Erbil 31°C یەکشەممە 27 ئەیلوول 00:41

لە ڕانیە گەنجێک بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ساختە دەستگیر کرا

100%

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی لە ڕانیە، تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و دروستکردنی ڤیدیۆی ساختە بۆ کچێکی دەزگیراندار دەستگیر کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە ڕێکەوتی 10ی ئابی 2026، کچێکی دەزگیراندار سکاڵای تۆمار کردووە و ئاماژەی بەوە کردووە، کەسێکی نادیار وێنەی ئاسایی ئەوی بەکارهێناوە و لە ڕێگەی بەرنامەی زیرەکەوە ڤیدیۆی نەشیاوی ساختەی لێ دروست کردووە، دواتریش لە چەناڵێکی تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە و هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی زیاتری لێ کردووە بەمەبەستی وەرگرتنی پارە.

دوای بەدواداچوونی ورد و کۆکردنەوەی زانیاری، توانرا ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت کە دانیشتووی شارەدێی پیرەمەگرونە. ڕۆژی 22ـی ئەیلوولی 2026، بە هەماهەنگی لەگەڵ بنکەی پۆلیسی پیرەمەگرون، هێزە ئەمنییەکان توانییان تۆمەتبارەکە بەناوی (ف.ص.ئ) تەمەن 24 ساڵ دەستگیر بکەن.

لە کاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، دەست بەسەر 5 مۆبایل، لاپتۆپێک و 7 میمۆریدا گیراوە کە سەرجەم وێنە و ڤیدیۆ ساختەکراوەکانی تێدا دۆزراوەتەوە. تۆمەتبارەکە لەبەردەم پۆلیس و دادگادا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دووەمی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.