه‌و دیواره‌ 10 كیلۆمه‌ترییه‌ زیاد ده‌كرێت كه‌ له‌ سنوره‌كانی باكوره‌وه‌ له‌گه‌ڵ توركیا دروستكراوه‌، بودجه‌ی پڕۆژه‌كه‌ 74 ملیۆن دۆلاره‌ و وا بڕیاره‌ مانگی نیسانی داهاتوو ته‌واو بكرێت.

دروستكردنی دیواره‌كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ڕێكاره‌كانی حكومه‌تی یۆنان بۆ ڕێگریكردن له‌ ده‌ربازبوونی كۆچبه‌ران، به‌ تایبه‌ت كه‌ له‌ ئازاری ئه‌مساڵدا جارێكی تر توركیا ده‌رگای به‌ ڕووی كۆچبه‌راندا كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا.

چوار گه‌وره‌ كۆمپانیای یۆنانی ده‌ستنیشان كراون بۆ دروستكردنی دیواره‌كه‌ كه‌ به‌ بۆری ئاسنین و ته‌لی دڕكاوی به‌ كۆنكرێت دانراو دروست ده‌كرێت له‌ نزیك ڕووباری ئیڤرۆس له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی توركیا و یۆنان.

شه‌ممه‌ی ڕابردوو كیریاكۆس میتسۆتاكیس، سه‌رۆكوه‌زیرانی یۆنان سه‌ردانی سنوره‌كانی باكوری كرد به‌ مه‌به‌ستی ئاگابوون له‌دواین كار و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دروستكردنی دیواره‌كه‌.

سه‌رچاوه‌ ekathimerini  

 

تورکیا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.