Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 15:30

"ده‌رهێنه‌رێک "، خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی هندستانی پێشکه‌ش به‌ قوربانییانی فڕۆکه‌ ئۆکرانییه‌که‌ کرد

كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی گرینگی جیهانی به‌ده‌ست هێناوه‌
کوردستان TV
100%

سینه‌ماكار "تووره‌ج ئه‌سڵانی" ده‌رهێنه‌ری فیلمی سینه‌مایی (بارهه‌ڵگریی زێڕ)، خه‌ڵاتی باشترین فیلمنامه‌ی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی "چاتراپاتی شیواجی " پێشكه‌ش به‌ كاپتن "سلادیمیر گاپوننكو" فڕۆكه‌وانی ئۆكراینی و قوربانیانی ئێرانی و بیانی ڕووداوی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ كرد.

فیلمی سینه‌مایی (بارهه‌ڵگریی زێڕ)له‌ ده‌رهێنانی "توره‌ج ئه‌سڵانی" كه‌ نوێترین به‌رهه‌می ئه‌و ده‌رهێنه‌ره‌یه‌، له‌ سێهه‌مین نمایشی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ نوێنه‌رایه‌تی له‌ سینه‌مای ئێران له‌ به‌شی ڕكابه‌ریی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "چاتراپاتی شیواجی"ChhatrapatiShivaj له‌ وڵاتی هندستان چووه‌ سه‌ر په‌رده‌ی زیوین و له‌ ئه‌نجامدا خه‌ڵاتی باشترین فیلمنامه‌ی وه‌رگرت.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌رهێنه‌ر (تووره‌ج ئه‌سڵانی) به‌ ده‌ربڕینی داخ و كه‌سه‌ری خۆی له‌ ڕووداوی فڕۆكه‌ ئۆكراینیه‌كه‌ له‌ ئێران، خه‌ڵاته‌كه‌ی خۆی پێشكه‌ش به‌ كاپتن "سلادیمیر گاپوننكو" فڕۆكه‌وانی ئۆكراینی و قوربانیانی ئێرانی و بیانی ڕووداوه‌كه‌ كرد.

شایه‌نی ئاماژه‌یه‌: فێستیڤاڵه‌كه‌ به‌ دروشمی "فیلمی باش بایه‌خ وبه‌هاكانی ژیان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌" به‌ڕێوه‌ چوو و له‌ به‌شی جۆربه‌جۆردا خه‌ڵاتی پێشكه‌ش به‌ براوه‌كان كرد.

جێگه‌ی باسه‌: فیلمی سینه‌مایی "بارهه‌ڵگریی زێڕ" كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمپانیای بڵاوكه‌ره‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی "ئاڕت هوود" له‌ ئاستی دنیادا بڵاوده‌بێته‌وه‌، له‌ یه‌كه‌مین به‌شداریی نێونه‌ته‌وه‌یی خۆیدا له‌ به‌شی پێشبڕكێی سه‌ره‌كیی "ڕه‌وته‌ نوێیه‌كان" New Currents له‌ بیست و سێیه‌مین خولی فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی "بووسان" Busan له‌ شاری بووسان له‌ وڵاتی كۆریای باشوور نمایش كراوه‌.

ئه‌وه‌یش ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین: سینه‌ماكار "تووره‌ج ئه‌سڵانی" كه‌ وه‌كوو به‌ڕێوه‌به‌ریی وێنه‌گرتن ساڵانێكی زۆره‌ ئه‌زموونی زێڕینی له‌ فیستیڤاڵه‌ جۆراوجۆره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌یه‌ و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی گرینگی جیهانی له‌و بواره‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ فیلمی سینه‌مایی "بارهه‌ڵگریی زێڕ" به‌ شێوه‌ی جیدی هاتۆته‌ ناو بواری ده‌رهێنانه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌/ هه‌ولێر

كوردستان تیڤی/ كامران

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.