به‌هۆی دو به‌رواری و نه‌شیاوی بۆ خواردن، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر چه‌ره‌سدا ده‌گرن و به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی له‌ناوی ده‌به‌ن.
هاوڕێ محمد، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هۆی هه‌بونی دو به‌روار و نه‌شیاوی بۆخواردن، لیژنه‌كه له كۆگاكانی فڕنی چه‌ره‌سی ئاسۆ، ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌شت فه‌رده‌ی (50) كیلۆگرامی بسته‌ی ئێرانی و (10) ته‌نه‌كه گازۆدا گرتوه.
وتی: بسته ئێرانیه‌كه زیاتر له (400) كیلۆگۆامه، به‌هۆی هه‌بونی دو به‌روار به‌سه‌ریه‌وه، ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت و له‌ناوده‌برێت، چونكه به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی عێراق پێویسته ته‌نها یه‌ك به‌روار به‌سه‌ر ئه‌و كاڵاوشمه‌كانه‌وه بێت له بازاڕه‌كاندا ده‌فرۆشرێت، له‌كاتی نه‌بون یان دوباره بونه‌وه‌ی به‌روار به فێڵی بازرگانی ئه‌ژمار ده‌كرێت و یاسا سزای بۆ ئه‌نجامده‌رانی دیاریكردوه.
وتیشی: گازۆكه له مانگی چواره‌وه به‌سه‌رچوه به‌ڵام خاوه‌نه‌كه‌ی به‌نیازبوه له‌بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغیبكاته‌وه، بۆیه لیژنه‌كه ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌ویشدا گرتوه.
سه‌رۆكی لیژنه‌كه داوای له هاوڵاتیان كرد: له‌كاتی كڕین و بازاڕكردن له‌ماوه‌ی به‌كارهێنان و خواردنی ئه‌و خۆراك وكاڵا و پێداویستیانه دڵنیابنه‌وه به‌سه‌رنه‌چون، پاشان بیكڕن، له‌كاتی هه‌بونی گومان و ماوه‌به‌سه‌رچون لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ئاگادار بكه‌نه‌وه.
ئاماژه‌ی بۆئه‌وكرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی بسته و گازۆكه‌دا گیراوه بۆ له‌ناوبردن و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.