مەسعوود پزشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی "جەزیرە" ڕایگەیاند، ئێران ئامادەی گفتوگۆیە، بەڵام متمانەی بە لایەنی ئەمەریکی نەماوە، چونکە لە ڕابردوودا هەر کاتێک گفتوگۆ کراوە، دواتر سزای نوێ و هەڕەشەی نوێی بەدوادا هاتووە.
سەبارەت بە ئەمەریکا پزشکیان جەختی کردەوە کە ئەمەریکا خۆی هۆکاری پشێویی ناوچەکەیە و ئێران وەک قوربانیی تیرۆر، ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە دەبێتەوە.
سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند، ئەوان دەستپێشخەریی بەربەستکردنی ڕێگاکانیان نەکردووە، بەڵکو ئەوە ئەمەریکا و ئیسرائیلن ناوچەکەیان ئاگر تێبەرداوە. جەختیشی کردەوە کە کێشەکانی ناوچەکە بە زۆرەملێ چارەسەر ناکرێن و دەبێت بە دیالۆگ و هاریکاریی وڵاتانی ناوچەکە پارێزگاری لە ئاسایش بکرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران داوای لە وڵاتانی عەرەبی و کەنداو کرد یەکگرتوو بن و ڕایگەیاند: "ئێمە پێویستمان بە دەست تێوەردانی دەرەکی نییە، دەتوانین خۆمان ئاسایشی ناوچەکە بپارێزین".
پزشکیان دووپاتی کردەوە کە سەرەڕای فشارە ئابوورییەکان و هەوڵی دروستکردنی دووبەرەکی، گەلی ئێران لەسەر هەڵوێستی خۆیان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەیان ماونەتەوە.
مەسعوود پزشکیان ئاماژەی بەوە کرد، ئێران سەرباری هەموو شتێک بە گیانی برایەتییەوە سەیری وڵاتانی موسڵمان دەکات و دەیەوێت ئاشتی لە یەمەن و فەلەستین بەرقەرار بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.