Erbil 6°C سێشەممە 21 کانوونی دووەم 10:39

هاووڵاتیان له‌ بڕو کوالێتی ئه‌و غازه‌ی کەبه‌کاری ده‌هێنن دڵنیاده‌کرێنه‌وه‌

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌رووی كوالێتی و بڕو نرخه‌وه‌ چاودێری وردی ئه‌و غازه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ هاووڵاتیان ده‌فرۆشرێت
کوردستان TV
100%

لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌رووی كوالێتی و بڕو نرخه‌وه‌ چاودێری وردی ئه‌و غازه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت.

سه‌ردار ساڵح- سه‌رۆكی لیژنه‌ی غازی ماڵان رایگه‌یاند له‌ سنوری شاری سلێمانیدا (29) كارگه‌ی تێكردنه‌وه‌ی غازی ماڵان هه‌یه‌، به‌وردی چاودێری كاره‌كانیان ده‌كه‌ین له‌رووی بڕی ئه‌و غازه‌ی ده‌یكه‌نه‌ بتڵه‌كانه‌وه‌ كه‌ كێشكه‌ی (12)كیلۆگرامه‌ و به‌ كێشی بتڵه‌كه‌وه‌ ده‌بێت به‌ (28)كیلۆ و نیو، هه‌ر بتڵێك كه‌ تێبینی بكرێت له‌و كێشه‌ كه‌متره‌، رێكاری پێویست له‌گه‌ڵ كارگه‌كه‌دا ده‌گیرێته‌ به‌ر، ڕێگه‌نادرێت له‌ هیچ شوێنێك دووكان بێت یان ئۆتۆمبێلی فرۆشتنی غاز، نرخی هه‌ر بتڵێك له‌ (7)هه‌زار و (500)دینار زیاتربێت، هه‌رهاوڵاتییه‌كیش له‌و بڕه‌ زیاتری لێوه‌ربگیرێت ده‌توانێت سكاڵا بكات.

وتیشی: رۆژانه‌ نزیكه‌ی (270)تۆن غازی شل له‌ كه‌ركوك و كێڵگه‌كانی كۆرمۆره‌وه‌ هاورده‌ی سلێمانی ده‌كرێت و له‌رێگه‌ی كارگه‌كانی غازه‌وه‌ ده‌كرێنه‌ بتڵه‌وه‌ و به‌ هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێن، به‌وه‌ش رۆژانه‌ نزیكه‌ی (14)هه‌زار بتڵ  له‌ سلێمانی له‌لایه‌ن هاوڵاتییانیه‌وه‌ به‌كار ده‌هێنرێن.

له‌رووی كوالێتی ئه‌و بتڵانه‌ی ئێستا به‌كار ده‌هێنرێت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی غازی ماڵان رایگه‌یاند: دوو كارگه‌ی دروستكردنی بتڵی غاز له‌ سلێمانیدا هه‌یه‌، كه‌ به‌ وردی چاودێری كوالێتی به‌ر‌هه‌مه‌كانیان ده‌كه‌ین و ئه‌و بتڵانه‌ی خستویاننه‌ته‌ بازاڕه‌وه‌ به‌پێی كوالێتی و ستانداردی عیراقییه‌ و كێشه‌یان نییه‌، بتڵه‌كانیان‌ لۆگۆ و ناوی كارگه‌كه‌ی له‌سه‌ره‌، به‌ده‌ر له‌و جۆرانه‌ش كه‌ به‌پێی ستانداردهی عیراقییه‌ رێگه‌مان به‌ به‌كارهێنانی هیچ جۆرێكی تری بتڵ نه‌داوه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و بتڵانه‌ی كه‌ ماده‌ی پلاستیكن و كێشیان كه‌مه‌، له‌رووی كوالێتییه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كیان نییه‌ و رێگه‌پێدراون.

داوای له‌ هاوڵاتیان كرد له‌كاتی بینینی هه‌ر كێشه‌یه‌ك له‌ بڕ و كوالێتی و نرخی غازی ماڵاندا ده‌ستبه‌جێ له‌رێگه‌ی لاپه‌ڕه‌ی فه‌رمی قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌ فه‌یسبووك یان ژماره‌ ته‌له‌فوونی (07705487171) لیژنه‌ی غازی لێ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌.

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.