قائمقامیەتی قەزای ڕانیە خواردنەوەیەکی وزەبەخشی قەدەغە کرد و ڕایگەیاند، ڕێکلامکردن بۆ خواردنەوەی وزەبەخش، هاوشێوەی جگەرە، ڤەیپ و خواردنەوە کحولییەکان قەدەغەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لیژنە هـاوبەشەکانی قائمقامیەتی قەزای ڕانیە بەهاوبەشی و ئەندامیەتی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، دوای بەدواداچوون بۆ جۆرێک لە خواردنەوەی وزەبەخش بە ناوی (4u)، بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردن و ڕێگری لە فرۆشتنی درا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی قائمقامیەتی قەزای ڕانیە، ئەو خواردنەوەیە لەبەر ئەوەی خەڵات و دیاریی تێدا دەردەچێت، خواستێکی زۆری منداڵان و مێردمنداڵانی لەسەر بووە و خەڵک هاندەدات بۆ کڕینی زیاتر. لە کاتێکدا پێکهاتەکەی لە (شەکر، ڕەنگ و کافاین ) پێکهاتووە و لەسەر لەیبڵەکەشدا نووسراوە (بۆ منداڵی خوار 16 ساڵ ڕێگەپێدراو نییە)، بەڵام لە شوێنکارەکان ڕەچاوی لەیبڵەکە ناکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکان /بەشی بازگەکانی ڕاپەڕین ئاگادار کراوەتەوە، ڕێگری لەو بارهەڵگرانە بکەن کە خواردنەوەی وزەبەخشی (4u) داخڵ بە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین دەکەن.
قائمقامیەتی قەزای ڕانیە جەختیشی کردەوە، هەر فرۆشگایەک خواردنەوەی وزەبەخش بە منداڵان بفرۆشێت شوێنکارەکەی دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر. هەروەها هەر فرۆشگایەک و بازاڕێک ڕێکلام بۆ خواردنەوەی وزەبەخش بکات، هاوشێوەی جگەرە، ڤەیپ و خواردنەوە کحولییەکان ڕێکاری لەگەڵدا دەکرێت و ڕێکلامکردنی قەدەغەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.