Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 17:31

فه‌رهه‌نگی سادق، کارێکی ناوازه‌ و به‌هادار

به‌ سه‌لیقه‌یه‌كی جوان و به‌ دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه‌وه‌ كاری تێدا كراوه‌
کوردستان TV
100%

هه‌ر كارێك، ئامانج لێی خزمه‌تی زمان و خه‌ڵك و خاك بێت و به‌ دڵسۆزی و له‌خۆبردوویی ده‌ستی پێ بكرێ و بێ ماندووبوون كاری تێدا بكرێ و سه‌ره‌نجام سه‌ر بگرێ و ته‌واو بێت، ئه‌وا ده‌بێت به‌ سامانێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ته‌نانه‌ت نێونه‌ته‌وه‌ییش. دونیای نووسین، پانتاییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌ به‌ره‌پێشبردن و وشیاریی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیی بینیوه‌. به‌ ملیۆنان كتێب و گۆڤار و وتاری نووسراو له‌ سه‌رانسه‌ری جیهان، زاده‌ و به‌رهه‌می مرۆڤه‌كانه‌ به‌ درێژایی مێژوو تا ئه‌مڕۆ. له‌و مه‌یدانه‌شدا، نووسه‌رانی گه‌لی كوردیش، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ نه‌خوازراوه‌ داسه‌پاوه‌ی چوارده‌ور به‌سه‌ر گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان داهێناوه‌، كه‌چی كاڵا به‌ قه‌د باڵا، ئه‌سپی خۆیان له‌و مه‌یدانه‌دا تاو داوه‌ و خزمه‌تێكی شایانیان به‌ كورد و غه‌یری كوردیش كردووه‌.

له‌م رۆژانه‌دا هاوڕێ و برای ئازیزم، كاك (سادق رواندزی) به‌ ده‌ستی پڕ دیاری سه‌ردانی كردم و یه‌كێك له‌و كتێبه‌ بایه‌خدارانه‌ی خۆی پێشكه‌ش كردم، كه‌ فه‌رهه‌نگی سادق (قاموس صادق)ه‌، كه‌ كاری به‌رده‌وام و شه‌ونخوونی چه‌ند ساڵه‌یه‌تی، له‌ كۆكردنه‌وه‌ و ئاماده‌كردن و مانالێدانه‌وه‌ی و هاوتا دۆزینه‌وه‌ی وشه‌كانه‌ به‌ هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی، جا كاتێك كه‌ ورده‌كارییه‌كانی ناو فه‌رهه‌نگه‌كه‌ ده‌بینین، ده‌توانین مه‌زه‌ندی ئه‌وه‌ بكه‌ین، كه‌ چه‌نده‌ به‌ رێكوپێكی و به‌ سه‌لیقه‌یه‌كی جوان و به‌ دڵسۆزی و خه‌مخۆرییه‌وه‌ كاری تێدا كراوه‌، ئه‌مه‌ش هه‌روا و به‌ ئاسانی نه‌هاتۆته‌ دی، به‌ڵكوو زه‌حمه‌تی و شه‌ونخوونییه‌كی زۆری بۆ كێشراوه‌. له‌م پێناوه‌شدا برای نووسه‌ر و ئاماده‌كار، درێغی نه‌كردووه‌ و ویستوویه‌تی ئه‌و كاره‌ی، نه‌ك بۆ خۆی، به‌ڵكوو بۆ گه‌له‌كه‌ی ده‌سكه‌وت و سامانێكی پڕ به‌ها بێت و سوودیشی وه‌ك ماڵی خێرات نه‌بڕاوه‌ و به‌رده‌وام بێت، چونكه‌ فه‌رهه‌نگ كلیلێكی باشه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی گرێیه‌كانی زمان و دواتر لێكتێگه‌یشتن و په‌ی بردن و ئاشنابوون به‌ ده‌وروبه‌ره‌وه‌.

Ktv

من زمانزان و ره‌خنه‌گر نیم تا بێم فه‌رهه‌نگه‌كه‌ هه‌ڵبسه‌نگێنم، ئه‌وه‌ی ده‌بینم و ده‌زانم ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌م كاره‌ هه‌م پیرۆزه‌ و هه‌م به‌ دڵسۆزی كراوه‌ و هه‌میش برای نووسه‌ر زۆری پێوه‌ ماندوو بووه‌، به‌ڵام خۆ به‌ره‌كه‌ی ده‌بینین، كه‌ ئه‌و ماندووبوونه‌ و زیاتریش دێنێ. به‌ر له‌م كاره‌ به‌نرخه‌ش، چه‌ندین فه‌رهه‌نگی دیكه‌ی كوردی بۆ كوردی، یان بۆ فارسی، یاخود بۆ عه‌ره‌بی، یان به‌پێچه‌وانه‌ نووسراون و چاپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌موویان و هه‌ریه‌كه‌ و به‌ ئه‌ندازه‌ی خۆی، به‌ ئه‌ندازه‌ی شاره‌زایی و وردبوونه‌وه‌ له‌ كاره‌كه‌ی و دڵسۆزیی بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌ی، خزمه‌تی به‌ زمان و فه‌رهه‌نگ و كولتووری كورد كردووه‌ و ده‌كات. دوای ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ش هی دیكه‌ش ده‌نووسرێن و ئه‌وانیش به‌رچاوڕوونی و خه‌زێنه‌یه‌كی پڕ گه‌وهه‌ر ده‌بن بۆ زمانه‌كه‌مان و نه‌ته‌وه‌كه‌مان، به‌ هه‌مووشیان كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی ناو كتێبخانه‌ی كوردییان پڕ كردۆته‌وه‌ و پڕ ده‌كه‌نه‌وه‌. ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ی مامۆستا سادقیش، له‌ناو كتێبخانه‌ی كوردیدا جێی خۆی ده‌گرێ و وشه‌كانی وه‌ك چرا ده‌دره‌وشێنه‌وه‌. بۆیه‌ پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ برای نووسه‌ر مامۆستا سادق رواندزی ده‌كه‌م و هیوای به‌رهه‌م و كاری به‌رده‌وام و به‌نرخی بۆ ده‌خوازم.

ن/ فه‌رهه‌نگ غه‌فور

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.