Erbil 13°C چوارشەممە 22 کانوونی دووەم 12:58

لیژنه‌ی کشتوکاڵی په‌رله‌مانی کوردستان وعێراق : ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجکردنى پاره‌ی گه‌نمى جوتیاران درا

هه‌ردوو لیژنه‌ی كشتوكاڵی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبوونه‌وه‌
کوردستان TV
100%

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساى به‌ركاركردنى یاسای فیدرالیی پاراستنی به‌رهه‌مه‌ عێراقییه‌كان و تاووتوێكردنى كێشه‌و گرفتى جووتیاران،  به‌سه‌رپه‌رشتیى عوسمان عه‌بدوڵا سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێرى و به‌ڵێن ئیسماعیل سه‌رۆكى لیژنه‌ى وزه‌و سامانه‌سروشتییه‌كان و بازرگانى و پیشه‌سازى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شى له‌نێوان هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ ئه‌نجامدرا.

 له‌راگه‌یاندراوێكدا لێژنه‌ى كشتوكال و ئاودێری له‌په‌رله‌مانى كوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ جێگرانى سه‌رۆك و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و راوێژكارانى هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ ئاماده‌یبوون، گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساى به‌ركاركردنى یاسای فیدرالیی پاراستنی به‌رهه‌مه‌ عێراقییه‌كان ژماره‌ (11)ى ساڵى (2010) ى هه‌مواركراو كرا.


 راشیده‌گه‌یه‌نن ، له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه‌ كرا كه‌به‌هۆى پرۆِژه‌كانى نه‌وت زیانیان به‌ركه‌وتووه‌و كاریگه‌ریى كردۆته‌ سه‌ر به‌رهه‌مهێنانى كشتوكاڵى.


هه‌ر له‌م كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  بڕیاردرا كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ سه‌رجه‌م تێبینى و پێشنیازه‌كان ره‌وانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم بكرێت بۆئه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانى كشتوكاڵ و ئاودێرى و وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى راوبۆچوونى خۆیان له‌سه‌ر بخه‌نه‌ڕوو به‌مه‌رجێك له‌ ماوه‌ى (10) رۆژ تێنه‌په‌ڕ نه‌كات.


 لێژنه‌ى كشتوكال و ئاودێری له‌په‌رله‌مانى كوردستان  بڵاویشى كرده‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى كشتوكاڵ و ئاودێریى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق  به‌رێوه‌چوو 

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى به‌هێزكردنى هه‌ماهه‌نگى و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى هه‌رێم و به‌غدا له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرا.
له‌به‌شێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تیشك خرایه‌سه‌ر پاره‌ى گه‌نمى جووتیاران كه‌هه‌موو ره‌زامه‌ندییه‌كى خه‌رجكردنى له‌سه‌ر دراوه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ ته‌نیا پێویستیى به‌ فه‌رمانى كارگێڕیى به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆكوه‌زیرانى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆیه‌ داوا له‌لیژنه‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كرا به‌جدى كار بۆ ئه‌م فه‌رمانه‌ كارگێڕییه‌ بكه‌ن.
له‌كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرا كه‌ هۆشیارى بدرێته‌ هه‌موو لایه‌ك كه‌ جووتیاران و زه‌ویی كشتوكاڵى تێكه‌ڵ به‌ كێشه‌و ململانێ سیاسییه‌كان نه‌كرێت.

 

 

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.