Erbil 31°C شەممە 21 ئەیلوول 11:48

ئافرەتانی ئێرانی لە کوردستان زۆرترین ئارایشگایان دامەزراندووە

لە شاری هەولێر 950 سەرتاشخانە و 848 ئارایشگای ژنان و 35 شوێنی مەساجکردن هەیە
کوردستان TV
100%


تا دێت رێژەی سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان زۆر دەبێت و لە ئێستاشدا لە شاری هەولێر 950 سەرتاشخانە و 848 ئارایشگای ژنان و 35 شوێنی مەساجکردن هەیە، زۆرترین ڕێژەی ئەو کەسانەی لە بواری ئارایشگای خانمان و سەنتەرەکانی جوانکاری کاردەکەن خانمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن.

هێرۆ خالید و میرزا سادقی هاوسەری، کە خەڵکی بۆکانن، ماوەی چوار ساڵە لە هەولێر ئارایشگایان داناوە، کوردستان تیڤی دەڵێن:" کاتێک هاتین بۆ کوردستان هێشتا بارودۆخی ئابووری ئێران بەوشێوەی ئێستا خراپ نەبوو، ئینجا ئێمە نەمانتوانی بژین و هاتین بۆ باشووری کوردستان.

ئەو دوو هاوسەرە دەشڵێن:" لە بۆکان ئارایشگامان هەبوو بەڵام لەم چەند ساڵەی ڕابردوو بێکاری و خراپی بارودۆخی دارایی ئێران وایکرد کە نەک قازانج نەکەین بەڵکو زەرەرمان بوو چونکە پارەی کرێ و ئەو کەلوپەلەمان ئیش نەدەکرد کە دەمانکڕی.

هێر ۆ و میرزا، دەشڵێن:" دووساڵە لە هەولێرین زیاتر لە 300 خانم مشتەری بەردەوامی ئێمەن چونکە لە کارەکانی ئێمە ڕازین، لێرە جگە لە ڕازاندنەوە کاری تاتۆش دەکەین بە نوێترین ئامێر و نوێترین دیزاین.

لەبارەی نرخەکان ئەو دوو هاوسەرە دەڵێن:" نرخی کارەکانی ئێمە بەراورد بە سەنتەرەکانی دیکە کە سەنتەر هەیە بەردەوام ڕێکلامیش دەکات زۆر کەمترە چونکە خۆمان دەمانەوێ کەم خۆری دایم خۆر بین.

ئاسیا ڕەحیمی، لە یەکێک لە شارەکانی ئێران ئارایشگای هەیە بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: ئێمە لێرە کارەکانمان کە زۆر بە پڕۆفیشناڵی دەکەین بەڵام پارەکەی ناکاتە چارەگێکی پارەی ئەو ئارایشگانەی وڵاتانی دیکە، بۆ نموونە کاری مەساجی دەمووچاو بە 30 هەزار تمەن دەکەین کە دەکاتە 2 هەزار و 750 دینار کەچی لە کوردستان بە 30 هەزار دینارە، برۆ هەڵگرتن بە 5000 تمەنە کە ناکاتە 1000 دیناری عێڕاقی بەڵام لە کوردستان بە 5 تا 10 هەزار دینارە.

ئاسیا ڕەحیمی، دەشڵێت:" چەند هاوڕێیەکم لە کوردستان کاردەکەن بۆیە منیش بەنیازم لەوێ کاربکەم، چونکە نرخەکان بەشێوازێکن کە دەتوانم بە قازانجەکەی دوو خانەوادە لە ئێران پێ بژێنم.

لێژنەکانی تەندروستی بەردەوام پشکنین بۆ ئەو شوێنانە ئەنجام دەدەن. لەماوەی چەند مانگی رابوردووشدا بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی چەند شوێنێک داخراون، ئاشکرایشی دەکەن کە کرێکاری بیانی هەبووە دوای پشکنینی تەندروستی دەرچووە کە هەڵگری ڤایرۆسی ترسناک بووە و بەم هۆیەوەش لە رێگای نشینگەی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی وڵاتەکەیان کردووەتەوە.

سامی نەجمەدین، بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە شێوازی پێدانی مۆڵەت بە سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: رێنمایمان بۆ هەموو شوێنەکانی وەک سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان، بەپێی رێنمایی تەندروستی ژمارە 89ی ساڵی 1981دەبێت کە خۆی دەبینێتەوە لە هەردوو ماددەی 33 و 34 تایبەت بە پێدانی مۆڵەت بەم شوێنانە، ئەوانیش بریتیین لە پشکنین بۆ شوێنەکە کە نابێت لە 16مەتر چوارگۆشە کەمتر بێت، لە رووی پاک و خاوێنی ژینگە و کەلوپەلەکان پشکنینيان بۆ دەکرێت، کرێکارەکان بە هەمانشێوە پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت وەکو جۆرەکانی ئایدز، سفلس و ڤایرۆسی جگەر، ئەگەر ئەنجامەکان بێ کێشە بوون، ئەوا مۆڵەتییان پێ دەدرێت.

سامی نەجمەدین، ڕاشیگەیاند: "بابەتی تاتۆکردنی برۆ و لێو، رێنمایی تایبەتی هەیە کە لە سەرتاشخانەکانی پیاوان ناکرێت و ئەگەریش لە ئارایشگاکان بکرێت ئەوا دەبێت ئەو کەسە بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتڕاست کرابێتەوە و ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت کار بکات، بە هەمانشێوە بابەتی فیلەر و بۆتاکس دەبێت لە سەنتەرەکانی جوانکاری بکرێت و مۆڵەتیش لە وەزارەتی تەندروستی وەربگرن.

ئاماژەی بەوەشدا:" ئەوانەی لە ئێران دین بۆ کارکردن بەهەمان شێوەی کەسانی خۆمان پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەمساڵ ڕێژەیەکی زۆر لە ئافرەتانی ئێرانی بۆ کاری ئارایشگا هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان تیڤی کە لە سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، سیروان محەمەد وەریگرتووە، رێژەی دانیشتووانی سەنتەری شاری هەولێر، بریتییە لە ملیۆنێک و هەزار و 163 کەس و هاوکات ئاماری گشتی سەرتاشخانەی پیاوان و ئارایشگاکانی ژنانیش بۆ ئەمساڵ بریتییە لە هەزار و 798شوێن لە سەنتەری شاری هەولێر.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە سەنتەری شاری هەولێر 950 سەرتاشخانەی پیاوان و، 848 ئارایشگای ژنان هەیە و لە ماوەی چوار مانگی رابوردووشدا دوو ئارایشگای ژنان و دوو سەرتاشخانەی پیاوان بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، داخراون، هاوکات ساڵی رابوردووش 10 شوێن بەهۆی سەرپێچیکردنەوە داخراون و 10 شوێنی دیکەش بە بڕی جیاواز سزای ماددی دراون.

لە پاڵ سەرتاشخانە و ئارايشگاکان، چەند شوێنێکی دیکە هەیە کە تایبەتە بە مەساجکردن کە لە بەشێک لە هۆتێل و سەنتەرەکان ئەنجام دەدرێت. یاریدەدەری بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج ئاماژە بەوە دەکات کە 35 شوێنی مەساج لە سەنتەری شاری هەولێر هەیە و لەم شوێنانەش کرێکاری چەند وڵاتێکی دیاریکراو کاری تێدا دەکەن و هەر سێ مانگ جارێکێش پشکنینی تەندروستی بۆ کرێکارەکان ئەنجام دەدرێت.

جەمال ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج، بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: شوێنی مەساجەکان دوو جۆرن، یەکەمییان لە هۆتێلەکانی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە ئەنجام دەدرێن، دووەمیشیان لە سەنتەرەکان، ئەوانەش رێنمایی تایبەتییان هەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن، چونکە سەنتەرەکان پێویستە رووبەرەکەی 300 مەتر چوارگۆشە کەمتر نەبێت و مەلەوانگە و هۆڵی وەرزشی و ساونا و گەرماوی هەڵمی تێدابێت

لەبارەی ئاماری سەنتەرەکانی مەساج لە شاری هەولێر، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین ڕایگەیاند: "لە ئێستادا نزیکەی 35 شوێنی مەساجکردن هەیە کە 14 شوێنییان لە سەنتەرەکان و 20 شوێنیش لە هۆتێلەکانن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە- سیامەند کەریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.