Erbil 33°C شەممە 21 ئەیلوول 14:05

هەرێمی کوردستان زۆرترین جلوبەرگ و قوماشی هاوردەکردووە

لە 3 ساڵی رابوردوودا بەبڕی 6 ملیار دۆلار جلوبەرگ و قوماش هاوردەی هەرێم كراوه‌
کوردستان TV
100%


نەبوونی کارگەی قوماش و دروستکردنی جلوبەرگ وایکردووە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر جلوبەرگ و قوماش هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێن بەجۆرێک لە سێ ساڵی رابوردوودا بەبڕی شەش ملیار دۆلار جلوبەرگ و قوماش هاوردەی هەرێمی كوردستان كراون.

جگە لە پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ لە جلوبەرگ و قوماش هەرێمی کوردستان بووەتە ناوەندێکی گرینگی بازرگانی بۆ وڵاتی ئێران و شارەکانی خوار و ناوەڕاستی عێڕاق.

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، زیاتر لەسەدا 80%ى جلوبەرگ و قوماش لە کوردستانەوە هەناردەی شارەكانی عێراق و ئێران كراون.

بازرگانانی جلوبەرگ لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2017 بازاڕی جلوبەرگ گەرمتر بووە، بەڵام لە ساڵی 2019 لەبەر بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی سستی تێکەوتووە.

بەگوێرەى ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، لە ماوەی سێ ساڵی رابوردوودا،عێراق بەبڕی 9 ملیار و 92 ملیۆن دۆلار جلوبەرگ و قوماشى هاوردەكردووە، لەسەدا 64%ی ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش (كە دەكاتە 5 ملیار و 883 هەزار دۆلار) لەڕێگەی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بووە.

بەهرۆز فەرهاد، بازرگانێکی جلوبەرگە کە وەک خۆی دەڵێت: مانگانە بای نزیکەی 15 هەزار دۆلار جلوبەرگ لە تورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: لەبڕی پاڵپشتی حکومەت ڕۆژ دوای ڕۆژ بارمان گران دەکات، بۆیە ئەگەر رەوشەکە بەو شێوازە بەردەوامبێت، هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی لە بازاڕی جلوبەرگدا لەدەستدەدات.

بەهرۆز فەرهاد، دەشڵێت:" ئێمە جگە لە پڕکردنەوەی پێویستی ناوخۆ کوردستانمان کردووەتە مەڵبەندی بازرگانی بۆ عێڕاق، چونکە زۆربەی کڕیارەکانم لە شارەکانی عێڕاقن.

سالار کەریم، بازرگانێکی قوماشە لە چین و دوبەی قوماش هاوردەی کوردستان و شارەکانی عێڕاق دەکات بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: ئێمە لەکاتی قەیرانی دارایش لە کارەکانمان بەردەوام بووین هیچ کێشەمان نەبوو بەڵام سەرەڕای نەمانی قەیران حکومەت قەیرانمان بۆ دروستدەکات، زیادکردنی باج واتا بڕۆنەوە ماڵەوە کار مەکەن.

سالار، دەشڵێت:" من لەکاتی قەیرانەکە مانگانە قوماشم هاوردە دەکرد بەڵام ئێستا چوار مانگە یەک جار سەفەرم کردووە، چونکە باجیان زیادکردووە ئێمەش دەیخەینە سەر قوماشەکە ئێ کەواتە نرخ گران دەبێت و نافرۆشرێت.

فرۆشیارانی جلوبەرگ و قوماش هەمان قسەکانی سالاری بازرگان پشتڕاست دەکەنەوە کە بەهۆی گرانبوونی نرخ بازاڕیان کەمبووەتەوە.

هۆشمەند عومەر، فرۆشیارێکی جلوبەرگە بۆ کوردستان تیڤی دەلێت: ساڵی ڕابوردوو کە مووچەش باش نەبوو فرۆشی ڕۆژانەم دەگەیشتە سەروی 600 هەزار، بەڵام ئێستا 400 بفرۆشم سوپاسی خوای دەوێ.

هۆشمەند، دەشڵێت:" پێش ئەوەی باج زیاد بکرێت کراسێکمان بە 10 تا 15 هەزار دەفرۆشت بەڵام ئێستا کراسم نییە بە 10 هەزار بێت لە 15 کەمتر نییە.

وەزارەتی بازرگانی نایشارێتەوە کە زیادکردنی باج بەهۆی گۆڕانکاری لە پێناسی گومرگیەوەیە.

کەمال وەرتی، بەڕێوەبەری باج و خانووبەرەی میری بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای گۆڕانکاری لە پێناسی گومرگی هەموو باج و ڕسوماتەکان هاوشێوەی شارەکانی عێڕاق هاوتا کران.

کەمال وەرتی، ڕاشیگەیاند:" ئەم زیادکردنەی باج بڕیاری حکومەتی هەرێم نییە بەڵکو بڕیاری حکومەتی عێڕاقە بۆ ئەوەی لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و عێڕاق وەک یەک بێت.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بازرگانانی کوردستان لە 24 وڵاتەوە جلوبەرگ و قوماش هاوردە دەكەن. لەسەدا 84.5%ی كۆی كاڵا هاوردەكراوەكان بەر وڵاتانی چین، توركیا، ئێران، ئیمارات و هیندستان دەكەوێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.