لەسەرەتای مانگی چواری هەموو ساڵێک گروپەکانی گەشتیاری بۆ وڵاتان دەستپێدەکات، لەنێو وڵاتان ئازەربایجان زۆرترین خواستی لەسەرە. هەفتانە سێ فڕۆکەی 150 نەفەری لە هەولێر و سلێمانی بۆ باکۆی پایتەختی ئازەربایجان دەفڕن، ئەوە جگە لەو پاسانەی کە ئەمساڵ بەڕێگەی وشکانی لە ئێرانەوە بۆ ئەو وڵاتە چوون.
لاوەند مەموندی، خاوەنی هێڵی ئاسمانی ئازەربایجان بەكوردستان تیڤی راگەیاند: ساڵی رابردوو لەڕێگەی هێڵەکانی ئاسمانییەوە نزیکەی 500 گەشتیار لە هەولێر و سلێمانیەوە بەرەو ئازەربایجان چوون، گوتیشی بەراورد بەساڵی رابردوو ئەمساڵ رێژەیەکی زۆر زیاتری گەشتیاران لەڕێگەی وشکانی و بە پاس لە ئێرانەوە دەچنە ئازەربایجان چونکە ڤیزەی ئێران نەماوە و تێچووی گەشتەکە لەو رێگەیەوە کەمترە.
سەبارەت بە نرخی گەشتەکان مەموندی ئاشکرایکرد: بەراورد بە ساڵی رابردوو نرخمان دابەزاندووە، ئەوەش هۆکارێکی دیکەی زۆربوونی ژمارەی گەشتیارانە، ساڵی رابردوو نرخی یەک کەس بە گروپی گەشتیاری بۆ ئازەربایجان 700 بۆ 750 دۆلار بوو بەڵام ئەمساڵ بە 500 بۆ 600 دۆلارە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە شۆفێری پاسەکان وەرگیراوە، لەسەرەتای مانگی نیسان تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب هەفتانە زیاتر لە 500 کەس بە پاس چوونەتە ئازەربایجان، بەوپێیەش بێت لەو ماوەیەدا نزیکەی 20 هەزار کەس بۆ ئازەربایجان گەشتیان کردووە.
ئامادهكردن و داڕشتهوهی - سیامهند كهریم
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.