Erbil 27°C شەممە 21 ئەیلوول 09:45

بڕیارێکی بەغدا لە کوردستان نرخی هێلکەی دوو هێندە گرانکرد

بڕیارەکەی عێڕاق ژمارەیەکی زۆری کرێکار و بازرگانی هێلکەی بێکار کردووە
کوردستان TV
100%


بەهۆی رێگەنەدان بە هاوردەکردنی هێلکە وڵاتانی تورکیا و ئێران، نرخی هێلکە لە هەرێمی کوردستان گرانبووە،بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێن، ئەو هەنگاوە نرخی هێلکە بەرزدەکاتەوە بەڵام سوودی هەبووە و بووەتە هۆی بووژانەوەی پرۆژەكانی پەلەوەری لە ناوخۆدا.

جەمال ئاکرەیی، بەرێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە کوردستان تیڤی راگەیاند: بڕیای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە لە تورکیاو ئێران بڕیاری بەغدایە و هەرێمی کوردستانیش پێیەوە پابەندە.

جەمال ئاکرەیی، گوتیشی:" بەهۆی ئەو بڕیارەوە نرخی هێلكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، پێشتر ئەگەر تەبەقەی هێلكە بە نزیكەی سێ‌ هەزار بووبێت، ئێستا بووەتە زیاتر لە پێنج هەزار دینار.

بەڕێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری، ئاماژەی بەوەشدا:" ئەو بڕیارە بووەتە هۆی بووژانەوەی كاری پڕۆژەكانی پەلەوەری بەرهەمهێنانی هێلكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

ڕاشیگەیاند:" لە 11 پڕۆژەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكە، ئێستا پێنجیان بەرهەمیان هەیە ‌و چاوەڕێدەكرێت پڕۆژەكانی دیكەش بكەونەوە كار، ئەگەر هەر 11 پڕۆژەكەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكەی خواردن بكەونەوە كار ئەوا دەتوانن زیاد لە پێویستی ناوخۆ بەرهەمبهێنن.

بڕیارەکەی حکومەتی عێڕاق جگە لەوەی نرخی هێلکەی بەرزکردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆری کرێکار و بازرگانی هێلکەی بێکار کردووە.

حاجی سەعید، بازرگانێکی هێلکەیە لە شاری هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ماوەی 20 ساڵە هێلکە لە تورکیا هاوردە دەکەین هیچ کێشەیەک نەبووە، ئەو بڕیارە سیاسیە و خەڵک نانبڕ دەکەن، من ئێستا کە زیاتر لە 12 کرێکارم هەیە هەموویان بێکار دەبن.

حاجی سەعید، دەشڵێت:"  هەفتانە نزیکەی 15 هەزار کارتۆن هێلکەمان لە تورکیاوە هاوردە دەکرد، ئێستا دەمانەوێت هێلکەی کێڵگەکانی ناوخۆ هاوردە بکەین بەڵام جگە لەوەی کە خواستی لەسەر نییە خەڵک هێلکەی سور ناخوات، هێلکەی ناوخۆش گرانبووە. بەجۆرێک نرخی تەبەقەیەک هێلکەی خۆماڵی کە پێشتر بە 3000 دینار بوو ئێستا بە 5000 دینارە.

هەرچەندە لە وەرزی هاوین بەهۆی گەرما هاوڵاتیان کەمتر هێلکە دەخۆن، بەڵام هێشتا خواست لەسەر هێلکە و کەمی بەرهەم وایکردووە نرخەکان بەرزببنەوە.

بەکر عەلی، خۆی و برایەکانی ماوەی 13 ساڵە هێلکە دەفرۆشن لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر بۆ کوردستان تیڤی دەڵێت: خەڵکی کوردستان هێلکەی خۆمان ناخۆن خواستیان زیاتر لەسەر هێلکەی تورکیە، هەرچەندە هێلکەی خۆمان فرێشە و بێ کێشەیە.

بەکر عەلی، دەشڵێت:" پێش ئەو بڕیارە ڕۆژانە زیاتر لە 10 کارتۆنمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا فرۆشمان لەسەدا 50% دابەزیووە. ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی هێلکەی تورکی و گرانبوونی نرخەکەی.

سەفین گەردی، بڕیاردەری لێژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: بەدوواداچوونمان کردووە و وەزیری کشتوکاڵ بە وەکالەتمان ئاگادار کردووەتەوە کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە زیان بە بازاڕ و خەڵکیش دەگەیەنێت.

سەفین گەردی، ڕاشیگەیاند:" پێشنیازمان کردووە لەبڕی قەدەغەکردن، باج زیاتر بکەن تاوەکو کاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆ نەبێت.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هەموویان کاربکەن کە ژمارەیان 11 پڕۆژەیە، ساڵانە یەک ملیار ‌و 311 ملیۆن هێلكە بەرهەمیان هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە پێویستی هەرێمی كوردستان بە هێلكە نزیكەی 800 ملیۆن هێلکەیە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە- سیامەند کەریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.