Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:55

مارکێس له‌ نێوان رۆمان و سینه‌مادا

ئه‌و پێگه‌ ئه‌ده‌بیه‌ی ماركێس له‌رۆماندا هه‌یبووه‌، هه‌مان ئه‌و پێگه‌یه‌شی له‌سینه‌مادا هه‌یه‌
کوردستان TV
100%

رۆماننووسی ناوداری كۆڵه‌مبی گابریل گاریسیا ماركێس، كه‌بۆ سه‌رده‌مێكی دوورو درێژ ته‌ختی پاشایه‌تی رۆمانی له‌سه‌راپای جیهاندا داگیر كردووه‌و خه‌ڵاتی نۆبلی پێ‌ به‌خشراوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش به‌ملیۆنه‌ها بینه‌ریشی له‌جیهاندا راكێشی به‌رده‌م شوێنی پلیت بڕین كرد له‌هۆڵه‌كانی سینه‌مادا، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه‌ سیحراوییانه‌ی ژماره‌یه‌كی بێ‌ هاوتای خوێنه‌ریان هه‌بوو، به‌هه‌مان ئه‌ندازه‌ش بینه‌ریان هه‌بێت له‌ سینه‌مادا.

ره‌خنه‌گره‌ سینه‌ماییه‌كان ده‌ڵێن: ماركێس جیا له‌رۆماننوسه‌ جیهانییه‌كان، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی رووبه‌رێكی به‌رفره‌وانی بۆخه‌یاڵ هه‌بووه‌ له‌دروست كردنی رۆماندا، به‌هه‌مان شێوه‌ش شوێنێكی به‌رفره‌وانی بۆ دروست كردنی وێنه‌و رووداو جێ‌ هێشتووه‌ بۆ ده‌رهێنه‌ره‌كان، كه‌بتوانن سیناریۆی سرنج راكێشی لێ‌ دروست بكه‌ن، بۆیه‌ هه‌ر ئه‌و ئه‌ستێره‌ پڕشنگداره‌ جیهانیه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ساڵانه‌ ملیۆنه‌ها له‌بینه‌ران، له‌یینینی رۆمانه‌كانی شاد ده‌بن.

بۆیه‌ ئه‌و پێگه‌ ئه‌ده‌بیه‌ی ماركێس له‌رۆماندا هه‌یبووه‌، هه‌مان ئه‌و پێگه‌یه‌شی له‌سینه‌مادا هه‌یه‌، چه‌ند هه‌وادارو ئاشق به‌رۆمانه‌كانی هه‌بووه‌، ئه‌وه‌نده‌ش هه‌وادارو ئاشق به‌سیناریۆ سیحراوییه‌كانی هه‌یه‌، ئه‌وه‌تا ژماره‌ی ئه‌و فیلمانه‌ ژماره‌یه‌كی ئێجگار زۆرو زه‌وه‌ندن، گه‌وره‌ترین ده‌رهێنه‌ره‌ سینه‌ماكاره‌كانی جیهان كاریان له‌سه‌ر كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و كاته‌ی كه‌ ماركێز به‌رپرسی ئه‌كادیمییای سینه‌ما بووه‌ له‌ كۆبا، زۆر سیناریۆی سینه‌مایی نووسییووه‌، كه‌هیچ په‌یوه‌ندییه‌كییان به‌ رۆمانه‌كانییه‌وه‌ نه‌بووه‌، وێڕای ئه‌و سیناریۆیانه‌ی له‌مه‌كسیك ده‌یانی نووسی، بۆیه‌ ئه‌مڕۆكه‌ فیلمێكی زۆر هه‌ن ناوی ماركێزیان به‌ سه‌ره‌وه‌یه‌ چ ئه‌وانه‌ی له‌رۆمانه‌كانییه‌وه‌ وه‌رگیراون ،چ ئه‌وانه‌ی ئه‌و خۆی وه‌ك سیناریۆ به‌تایبه‌ت بۆ سینه‌ما نووسیوویه‌تی.

رۆمانی (خۆشه‌وستی له‌ زه‌مه‌نی كولێرادا) یه‌كه‌م فیلم نیه‌ له‌رۆمانه‌كانی ماركێز وه‌رگیرابن، به‌ڵكوپێش ئه‌ویش فیلمی(ئاریندیرای كێوی) هه‌بوو كه‌ساڵی 1983 له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی (رای جویرا) به‌رهه‌م هاتوه‌، له‌هه‌مان ساڵیشدا ده‌رهێنه‌ری ناسراوی ئیتاڵَی فراننسیسكۆ، رۆمانی( روداوی مردنێكی راگه‌یاندراو)ی ده‌رهێَناوه‌، كه‌هه‌ردوو ئه‌كته‌ری جیهانیی ( ئه‌فیریت و ئارنیللا ) رۆڵَی پاڵه‌وانییه‌تییان تیادا بینییووه‌، هه‌روه‌ها رۆمانی ( كۆلۆنێَل شتێكی نیه‌ بۆ نووسین) ساڵی 1999 له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری مه‌كسیكی (ئارتۆرۆ ریمبیستین) كراوه‌ته‌ فیلمێكی سینه‌مایی، له‌نواندنی ( فرناندۆ لوجان و سه‌لما حایك) بوو، دواتر فیلمێكی دیكه‌ی به‌ناوبانگی شاكاره‌كانی ماركێس كه‌ له‌ساڵی 2004 به‌رهه‌م هاتووه‌ فیلمی(له‌ ساته‌كانی په‌شێوی دا) دابوو له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری به‌رازیلی (رای جویرا) ده‌رهێندراوه‌.

ره‌خنه‌گری ئه‌مریكی جۆزیف ساندراـ ده‌ڵێ‌: چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ماركێَس ده‌ست رۆیشتوو بووه‌ له‌نووسینی رۆماندا، ئه‌وه‌نده‌ش توانستی نووسینی سیناریۆی هه‌بووه‌، له‌چه‌ندین ئه‌زموونیش دا ئه‌و راستییه‌ ئاشكرا بووه‌،كه‌ماركێس له‌رۆمانه‌كانیدا خه‌یاڵێكی سینه‌ماییشی هه‌بووه‌ له‌دروست كردنی وێنه‌ی سینه‌ماییدا، بۆیه‌ ئه‌و وێنانه‌ زه‌مینه‌یان خۆش كردووه‌ بۆ دروست كردنی وێنه‌ی سینه‌مایی.

ئه‌و لێك نزیكییه‌ له‌نێوان رۆمان و سیناریۆی وێنه‌یی وای كردووه‌ ئه‌و فیلمانه‌ی له‌ رۆمانه‌كانی ماركێز به‌رهه‌م هێندراون، ببن به‌خاوه‌نی زۆرترین داهات، وه‌ك چۆن رۆمانه‌كانی بوون به‌خاوه‌نی زۆرترین خوێنه‌ر له‌جیهاندا،ئه‌م دوو باڵیه‌ له‌ نێوان ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا وای كردووه‌ كه‌ هه‌وادارانی ماركێز ببن به‌ دوو ئه‌وه‌نده‌ی خۆیان له‌هه‌موو جیهاندا.

فیلمی (خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێرادا) ئه‌گه‌رچی رۆمانه‌كه‌ی به‌زمانی ئیسپانی نووسراوه‌، به‌ڵام فیلمه‌كه‌ پشتی به‌ده‌قه‌ ئینگلیزییه‌ وه‌رگێَڕاوه‌كه‌ به‌ستووه‌، هه‌روا رۆمانی یادی سۆزانییه‌ خه‌مباره‌كان كه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ری دانیماركی (هۆنگ كاسلن )كراوه‌ته‌ فیلم به‌هه‌مان ئاستی فیلمه‌َكانی تر سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێناوه‌، فیلمه‌كه‌ باس له‌خۆشه‌ویستی پیره‌مێردێكی رۆژنامه‌نووس ده‌كات له‌گه‌ڵ كیژۆڵه‌یه‌كی چوارده‌ ساڵی، ئه‌و فیلمه‌ له‌خولی پانزه‌هه‌مینی فیستیڤاڵَی ئیسپانیا نمایش كرا، كه‌ تێیدا ئه‌كته‌ری ناسراوی فره‌نسی (جیرالد شاپلن ) رۆڵَی پاڵه‌وانییه‌تی تێدا بینی.

ئه‌م فیلمه‌ دوای ره‌زامه‌ند بوونی خانه‌واده‌كه‌ی ماركێز له‌لایه‌ن (كارلسن و جان كلود ) سیناریۆكه‌ی بۆ نووسراو بۆ سینه‌ما ئاماده‌ كرا، سیناریۆكه‌ له‌ره‌سه‌ندا به‌زمانی دانیماركی بوو، دواتر وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی فره‌نسی و ئینگلیزی و ئیسپانی وێنه‌كانی له‌ ویلایه‌تی (كامبتشی) خوارووی مه‌كسیك گیراوه‌ .

دوای ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی فیلمی(له‌مه‌ڕ خۆشه‌ویستی و ئه‌هریمه‌نه‌كانی تر) و سرنج راكێشانی خه‌ڵكی و ره‌خنه‌گران، له‌فیستیڤاڵی نێو ده‌وڵه‌تی (كارتا خیتادی ئه‌ندیاسی) جارێكی دیكه‌ فیلمه‌كه‌ له‌ كۆلۆمبیا نمایش كرایه‌وه‌، فیلمه‌كه‌ باس له‌روداوێك ده‌كات له‌سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، كاتێ‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵی به‌ناو( سیدبا ماریا) له‌چینی نه‌جیب زاده‌كان دووچاری ڤایرۆسی نه‌خۆشی گازه‌ سه‌گ ده‌بێت و له‌و كاته‌دا مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كه‌ن كه‌ به‌پێی داب و نه‌ریته‌ كۆنه‌كان ده‌ستی جنۆكه‌ی له‌سه‌ره‌، دواتر راهیبه‌یه‌كی ئیسپانی گیانی منداڵه‌كه‌ له‌و خه‌ته‌رناكییه‌ رزگار ده‌كات.

كلارا ماریا ـ به‌رهه‌م هێننه‌ری فیلمه‌كه‌، ده‌رباره‌ی ئه‌م فیلمه‌ ده‌ڵێت: ره‌خنه‌ گره‌كان وای بۆ ده‌چن كه‌ تا ئێستا ئه‌م فیلمه‌ باشترین فیلمێك بووه‌ له‌و فیلمانه‌ی كه‌ له‌رۆمانه‌كانی گه‌وره‌ نووسه‌ری كۆلۆمبی گابریل گاریسیا ماركێز وه‌رگیرابێت، بۆیه‌ ئاواته‌خوازین فیلمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر به‌ده‌ست بێنێت ، بێگومان ئه‌وه‌ی رۆمانه‌كه‌ی خوێندبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌زانێت كه‌ فیلمه‌كه‌ هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری فیلمه‌كه‌ كه‌ دووچاری داوی خۆشه‌ویستی هاتوون ..

ئه‌م فیلمه‌ 2.2 ملیۆن دۆلاری تێ‌ چووه‌، چواره‌م به‌رهه‌می سینه‌مایی بووه‌ كه‌ له‌شاكاره‌كانی ماركێزه‌وه‌ كرابن به‌ فیلم

به‌رله‌وه‌ی ماركێز ده‌رگا به‌ ووی به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كانی سینه‌ما بكاته‌وه‌ بۆ به‌فیلم كردنی رۆمانه‌كانی، ترسێكی زۆری هه‌بوو كه‌ سینه‌ما ده‌ستی به‌سه‌ر رۆمانه‌كانیدا نه‌شكێ‌ و ئه‌و فیلمانه‌ ببن به‌مایه‌ی به‌ها شكاندنی رۆمانه‌كانی كه‌ ئه‌و زۆر به‌ پیرۆزییه‌وه‌ هه‌ڵسوو كه‌وتی له‌گه‌ڵدا ده‌كردن، بۆیه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی ئیجگار زۆر ره‌زامه‌ندی خۆی له‌م باره‌یه‌وه‌ نه‌دا، به‌ڵام دواتر دوای به‌ڵێن وه‌رگرتن له‌به‌رهه‌م هێنه‌ره‌كان كه‌ بتوانن وه‌ك پێویست به‌رجه‌سته‌ی كاره‌كانی بكه‌ن، ئینجا ئه‌و ده‌رگایه‌ی خسته‌ سه‌رپشت بۆ هه‌ندێ‌ له‌و به‌رهه‌م هێنه‌رانه‌ ،ئه‌و ره‌واجه‌ی فیلمه‌كانی ماركێز له‌جیهانیی سینه‌مادا به‌ده‌ستی هێنا، وای له‌زانكۆی ماجدالینا كۆلۆمبی كرد دكتۆرای فه‌خری له‌ بواری سینه‌مادا به‌ ماركێَز ببه‌خشێت.

ماركێز ئه‌گه‌رچی له‌ ده‌سپێكدا رێگر بووه‌ له‌ به‌ فیلم كردنی كاره‌كانی، به‌ڵام ئه‌و خۆی ئاوێته‌ بوونێكی زۆری هه‌بوو له‌گه‌ڵ سینه‌مادا، چونكه‌ ئه‌و خۆی یه‌كێكك بوو له‌دامه‌زرێنه‌رانی فیستیڤاڵی هاڤانای سینه‌مایی و دامه‌زرێنه‌ری سینه‌مای نوێ‌ له‌ئه‌مریكای لاتینی.

به‌گشتی گرنگترین سیناریۆكانی ماركێس بریتی بووون له‌:

گه‌ڵاوه‌ریوه‌كان 1955

شتێ‌ نیه‌ كۆلۆنیل بینووسێت 1961

له‌ كاژبَڕێكی پڕ له‌په‌ژاره‌ییدا – 1962

سه‌د ساڵ له‌گۆشه‌گیریدا – 1967

پایزی به‌تریك – 1975

روداوی مردنێكی راگه‌یاندراو – 1981

خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێرادا – 1985

ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی و ئه‌هریمه‌نه‌كانی تر 1994

یادی سۆزانییه‌ خه‌مباره‌كان – 2004

به‌ قسه‌ی ره‌خنه‌گگره‌ سینه‌ماییه‌ جیهانییه‌كان، فیلمی خۆشه‌ویستی له‌زه‌مه‌نی كولێرادا، دیارترین و به‌رچاوترین ئه‌و فیلمانه‌ن كه‌ له‌ رۆمانه‌كانی ماركێز وه‌رگیرابن، فیلمه‌كه‌ له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ر مایك نۆبل ده‌رهێندراوه‌، ئه‌كته‌رانی وه‌ك خافییر باردم و بننجامین برات جیۆڤانا میزو گیور، رۆڵی تێدا ده‌بینن ،ساڵی 2007 به‌رهه‌م هاتووه‌،50 ملیۆن دۆلاری تێ‌ چووه‌

ستایندۆف – ی به‌رهه‌م هێنه‌ر بۆماوه‌ی سێ‌ ساڵ هه‌وڵی له‌ گه‌ڵ ماركێز داوه‌ بۆ رازی بوونی تا رۆمانه‌كه‌ بكرێته‌ فیلم، روداوه‌كانی ئه‌م فیلمه‌ له‌ سه‌ر زێ‌ ی (ماگدالینا)ی وڵاتی كۆلۆمبیا وێنه‌ی گیراوه‌، باس له‌ سه‌رده‌می دوای كولێرا ده‌كات.

بۆ یه‌كمجار بووه‌ هۆلیۆد له‌م فیلمه‌دا كار له‌سه‌ر رۆمانه‌كانی ماركێز بكات، گۆڤاری كولۆمبی رینستاسیمان ده‌ڵێت: كاتێ‌ (ستایندۆف) له‌مه‌كسیك فیلمه‌كه‌ی نمایش كرد، ماركێز خۆی ئاماده‌ی نمایشه‌كه‌ بوو،دوای كۆتایی هاتنی نمایشه‌كه‌ به‌ رووخسارێكی پڕ له‌ زه‌رده‌خه‌ نه‌ سێ‌ جار له‌ سه‌ر یه‌ك گوتی : براڤۆ .. براڤۆ .. براڤۆ

ن/ حه‌یده‌ر عبدولڕحمان

كوردستان تیڤی/ كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.