پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگەی خێرای هەولێر – کۆیە کە یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە هەرێمی کوردستان بە خێراییەکی زۆر جێبەجێ دەکرێت و تیمەکان بە شەو و ڕۆژ کاری تێدا دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پارێزگای هەولێر، تا ئێستا 35%ـی کارەکانی پڕۆژەی ڕێگەی خێرای هەولێر – کۆیە تەواو بووە و نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە شەقامەکە قیرتاو کراوە.
ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی 683 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە کە تەواوبوونی ئەم ڕێگەیە، کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا بەرەو پێش دەبات و ئاستی سەلامەتیی هاتوچۆ بۆ شۆفێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.
هەرچەندە بەپێی گرێبەست بڕیارە پڕۆژەکە لە مانگی تەممووزی ساڵی 2028 تەواو بێت، بەڵام بەهۆی خێرایی کارکردن تێیدا، پێشبینی دەکرێت زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆی بکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان.
ڕێگەکە 45 کیلۆمەتر درێژە و لە دوو ساید پێکدێت. بۆ هەر سایدێک 3 ڕێڕەوی هاتوچۆ و ڕێڕەوێکی فریاگوزاری تەرخان کراوە، هەروەها پڕۆژەکە 11 بەرزەپرد و ژێرپرد لەخۆی دەگرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.