بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی ھەرێمی کوردستان، بازرگانان ساڵانە بایی زیاتر لە (ملیارێک و 400 ملیۆن) دۆلار مۆبایل و پێویستییەکانیان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی ئامارەکە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان ئامادەکراوە، لە سێ ساڵی رابردوودا بایی چوار ملیار و 398 ملیۆن و 45 ھەزار دۆلار مۆبایل و پێویستیەکانی ھاوردەی عێراق کراون کە سهدا 99ی لە رێگەی فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بووە، داتاکانیش دەریدەخەن ساڵانە ھەڵکشان و داکشانێکی زۆر لە بازاڕی مۆبایلدا ھەیە.
ساڵی 2015 بازرگانان بهبڕی ملیارێک و 279 ملیۆن و 852 ھەزار دۆلار مۆبایل و پێویستیەکانیان ھاوردە کردووە، بەڵام لە ساڵی 2016 ھاوردەکردن بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و تەنیا بایی 693 ملیۆن دۆلار مۆبایل و پێویستییەکانی ھاوردە کراوە.
ساڵی 2017 ساڵی زێڕینی فرۆشتنی مۆبایل و پێویستییەکانی بووە، لەو ساڵەدا کۆمپانیاکان بایی سێ ملیار و 117 ملیۆن و 500 دۆلار مۆبایل و پێویستییەکانیان ھاوردە کردووە، کە سهدا 85ی بە قاچاخ چووەتە ئێران و تورکیا و سووریا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.