Erbil 5°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 20:48

چله‌ی ماته‌مینی هونه‌رمه‌ند "ئه‌نوه‌ر شێخانی" به‌ڕێوه‌چوو

به‌شداریی زیاتر له‌ 60 شانۆگه‌ری و 10 فیلمی سینه‌مایی كردووه‌
کوردستان TV
100%

له‌ شاری هه‌ولێر، له‌ هۆڵی رۆشنبیری به‌ئاماده‌ بوونی ژماره‌یه‌كی به‌رچاو  له‌ به‌رپرسانی حوكومی و حزبی و خانه‌واده‌ و هاوڕێیانی و هونه‌رمه‌ندانی كورد چله‌ی ماته‌مه‌ینی هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی  به‌رێوه‌ چوو.

سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه‌  په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری هونه‌رمه‌نده‌ لادرا ،پاشان  كورته‌یه‌ك له‌ ژیاننامه‌ی به‌شێوه‌ی دۆكیۆمێنتاری پێشكه‌ش به‌ئامادى بوان كرا.

له‌و رێوره‌سمه‌دا چه‌ندین وتاروپێشكه‌ش كران.

Ktv

 له‌رێوره‌سمه‌كه‌دا گرووپی كۆلیژی هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر پارچه‌ موزیكێكیان پێشكه‌ش كرد. پاشان گرووپی ده‌ف پارچه‌یه‌ك موزیكیان پێشكه‌ش كرد و دواتر وتاری به‌خێرهێنانی میوانان له‌لایه‌ن  (فه‌رهه‌نگ غه‌فوور) به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر پێشكه‌ش كرا و سوپاسی ئاماده‌بووانیشی كرد كه‌ له‌م مه‌راسیمه‌ شكۆداره‌ ئاماده‌ن، ئه‌وه‌ش وه‌فا و رێزگرتنه‌ له‌ هونه‌رمه‌ندێكی ره‌سه‌ن، كه‌ ته‌واوی ته‌مه‌نی خۆی له‌ خزمه‌ت به‌ گه‌ل و نیشتمان و هونه‌ره‌كه‌ی به‌خشی. ئینجا وتاری بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌لایه‌ن (هه‌ڵوێست ئه‌نوه‌ر شێخانی) پێشكه‌ش كرا و ئه‌ویش له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ سوپاسی میوانانی به‌ڕێزی كرد، كه‌ له‌م یاده‌وه‌ری و مه‌راسیمه‌، وه‌ك رێزگرتن له‌ باوكیان ته‌شریفیان هێناوه‌. ئینجا وتاری پارێزگاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن (فه‌رسه‌ت سۆفی) پارێزگاری هه‌ولێر پێشكه‌ش كرا و تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆڵی هونه‌رمه‌ندان له‌ به‌ره‌وه‌پێشبردنی كۆمه‌ڵگا و جوانتركردنی ژیان، له‌و بواره‌شدا رۆڵی ئه‌نوه‌ر شێخانی به‌رز نرخاند، كه‌ ساڵه‌هابوو له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ خزمه‌تی كرد. دواجار وتاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان له‌لایه‌ن (د. سالار عوسمان) بریكاری وه‌زاره‌تی رۆشنبیری پێشكه‌ش كرا و ئه‌ویش تیشكی خسته‌ سه‌ر رۆڵی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان له‌ پێشخستنی ئاستی وشیاریی و ئاگایی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا، هه‌وره‌ها رۆڵی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردووی له‌و بواره‌دا كرده‌ نموونه‌یه‌كی باش، له‌و خزمه‌ته‌ی، كه‌ هونه‌رمه‌ندانی كورد له‌ هه‌موو قۆناغ و سه‌رده‌مه‌كان، له‌گه‌ڵ كۆژانی گه‌له‌كه‌یاندا بوونه‌ و به‌ شێوازی خۆیان و به‌ هونه‌ره‌كه‌یان خزمه‌تیان به‌ گه‌له‌كه‌یان كردووه‌.
دوای خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كان، فیلمێكی دیكۆمێنتاری له‌سه‌ر ژیان و به‌رهه‌م و خزمه‌ته‌كانی (ئه‌نوه‌ر شێخانی) نمایش كرا، ئینجا (٥٤) مۆم، وه‌ك گوزارشت له‌ (٥٤) ساڵ خزمه‌تی نه‌بڕاوه‌ی هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو (ئه‌نوه‌ر شێخانی) له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانی به‌ڕێز داگیرسێنران 

هونه‌رمه‌نده‌ ئه‌نوه‌ر شێخانی  له‌ ساڵی 1951دا له‌دایك بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی 19 ساڵی واته‌ له‌ ساڵی 1970 ده‌ستی به‌ كاری شانۆیی كردووه‌، به‌شداریی زیاتر له‌ 60 شانۆگه‌ری و 10 فیلمی سینه‌مایی كردووه‌.

ئه‌نوه‌ر شێخانی له‌ ساڵی 1973دا به‌ تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ شۆرش له‌ لایه‌ن ڕژێمی ئه‌وكاته‌ی عێراقه‌وه‌ ده‌گیرێت، دوای ئازادبوونی په‌یوه‌ندی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌شتی هه‌ولێر ده‌كات.

له‌ ساڵی 1992دا یه‌كێك بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی (كه‌ی تیڤی)، هه‌روه‌ها دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رمه‌ندنی كوردستان بووه‌ و ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه‌ له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو سه‌ندیكا و كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان.

Ktv

ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ دوای ڕاپه‌رینی ساڵی 1991 چه‌ند ساڵێك به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنییان به‌ ناوی (هه‌گبه‌ی كورده‌واری) پێشكه‌ش ده‌كرد، ئه‌وكاته‌ بینه‌رێكی زۆری هه‌بوو، هه‌ر له‌و به‌رنامه‌یه‌دا به‌ كاره‌كته‌ری مام سمایل ناوبانگی هونه‌ری په‌یدا كرد.

ئه‌نوه‌ر شێخانی جگه‌ له‌وه‌ی به‌شداریی چه‌ندین فیلم و درامای كردووه‌، هاوكات سه‌رپه‌رشتیاری چه‌ندین كاری هونه‌ری كردووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی جیهانی و نێوخۆیی پێ به‌خشراوه‌.

خوالێخۆشبوو هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ له‌ بواری سینه‌ما و دراما و شانۆ خزمه‌تی به‌رچاوی كردووه‌ و چه‌ند ساڵێكیشه‌ به‌هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ هونه‌ر دابڕابوو، ئه‌مڕۆش ئه‌نوه‌ر شێخانی له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد.

Ktv

هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر شێخانی ساڵی 1951 له‌ دایك بووه‌ و له‌ ساڵی 1970 تێكه‌ڵ به‌ جیهانی هونه‌ر بووه‌ و یه‌كه‌م به‌رهه‌میشی شانۆی ماره‌یی بووه‌.

ئه‌نوه‌ر شێخانی له‌ ساڵی 1976 بووه‌ته‌ به‌ڕێوبه‌ری ھونه‌ری كۆمه‌ڵ و ھونه‌ر و وێژه‌ی كورد مه‌ڵبه‌ندی گشتی.

Ktv

له‌ ساڵی 1991 لقی هه‌ولێری كۆمه‌ڵه‌ی ھونه‌رمه‌ندانی كوردستانی دامه‌زراندووه‌ و له‌ ساڵی 1992 یه‌كیك بووه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری كه‌ی تیڤی.

له‌ ساڵی 1998 یه‌كێك بووه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری سه‌ندیكای ھونه‌رمه‌ندانی كورردستان، ئه‌نوه‌ر شێخانی به‌شداری چه‌ندین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین خه‌ڵاتی رێزلێنانه‌.

شایانی باسه‌ ساڵی ڕابردوو ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ تووشی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ بوو، ماوه‌یه‌ك ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا كرا و له‌وێ چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی وه‌رگرت، له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام له‌ژێر چاودێریی پزیشكدا بوو، ڕۆژی 2019/9/23 له‌ ته‌مه‌نی 68 ساڵیدا به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی هه‌ولێر كۆچی دوایی كرد.

 كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.