بەهۆی زیادبوونی بەروبومی ناوخۆیی لە پەلەوەر و ئاژەڵ، رێژەی هاوردەكرنیان كەمدەكرێتەوە و جێگری بەرێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت وەبەرهێنان لە پرۆژە كشتوكاڵییەكاندا رووی لە زیادبوون كردووە.
لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری كردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانیدا كۆبوویەوە، پاش هەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی بەروبومی ناوخۆیی بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بكرێت كە هاوردەی پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
لە دوای كۆبونەوەكەش رزگار حمد خدر جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی ووتی: بەهۆی زۆربوونی پرۆژە كشتوكاڵیەكان و بەرز بوونەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆ هەروەها بۆ پشتگیری جوتیاران و پرۆژە كشتوكاڵییەكان، بەرووبومە پەلەوەریەكان تا ئاستی لەسەدا 90 بەرهەمی ناوخۆ پڕدەكاتەوە.
ئاماژەی بۆئەوەكردكە، لە رێژەی بەروبومە هاوردەكراوەكان رەچاوی زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ و كەمبوونەوەی بەكارهێنان لەوەرزەكاندا كراوە، لیژنەكە بۆ مانگی (10)ی ئەمساڵ بڕیاری دا 800 تۆن ماسی، 500 تۆن مریشك و 500 تۆن گۆشتی سور، هەروەها رێگە بە هاوردەكردنی 7000 هەزار سەر ئاژەڵ لەدەرەوە هاوردە بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.