Erbil 20°C شەممە 21 ئەیلوول 03:09

بەهۆی نزیک بوونەوە لە جەژن بازاڕی زێڕ گەرمبووە

بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ کڕیاری زێڕ لەسەدا 40% زیادیکردووە
کوردستان TV
100%


نزیک بوونەوە لە جەژنی ڕەمەزان بازاڕی زێڕی گەرمکردووە، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ کڕیاری زێڕ لەسەدا 40% زیادیکردووە.

شوان ئەحمەد، زیاتر لە 35 ساڵە کاری کڕین و فرۆشتنی زێڕە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە چوار ساڵی ڕابردوو دوچاری زەرەر و زیانێکی زۆری کردین کڕین و فرۆشتنیش زۆر کەمیکرد، خەڵکی زیاتر زێڕی دەفرۆشت وەک لەوەی بیکڕێت. شوان ئەحمەد، ڕاشیگەیاند:" ئەمساڵ لەگەڵ باش بوونی دۆخی دارایی خەڵک و دابەشکردنی مووچە بازاڕی ئێمەش لەسەدا 40% زیادیکردووە، نایشارێتەوە کە بەبەراورد بە ساڵی 2013 لەسەدا 60% کەمترە چونکە پێش قەیرانی دارایی بازاڕی زێڕ وا نەبوو خەڵکی ڕۆژانە کامە مۆدێلی نوێی زێڕ دەهاتە بازاڕ کڕیاری بوو.


کێشە سیاسیە نێودەوڵەتییەکان کاریگەری لەسەر بازاڕی زێڕ دروستکردووە

سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕەنگرانی کوردستان کە 25 ساڵە بازرگانی زێڕە بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: کێشە سیاسیە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیش کاریگەری خراپیان لەسەر بازاڕی ئێمە دروستکرد، هاوردەکردنی زێڕ زۆر کەمیکرد. سەرۆکی کۆمەڵەی زێڕەنگران ڕاشیگەیاند:" ئەمساڵ کە بارودۆخی دارایی باشتر بووە، بەڵام کێشەی سیاسی نێوان ئەمەریکا و ئێران بازاڕی سستکردووە. بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ هاوردکردنی زێڕ لەسەدا 20% کەمیکردووە.

قارەمان جەوهەر دەشڵێت:" ساڵی ڕابردوو نرخی زێڕ جێگیر بوو بۆیە زیانێکی وامان نەبوو، بەڵام ئێستا نرخی زێڕ هەڵبەز و دابەز دەکات بۆیە بازاڕ جێکیر نییە، بەڵام پێشبینی دەکەم دوای 15 ڕەمەزان بازاڕی زێڕ زۆر باش بێت فرۆشیش زۆر زیاتر بێت.

بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری خشڵ و زێڕ، ساڵی 2013 هاوردەکردنی زێڕ بە بەراورد بە 10 ساڵی ڕابردوو زۆرترین ڕێژەی تۆمار کردووە کە بەدرێژایی ساڵی 2013 بڕی 128 تۆن زێڕ هاوردەکراوە، ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی هەردوو فڕۆکەخانەکانی کوردستان تەنیا 57 تۆن زێڕ هاوردەکراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.