بەگوێرەی دوایین داتاکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) بۆ ساڵی 2026، ئابووریی دەوڵەتی ئیمارات پێگەی خۆی لە نێوان گەورەترین ئابوورییەکانی جیهاندا بەهێزتر کردووە، دوای ئەوەی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) گەیشتە 621.55 ملیار دۆلار، بەمەش پلەی 30ـەمی جیهانی گرتووە.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ئابووریی ئیمارات لەم ساڵدا گەشەی 3.1%ـی تۆمارکردووە. هاوکات داهاتی ساڵانەی تاک لەو وڵاتە بۆ 54,214 دۆلار بەرزبووەوە، کە ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2025 بە ڕێژەی 7.9% زیادی کردووە و لەم ڕیزبەندییەشدا پلەی 30ـەمی جیهانی بەرکەوتووە.
پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2031 سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی دەکات گەشەی ئابووریی ئیمارات بەردەوام بێت و تا ساڵی 2031 کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بگاتە 815.05 ملیار دۆلار. بەپێی خشتەی پێشبینییەکان:
- لە ساڵی 2027: ئابووری دەگاتە 648.67 ملیار دۆلار.
- لە ساڵی 2029: ئابووری دەگاتە 727.72 ملیار دۆلار.
- تا ساڵی 2031: داهاتی ساڵانەی تاک 69,187 دۆلار تێدەپەڕێنێت.
د. ئەنوەر قەرقاش، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات، لە کۆمێنتێکدا لەسەر ئەم ئامارانە ڕایگەیاند: ئەدای ئابووریی ئیمارات چیرۆکێکی سەرکەوتنی ئیلهامبەخشە کە بینین و پابەندبوون و ئەدا کۆدەکاتەوە، ئێمە بەرەو ساڵانێکی زۆر لە گەشە، سەرکەوتن و پێشەنگی هەنگاو دەنێین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.