Erbil 33°C شەممە 21 ئەیلوول 13:52

زۆری بەرهەم نرخی مریشکی دابەزاندوو

بەرزی و نزمی نرخی مریشک دووبارە دەبێتەوە
کوردستان TV
100%


هەموو ساڵێک کێشەی بەرزی و نزمی نرخی مریشک دووبارە دەبێتەوە چەند مانگێک لە بەرژەوەندی خەڵکە و چەند مانگێکیش لە بەرژەوەندی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان.

شەش مانگی ئەمساڵ کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان هێندەی سێ بەشی ساڵی ڕابووردوو بەرهەمیان هەیە، ئەمەش بەدەرە لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و زیانیشی بە خودی خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان گەیاندووە.

شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان 40 هەزار تۆن مریشکیان بەرهەمهێناوە، ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای ساڵی ڕابووردوو 60 هەزار تۆن مریشکیان بەرهەم هێناوە.

نزیکەی سێ مانگ پێش ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشکی کیڵگەکانی خۆماڵی، زیاتر لە 3 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا کیلۆیەک مریشک 2 هەزار تێپەڕ ناکات.

دکتۆر جەمال ئاکرەیی، بەڕێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەکوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ساڵانە لەگەڵ ئەم کێشانە ڕاهاتووین چونکە خاوەن کێڵگەکان پابەندی ڕێنماییەکانمان نابن.

دکتۆر جەمال، ڕاشیگەیاند: ئێمە ساڵانە چاودێری کێڵگەکان و بازاڕیش دەکەین بەڵام خاوەن کێڵگەکان زیاد لە پێویستی بازاڕ جوجکە دادەنێن و گەورەی دەکەن.

دکتۆر جەمال، ئاماژەی بەوەشدا: زۆربەی خاوەن کیڵگەکان جوجکەی قاجاغ لە ئێران هاوردە دەکەن کە نرخی هەرزانترە و زیاد لە پێویست دادەنێنەوە بۆیە کێبڕکێ دروست دەبێت لەنێوانیان ئەمەش وادەکات نرخ هەرزان بێت.

لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەت واتا کابینەی هەشتەم دواین وەزیری کشتوکاڵ بەوەکالەت کە ڕێباز حەملان بوو لەگەڵ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کۆبووەوە و بەڵێنی پێدان کە هاوردەی مریشک ڕابگرێت بەڵام وەک خاوەن کێڵگەکان دەڵێن بەڵێنەکان تەنیا قسەبوون.

شێخ سۆران، خاوەن ژمارەیەک کێڵگەی پەلەوەرە لە هەولێر کە لە گەورەترین کێڵگەکانە بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: ساڵانە زۆرترین مریشکمان بەرهەم هەبوو بەڵام ئەوەندە تووشی زەرەر بووین بۆیە ساڵی ڕابردوو بەناچاری دامخست.

شێخ سۆران: دەشڵێت: زیاتر لە 20 کرێکارم هەبوو ئەوانە بێکار مانەوە بەهۆی بێ پلانی حکومەت چونکە چەند جار داوامان کرد کە کوشتارگەکان بخرێنەکار و مریشکی فرێش دەخەینە بازاڕ بەڵام گوێمان لێنەگیرا.

هاوڕێ نەجات، خاوەن کێڵگەی پەلەوەرە لە دەشتی هەولێر بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: دووساڵە لەسەر یەک زیاتر لە 20 هەزار دۆلار زەرەرم کردووە.

هاوڕێ نەجات، باس لە مریشکی هاوردە دەکات و دەڵێت: وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیارەکانی تەنیا بۆ چەند کەسێکە بۆ گشتی نییە لەبەر چاوی من مریشکی بەستووی قەدەغەکراو هاوردە دەکرێت و وەزارەتیش دەزانێت بەڵام ڕێگری ناکات.

حەیدەر مەحمود، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: ئێمە ساڵانێکە هەوڵی ئەوەمان داوە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین بەڵام حکومەت گوێ ناگرێت یان تەنیا بەڵێن دەدات.

حەیدەر مەحمود، دەشڵێت: وەزیری کشتوکاڵ لە کابینەی نوێ بەڵێنی پێداوین کێشەکانمان چارەسەر بکات بەڵێنە هەفتەی داهاتوو لەگەڵی دانیشین.

حەیدەر مەحمود، لەبارەی چارەسەری کێشەی نرخی مریشک دەڵێت:" ئێمە چارەسەرمان وا داناوە نە ئێمە زەرە بکەین نە خەڵک لە کوشتارگەکان کیلۆی مریشک بە 2000 دینار بفرۆشرێت و بە 2500 دینار بگاتە دەست خەڵک بەومەرجەی مریشکی بەستوو هاوردە نەکرێت.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە هەرێمی کوردستان 1500 کێڵگەی پەلەوەر هەن کە مۆڵەتیان لە وەزارەت وەرگرتووە، 400 کێڵگەی دیکەی بێ مۆڵەتیش هەن بەڵام هەموویان کارناکەن ئەگەر هەموویان کاربکەن زیاد لە پێویستی ناوخۆ مریشک بەرهەم دەهێنن.

هەر بەپێی داتاکان هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 135 هەزار تۆن مریشکە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی 2018 بڕی 80 هەزار تۆن بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکان بووە و نزیکەی 60 هەزار تۆنیش هاوردە کراوە، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی ناوخۆ زیاتر لە 400 هەزار تۆن مریشکە کە زیاتر لە نیوەی بۆ شارەکانی عێڕاق دەڕوات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی- سیامەند کەریم

 

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.