ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دهڵێت، گۆڕانكارییەكی زۆر لە هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێمی كوردستان بۆ چارەسهركردنی كێشەكان روویداوە و ئێستا هەڵوێستیان زۆر ئەرێنییە، دەشڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا شاندی حكوومەتی هەرێم دەگاتە بەغدا و پشكی هەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە یەكلا دەكرێتەوە.
ئیخلاس دلێمی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاندووه، لە ساڵانی ڕابردوو لە پڕۆژەیاسای بودجەدا تەنها هەوڵ بۆ دابینكردنی مووچە دەدرا ، بەڵام ئەمساڵ بودجە زۆر بە شێوەیەكی جیاواز ئامادە كراوە و جەخت لەسەر هەموو سێكتەرەكان كراوەتەوە، وەكو كەرتی وەبەرهێنان و پیشەسازی و كشتوكاڵ و هەموو كەرتەكانی دیكە، چونكە گۆڕانكاری رووی داوە و ئێستا دۆخی ئابووریی عێراق لەچاو ساڵانی ڕابردوو زۆر باشترە.
دلێمی ڕاشیگهیاندووه، لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە پڕۆژەیاسای بودجەدا گرنگی بە پشكی هەرێمی كوردستان نەدەدرا و بەردەوام بیانوو بە هەرێمی كوردستان دەگیرا، كە گوایە نەوت رادەست ناكات، بەڵام ئێستا روئیایەكی نوێ هەیە بۆ چارەكردنی كێشەكان و گۆڕانكاریی گەورە لە راو هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێم رویداوە، بۆیە گەشبینین ئەمساڵیش لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستانەوە بگەنە رێككەوتن.
ناوبراو باسی لەوەشكرد، بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێتە بەغدا و گفتوگۆ لەبارەی پشكی هەرێمەوە بكەن و بگەنە رێككەوتن و ئەو كێشەیەش یەكلا بكەنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.